جووتیاران لە فرۆشتنی بەروبوومی شووتیی ناڕازین
ئەمساڵ بەرارود بە ساڵانی رابردوو، جووتیاران گلەیی لە بەروبوومەکانیان دەکەن کە بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیووە بەروبوومەکانیان ساغ بکەنەوە و لە شێوازی فرۆشتن و مامەڵەکردنییش بە بەروبوومەکانییان نیگەرانن.

Arbil
لینکی ڤیدیۆ https://www.aa.com.tr/ks
لینکی فۆتۆەکان https://www.aa.com.tr/ks
ئەمساڵ بەرارود بە ساڵانی رابردوو، جووتیاران گلەیی لە بەروبوومەکانیان دەکەن کە بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە نەیانتوانیووە بەروبوومەکانیان ساغ بکەنەوە و لە شێوازی فرۆشتن و مامەڵەکردنییش بە بەروبوومەکانییان نیگەرانن.
جووتیارێک ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانی رابردوو، رۆژانە نزیکەی ٢٥ ئۆتۆمبێل شووتی دەفرۆشت و لەئێستاشدا بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی، رۆژانە پێنج ئۆتۆمبێل شووتی دەفرۆشێت کە دەکاتە نزیکەی شەش هەزار کیلۆگرام لە کاتێکدا زەوییەکەی ٤٠ تا ٥٠ دۆنم دەبێت.
جووتیارێکی خەڵکی شارەدێی بەحرکە سەربە پارێزگای هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە زەوییەکی بە کرێ گرتووە بۆ ئەوەی شووتی لێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام بەهۆی دۆخی تەندروستیی و داراییەوە ناتوانێت قازانج بکات و لە شێوازی مامەڵەکردنیش لە عەلوەکان نیگەرانە.
جووتیار، موحسین خدر کە خەڵکی ناحیەی بەحرکەیە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خەریکی بەرهەمهێنانی شووتیم و زەوییەکەم ٤٠ تا ٤٥ دۆنم دەبێت، زەوییەکەم بە کرێ گرتووە و بۆ هەر دۆنمێک نزیکەی ٥٠٠ هەزار دینار خەرجی تێدەچێت و ئەمساڵ بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانیی دارایی، ناتوانین وەک پێویست بەروبوومەکانمان بفرۆشین چونکە پێشتر بەشێکی زۆری بەرهەمەکان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق دەچوو، ئەمساڵیش بەهۆی رێکارە تەندروستییەکان ناتوانرێت وەک پێویست بەروبوومەکانمان بگات بە شارەکانی دیکەی عێراق".
ئەو جووتیارە ئاماژە بەوە دەکات کە توخمەکان لە دەرەوە هاوردە دەکەن و دەشڵێت کە ئەو توخمەی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت باشترینانە و لەمبارەیەوە گوتی: "توخمەکەی هەموو لە دەرەوە دەیهێنین، ئێستا ئەو توخمەی چاندوومانە لە تورکیا هارودە کراوە، دووەم ساڵە دەیچێنم جۆرەکەی باشە و بابەتی دیکەشمان هەیە، بەگشتی کێشی شووتییەکان ١٠ تا ١٢ کیلۆگرام دەردەچێت، جاری واهەبووە شووتی هەرە گەورە تا ١٥ کیلۆ بووە".
کاتژمێر چواری بەرەبەیان، ئەو جووتیارە و کرێکارەکان دەچنە کێلگەکە و تا نیوەڕۆ خەریکی رنینەوەی شووتییەکان دەبن و دواتر دەیانگوازنەوە بۆ عەلوەی هەولێر و لەوێش لە گۆڕەپانی شووتییەکان ئۆتۆمبێلەکە رادەگرن و لەکاتی فرۆشتنیشی، کڕیار و فرۆشیار، هەر لایەک بڕی ١٠ هەزار دینار دەدەن بە دەڵاڵی گۆڕەپانەکە و جووتیاران و کڕیارانیش لەم مامەڵەیە ناڕازین و لەمبارەیەوە موحسین خدر گوتی:
"رۆژانە کاتژمێر چواری بەرەبەیان تا نیوەڕۆ کار دەکەین، ئەمڕۆ تەنیا دوو پیک ئەپ شووتیمان لێکردووەتەوە و سێ پیک ئەپیش لە چاوەڕوانییدایە، واتا پێنج پیک ئەپ لە کاتێکدا ساڵانی رابردوو، رۆژانە ٢٥ پیک ئەپ شووتیمان لێ دەکردەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا دوێنێ یەک پیک ئەپ شووتیمان بە ٧٥ هەزار دینار فرۆشتووە لە کاتێکدا زیاتر لە ٥٠ هەزار دینار خەرجی بووە، چونکە کرێکار بۆ رنینەوە هەر پیک ئەپێک بڕی ١٠ هەزار وەردەگرێت و بە ٣٥ هەزاریش دەیگوازینەوە بۆ عەلوە و لەوێش بڕی ١٠ هەزار دەدەین بە دەڵاڵی گۆڕەپانی شووتیی".
موحسین خدر دەشڵێت "پار ساڵ بابەتی ئەو ١٠ هەزارەمان گەیاندە لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، بەدواداچوونیشیان کرد، بەڵام گرفتەکەمان چارەسەر نەبووە و ئێمە نیگەرانین لەم جۆرە مامەڵەیە".
ئەو جووتیارە پێی وایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی جووتیاران ناکات و گوتی: "حکوومەتی هەرێم پاڵپشتیمان ناکات، نموونەیەکی زۆر سادە بێنمەوە، ئێمە بیری ئاومان هەیە بە کارەبا کار دەکات، ئەگەر رۆژانە ١٥ کاتژمێر کارەبای نیشتمانیی هەبێت، هەر ناتوانین بیرەکە کار پێ بکەین چونکە ڤۆڵتییەی تەواو نییە و کەمە، لەگەڵ ئەوەیش دا چونکە کشتوکاڵ بڕبڕەی پشتی ئابووریی هەموو وڵاتێکە، پێویستە حکوومەت هەڵستێت بە دابینکردنی کارەبا و کەمکردنەوەی نرخی کارەبا، چونکە ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن دینار پارەی کارەبا دەدەین و سوودیشی لێ وەرناگرین، هەروەها پێویستە گاز و کیمیایمیان بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە بواری کشتوکاڵی بدەین".
ئەگەرچی ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومی خۆماڵی، هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەوە قەدەغە دەکات، بەڵام ئەو جووتیارە پێی وایە دوای خراپبوون و رزینی بەروبوومە ناوخۆییەکان، ئینجا بڕیار دەدرێت هاوردەی بەروبوومی دەرەوە قەدەغەی بکرێت و لەمبارەیەوە گوتی:
"من سێی نیسان بەرهەمەکەم چاندووە، نزیکەی چوار مانگ خەریکی بێستانەکە دەبم، ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بێت، زۆر زەرەر دەکەین، نزیکەی بیست ملیۆن دینارم خەرجییە، هەرچەندە لە وەرزی بەهاردا چاندوومە و لە خوا بەزیاد بێت نەخۆشی نەبووە بۆ بەرهەمەکانمان، ئەگەر لە حاڵەتێک نەخۆشی هەبێت ئەوا زەرەرمان زیاترە، لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومەکانمان، پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هاوردەی بەروبوومی دەرەوە قەدەغە بکات، رێگاکانی هاوردەی بەرووبوومەکان دابخرێت، چونکە زۆرجار هەیە رێگا دادەخرێت بەڵام بە رێگای قاچاخ بەروبووم هەر هاوردە دەکرێت کە بەداخەوە بازاڕ پڕ بووە لە بەروبوومی ئێرانی و پێویستە حکوومەت رێگربێت، ناکرێت کەی بەروبوومەکەی جووتیاران رزیوو بوو ئینجا حکوومەت رێگاکان دابخات و ئەو کاتیش هیچ سوودی نامینێت".
موحسین خدر دەشڵێت "ساڵی پار باشتر بوو، نرخەکان باشتر بوون، ئەمساڵ نرخەکەی زۆر خراپە، گرفتێکی دیکەمان هەیە ئەویش نەبوونی مووچەیە، ڤایرۆسی کۆرۆناش کاریگەری هەبووە لەسەرفرۆشتنی شووتییەکان".
یەکێک لەو کەسانەی کە رۆژانە وەکو کرێبار شووتییەکان دەگوازێتەوە بۆ عەلوە، کە هاوکات قوتابییەکی زانکۆیە و بەگوتەی خۆی بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی کرێباریی دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرجار هەیە جووتیارەکان قەرزار دەبنەوە بەهۆی ئەوەی بەروبوومەکانیان هەرزانە و تێچوویشی زۆرە.
خاوەنی پیک ئەپ، ئەیوب خدر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من کرێباریی دەکەم، رۆژانە یەک جار دەتوانم کرێ بکەم، پێرێ کاتژمێر نۆی بەیانی چووم تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە لە گۆڕەپان بووم و پاشان بارە شووتییەکەم بە ٥٠ هەزار فرۆشت و جووتیارەکە قەرزار بووەوە چونکە، بڕی ١٠ هەزار دینار دەدات بە کرێکار لە کاتی لێ کردنەوەی شووتییەکە، بڕی ٣٥ هەزار دەدات بە کرێی گواستنەوە و بڕی ١٠ هەزاری دەڵاڵی، بۆیە جووتیارەکە قەرزار بووەوە".
ئەیوب خدر گوتیشی: "ئەمساڵ بازاڕ نییە، بەشێکی زۆری پەیوەندی بە کۆرۆناوە هەیە و عەرەبی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆر کەم دێن، ئێمەیش جگە لەوەی بڕی ٣٥ هەزار دینار بۆ گواستنەوە وەردەگرین، ١٠ تا ١٥ هەزار دینار خەرجی بەنزینە و جگە لەوەیش نانخواردنی نیوەڕۆش هەر لێرەین".
هاوکات یەکێک لەو کەسانەی کە وەکو کڕیار هاتبووە کێلگەکە بۆ شووتی کڕین ئاماژە بەوە دەکات کە لەبەر ئەوە ناچنە گۆڕەپانی شووتیی چونکە لەوێ بڕی ١٠ هەزار دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک وەردەگرن، هاوکات کرێی گواستنەوەیش نادات چونکە بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی هاتووەتە.
کڕیار، سالم سالح عەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هاتوومە شووتی بکڕم و دەیبەم بۆ دوکان، ئێمە هەر لێرە دەیكڕین باشترە و بۆیەش ناچینە گۆڕەپانی شووتیی چونکە لەوێ بڕی ١٠ هەزار لە کڕیار و بڕی ١٠ هەزاریش لە فرۆشیار وەردەگیرێت، هەروەها کرێی گواستنەوەی بارەکە نادەم و لێرە هەرزانتر رادەوستێت".
سالم ساڵح گوتیشی: "جاری وا هەیە، چوار تا پێنج رۆژ یەک پیک ئەپ شووتی دەکڕم بە نرخی رۆژ، قازانجەکە کەمە چونکە بازاڕ نییە، پارە نییە و مووچە نییە و کار نییە، کاتەکانی دیکە کیلۆی شووتی ٦٥٠ دینارە، بەڵام کە شووتی خۆمان پێڕا دەگات ئەوا کەس نایکڕێت، هەر بۆیەش داخوازی ئێمە ئەوەیە کە مووچە بدرێت بە خەڵک و ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕێنین".