هەولێر.. هاووڵاتییان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمامک دەبەستن
لە دواهەمین بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هەرێمی کوردستان، سەرجەم شوێنە گشتییەکان، مارکێت و مۆڵە گەورەکان، نابێت رێگە بەچوونەژوورەوەی خەڵک بدەن بۆ شوێنەکانیان بەبێ بەستنی دەمامک.

Arbil
هەولێر-AA
بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە پارێزگای هەولێر و خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەنێو خەڵکدا، هاووڵاتییان بەڕێژەیەکی بەرچاو بۆ خۆپارێزی لە بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا دەمامک بەکاردەهێنن، ئێستا لە بازاڕەکانی شاری هەولێر بەتایبەت لەو شوێنانەی کە چەقی کۆبوونەوەی خەڵکن و قەرەباڵغن، بەشێکی زۆری هاووڵاتییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانن و ماسک و پەنجەوانە بەکاردەهێنن.
لە دواهەمین بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، سەرجەم شوێنە گشتییەکان، مارکێت و مۆڵە گەورەکان، نابێت رێگە بەچوونەژوورەوەی خەڵک بدەن بۆ شوێنەکانیان بەبێ بەستنی دەمامک، ئەوەی سەرپێچی بکات شوێنەکەی بۆ ماوەی ١٠ رۆژ دادەخرێت و خاوەنەکەی بەبڕی یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
لەسەر شەقامەکانیش هەموو ئۆتۆمبیلەکان (تاکسی، تایبەت و پاسەکان) ئەگەر جگە لە شۆفێر نەفەرێکی دیکەی تێدابێت، دەبێت شۆفێر و سەرنشینەکەش ماسک ببەستن، ئەگەر سەرپێچی بکەن شۆفێرەکە بە بڕی ٥٠ هەزار دینار سزا دەدرێت.
ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رۆژانە لە هەڵکشاندایە و بەپێی ئاماری بڵاوکراوەی وەزارەتی تەندروستی تاوەکو ئێستا ١٧ هەزار و ٥٤٧ تووشبوو تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە ١٠ هەزار و ٣٠٩یان چاکبوونەتەوە و ٦٥٧ کەسیشیان گیانیان لە دەستداوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن