ئابووری, عێراق

برنجی خۆماڵی.. لە چاندنەوە بۆسەر خوانه‌كان

دوای مەزەرەکردن، چاندنی چەڵتوک، گەشەکردن و پێگەیشتن، ئینجا وەرزی دروێنە دەست پێدەکات. لەئێستاشدا، قەدەکان توانای هەڵگرتنی گوڵەکانیان نەماوە کە بە دەڕاسە دەست دەکرێت بە دروێنەکردنی برنج و دوای چەند قوناغێک رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت.

Heman Hussein Yaseen  | 19.10.2020 - نوێکردنەوە : 02.11.2020
برنجی خۆماڵی.. لە چاندنەوە بۆسەر خوانه‌كان

Arbil

دھۆک – AA

دوای مەزەرەکردن، چاندنی چەڵتوک، گەشەکردن و پێگەیشتن، ئینجا وەرزی دروێنە دەست پێدەکات. لەئێستاشدا، قەدەکان توانای هەڵگرتنی گوڵەکانیان نەماوە کە بە دەڕاسە دەست دەکرێت بە دروێنەکردنی برنج و دوای چەند قوناغێک رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت.

وەرزی چاندنی برنج لە قەزای بەردەڕەش سەربە پارێزگای دهۆک لە مانگی ئایارەوە دەست پێدەکات و سێ جۆر برنج لەو ناوچەیە دەچێندرێت، ئێستاش کۆتا قۆناغی پێگەیشتنی برنجەکەیە و دەستکراوە بە دروێنەکردن، جووتیارێکیش ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، برنجی پار ساڵیان ماوەتەوە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ ئاسانکارییەکیان نەکردووە بۆ هەناردەکردنی برنجی کوردی.

برنجی خۆماڵی.. لە چاندنەوە بۆسەر خوانه‌كان

- دوای مەزەرەکردن، چاندنی چەڵتوک، گەشەکردن و پێگەیشتن، ئینجا وەرزی دروێنە دەست پێدەکات. لەئێستاشدا، قەدەکان توانای هەڵگرتنی گوڵەکانیان نەماوە کە بە دەڕاسە دەست دەکرێت بە دروێنەکردنی برنج و دوای چەند قوناغێک رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت.- جووتیار، خالید ئەسعەد کەتۆ: "خواستێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان لەسەر برنجی ناوچەکەمان هەیە، وەزارەتی کشتوکاڵ لە رووی برنجەوە هیچ هاوکارمان نییە، بۆ نموونە دەرمانمان پێنادات و پێداویستییەکانمان بۆ دابین ناکات".- ئاشه‌وان سه‌لیم ده‌روێش: "دوای قۆناغەکانی چاندن، دروێنەکردن و هەباشەکردن ئینجا برنجەکە دێتە ئاش و لێرە کەرتە برنج، عەلەف و برنجی پوخت لە یەکتر جیادەکەینەوە و ئینجا برنجەکە بۆ خواردن دەشێت". ( Ahsan Mohammed Ahmed Ahmed - ئاژانسی ئانادۆڵو )

لەمبارەیەوە هاووڵاتی خالید ئەسعەد کەتۆ لە گوندی دلێجان کەتۆ سەربە قەزای بەردەڕەش کە لە چەند پارچە زەوییەک نزیک بە ٤٥ دۆنم برنجی چاندووە، دەستی کردووە بە دروێنەکردنی برنج.

خالید ئەسعەد کەتۆ لە لێداونێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بە جۆرەکانی برنج دەکات، هەروەها قۆناغی چاندن و پێگەیشتنی بەروبوومی برنجی خۆماڵی دەخاتەڕوو.

کاتێک تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو گەیشتە لای خالید ئەسعەد کەتۆ لە گوندی دلێجان کەتۆ، ئەو سەرپەرشتی دروێنەی برنجەکەی دەکرد.

خالید ئەسعەد کەتۆ گوتی: "لە سەرەتای مانگی ئایار دەست بە چاندنی برنج دەکەین و زەوییەکە ئامادە دەکەین، هەتا ٢٠ی ئایار یەک جۆر برنج دەچێنین کە پێی دەڵێن عەمبەر و لە ١٥ی حوزەیران دەستدەکەین بە چاندنی جۆری شەش مانگی، جۆری سێیەمی برنجیش هەیە کە پێی دەڵێن برنجی تەحالف، ئەو لە ١٥ی ئایار دەچێنرێت تا یەکی تەمووز".

خالید ئەسعەد کەتۆ گوتیشی: "برنجی تەحالف ئاوی چلی (٤٠ رۆژ) دەخوات، ئەم برنجە ئەگەر لە ١٤ و ١٥ی تشرینی یەکەم ئاوی لەسەر بێت، ئێمە پێی دەڵێن وەک ددانی ئەسپە و کوالێتی زۆر باش دەبێت و لەکاتی دانی لە ئاش ورد نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئاوی چلی بخوات ئەوا کاتێک ربەیەک (١٩ کیلۆگرام) لە ئاش دەکەین، ١٧ کیلۆ برنجی پوختی لێ دەردەچێت چونکە ئاوی چلی خواردووە، ئەگەرنا کەمتر لەو کێشە دەردەچێت".

برنجی دروێنەکراوە بۆ چەند رۆژێک لە شوێنێک هەڵدەخرێت بۆ ئەوەی وشک بێت و دواتر لە رێگای هەباشەوە سپی دەکرێت و پاشان هەڵدەگیرێت و لەبارەی قۆناغەکانی دوای دروێنەکردن، خالید ئەسعەد کەتۆ گوتی: "دوای قۆناغی دروێنەکردن، برنجەکە هەڵدەخەین بۆ ئەوەی وشک بێت، پاشان ئامێری هەباشە دەهێنین و برنجەکەی پێ سپی دەکەین و دواتر هەڵیدەگرین، ئەگەر بمانەوێت بۆ خواردن ئامادەی بکەین، ئەوا دەیبەین لە ئاشی دەکەین و ئەو کاتە ئامادەی خواردن دەبێت".

بەکارهێنانی پەینی کیمیایی رەنگە گرفتێکی سەرەکی بێت لەبەردەم گەشەکردنی برنج چونکە بەهۆی پەیینەوە زوو گەشە دەکات و قەدەکەی لاواز دەبێت، ئەمەش وا دەکات بەهۆی با و بارانەوە قەدەکەی بکەوێت و لەمبارەیەوە خالید ئەسعەد کەتۆ گوتی: "برنجی عەمبەر زۆر پەینی کیمایی لێ نادرێت، چونکە کیمیایی لێ بدرێت، ئەوا زۆر بەرز دەبێت و لەگەڵ کزەبایەک دەکەوێت و دەشکێتەوە و لە کاتی کەوتنیشی ئەگەر تەمەنی کەم بێت ئەوا خراپ دەبێت، چونکە پێنەگەیشتووە و لەماوەیەکی کەمدا دەڕزێت، بەڵام جۆری تەحالف بەبێ کیمیا پێدەگات و ناشکەوێت".

خالید ئەسعەد کەتۆ جیاوازی زەوییەکان و بەرهەمهێنانی برنج دەخاتەڕوو و دەڵێت "زەوی بەیار جیاوازە لەگەڵ زەوییەک کە پێشتر برنجی لێ چێندرابێت، ئێستا ئەو پارچە زەوییەی نزیک ئێمە بەیارە و رەنگە یەک ربە برنج، دوو تەغار و نیو بۆ سێ تەغار برنج بکات، شەش مانگیش یەک ربە برنج، دوو تەغار دەکات و لە ناوچەکەی ئێمە ئەمساڵ برنج زۆر چێندراوە و رەنگە بڕی برنجی چێنراو زیاتر لە ٤٠٠ تۆن بێت".

لەبارەی نرخیشەوە، خالید ئەسعەد کەتۆ گوتی: "بۆ ئەمساڵ، هێشتا نرخ دانەنراوە، بەڵام پارساڵ، برنجی عەمبەر لە سێ بۆ چوار هەزار دینار بوو، جۆری شەش مانگیی لە دوو بۆ سێ هەزار و تەحالف لە هەزار و ٥٠٠ تا دوو هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ بابەتی قەیران و نەبوونی مووچە کاریگەری هەیە و هێشتا نرخەکان جێگر نەکراون".

بە گوتەی خالید ئەسعەد کەتۆ، خواستێکی زۆر لە ناوەوەی عێراق لەسەر برنجەکەیان هەیە و لەمبارەیەوە گوتی: "خواستی زۆر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر برنجەکەمان هەیە و لە دەرەوەش کەس داوای ناکات، بۆیە هەناردەکردنمان نییە، وەزارەتی کشتوکاڵ ئاسانکاری بۆ ئێمە نەکردووە تا هەناردەی بکەین، وەزارەتی کشتوکاڵ لە رووی برنجەوە هیچ هاوکارمان نییە، بۆ نموونە دەرمانمان پێنادات و پێداویستییەکان دابین ناکات، بۆیە لەبری دەرمان، ناچارین زەوییەکانمان گڕتێبەردەین بۆ ئەوەی پاک بێتەوە".

خالید ئەسعەد کەتۆ دەشڵێت "لەبەر بابەتی کۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخرانی چێشتخانەکان، برنجی پار ساڵ ماوەتەوە و ئەمساڵیش بڕێکی زۆر برنج بەرهەمهاتووە و بەو هیوایەی لە ئەگەری هەناردەکردنی برنج، حکوومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ هاوکارمان بێت".

ئامێری دەڕاسە لە یەکێک لە پارچە زەوییەکان خەریکی دروێنەکردن بوو و چەند کرێکارێکیش نایلۆنی پان و درێژیان راخستبوو و برنجیان لەسەر هەڵخستبووە و خەریکی وشککردنەوەی بوون بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەناو فەردەی بکەن و بیگوازنەوە، دوای وشککردنەوەش، ئامێری هەباشە دەهێنن بۆسەر زەوییەکەیان و لەوێ برنجەکە سپی دەکەن و دواتر دەیبەن بۆ ئاش بۆ ئەوەی برنجی پوخت، برنجی شکاو و کەپەک لەیەکتر جیابکەنەوە.

ئاشی برنج جیاوازە لە ئاشی گەنم، ئەمەیان لەسەرەوە برنج لە خەزانی ئاشەکە دەکەیت و دواتر برنجەکە دەڕژێتە سەر شوێنێک کە تەنیشتەکانی تەخەدار و ناوەڕاستیشی وەک بێژینگ وایە کە سێ جۆر برنج جیادەکاتەوە و لە کۆتاییدا برنجە پوختەکە دەردەچێت.

لە شوێنی یەکەمی رژانی برنجەکە، کەرتە برنج جیادەبێتەوە کە بۆ دۆڵمە و کفتە بەکاردێت، لە شوێنی دووەمیش جۆرێکی تێکەڵاو لە کەرت و برنجی پوخت جیادەبێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە ئاش بدرێتەوە، جۆری سێیەمیش کە کەوتووەتە کۆتایی بێژنگەکە برنجێکی پوخت دەردەچێت و ئەمیان بۆ خواردن و فرۆشتن دەبێت، هەروەها لە بەشی تەنیشتی ئاشەکەش، ئاردی برنجەکە دەردەچێت و بۆ هەر ١٩ کیلۆگرام کە دەکاتە دوو ڕبە، بڕی هەزار دینار وەردەگرێت.

سەلیم دەروێش کە ماوەی چوار ساڵە ئاشەوانە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای قۆناغەکانی چاندن، دروێنەکردن و هەباشەکردن، ئینجا برنجەکە دێتە ئاش و لێرە کەرتە برنج، عەلەف و برنجی پوخت لەیەکتر جیادەکەیەنەوە و ئینجا برنجەکە بۆ خواردن دەشێت".

سەلیم دەروێشی ئاشەوان لەبارەی گرفتەکانی کارەکەی گوتی: "تەنها کێشەی کارەبامان هەیە، چونکە ئەگەر کارەبای نیشتمانی نەبێت ئەوا ناچارین مۆلیدە ئیش پێبکەین و ئەمەش رووبەڕووی خەرجی زیاترمان دەکاتەوە و رۆژانەش نزیکەی ١٠ کاتژمێر کار دەکەین و خەڵک باراشەکانییان بۆ ئاشه‌كه‌مان دەهێنن".

بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەھۆی ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر برنج ھەیە، ساڵانە زیاتر لە ٢٤٠ ھەزار تۆن برنج لە ھیندستان، پاکستان، رووسیا و ئەمریکا بە بەھای زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار ھاوردە دەکرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın