
As Sulaymaniyah
سلێمانی-AA
ئەمڕۆ ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاننامەیەکیان دەرکرد و تیایدا داوای کشانەوەی بزووتنەوەکەیان دەکەن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لە بەیاننامەکەدا کە کۆپیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە ئاماژە بە کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات لە کاتێکدا کە بەغدا پارەی ئەم مانگەی ناردووە سەرەڕای داهاتە ناوخۆییەکان و دەڵێت ''وا بۆ جارێکی تر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناردنی ٣٢٠ ملیار دینار لە بەغدا و سەرباری فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ بێ ناردنی یەک دینار و یەک بەرمیل نەوت بۆ بەغدا، جارێکی تر دوای دواکەوتنی زیاتر لە چل رۆژ، دەستی بردەوە بۆ بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا نە داهاتی نەوت، نە داهاتی ناوخۆی هەرێم (داهاتی دەروازە سنوورییەکان و باج و رسومات) شەفاف نین و بەپێی زانیارییەکانمان هەریەک لەم داهاتانە زۆر زیاترن لەو بڕەی راگەیەنراوە".
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەیدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەسەڵاتی هەرێم بەهۆی بەردەوام بوونی لە هەنگاوە چەوتەکانی رابردووی نەک هەر ناتوانێت ئەرکەکانی بەرامبەر هاونیشتمانیان جێبەجێ بکات، بەڵکو پێگەی سیاسیی و دەستوریی هەرێمی لە عێراق و بەرامبەر دراوسێکانی تا ئاستی وابەستەیی لاواز کردووە. دڵنیاشین بەم شێوەی ئێستای و بێ راستکردنەوەی هەڵە کوشندەکانی، هەرێم ناتوانێت رێککەوتنێکی دوور مەودا و یەکجاری لەگەڵ بەغدا بکات کە لە بەرژەوەندیی خەڵک دابێت.
لە بەیاننامەکەدا ئەو ئەندامانەی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بە بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان و دەڵێن ''ئەوەی جێگای نیگەرانیی قوڵی ئێمە و جەماوەرە دڵسۆزەکەمانە، ئەو بەشدارییە شەرمنانەیەی ئێستای گۆڕانە لەم دەسەڵاتە شکستخواردوەی هەرێم و دەستەوەستان و بێدەنگیی نوێنەرەکانێتی لەناو حکوومەتدا لە بەرامبەر ئەجێندا دژە خەڵکەکەی دەسەڵاتی هەرێم.
ئەم دۆخەی ئێستای گۆڕان جا چ لە تەقلیدی کردنەوەی کەرەستەکانی حزبایەتی و گوتارە رەسمییەکەی و چ لە شێوازی بەشداریی لە دەسەڵات، بووەتە مایەی نیگەرانی و توڕەییەکی گەورەی جەماوەری ناڕازی کە جاران پشتیوانی سەرەکی بوون لێی. هەموو ئەمانەش بوونەتە هۆی ئیحراجییەکی گەورەی ئێمە بەرامبەر بە دەنگدەرانمان".
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا دوو خاڵ خراوەتە روو بۆ بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان:
یەکەم: "بەزووترین کات گۆڕان لەم بەشدارییە بێکاریگەریەی لە دەسەڵات بکشێتەوە و رووبکاتەوە جەماوەرەکەی و لەگەڵ سەرجەم هێز و کەسایەتییە چاکسازیخوازەکانی دیکەی هەرێم، دژی بێدادی و بەردەوامیی گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاسا فشاری جددی دروست بکەنەوە".
دووەم: "بەزووترین کات لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، شەرعییەت بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی گۆڕان بگەڕێنرێتەوە و نوێ بکرێنەوە، هەروەها لەڕێی ئەنجامدانی کۆنفڕانسی نیشتمانی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، گۆڕان کێشە گشتی و تایبەتییەکان بخاتە ناو گفتوگۆی ئەندام و دڵسۆزانی و جارێکی تر بە گوڕوتینێکی نوێوە درێژە بە ئەرکە سەختەکانی لە هەرێمی کوردستان بدات".
لە کۆتاییدا ئەو پەرلەمانتارانە هۆشداری دەدەن بە بزووتنەوەکەیان کە لە ئەگەری بەگوێ نەکردنیاندا دەگەنە بنبەست لەگەڵ بەرپرسان و بزووتنەوەکەدا و دەڵێن ''بەپێچەوانەوە و گوێ نەگرتن لەو داواکاریانە کە بە دیدی ئێمە داواکاریی زۆرینەی هەرە زۆری بنکەی جەماوەریی گۆڕان و شەقامە، لەگەڵ بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان دەمانگەیەنێت بە بنبەست".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن