Kerkuk
کەرکووک – AA
بە پێی ئامارێکی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، پشکنین بۆ ٩٦٥ قوتابی و ١١٣ مامۆستا کراوە و دەرکەوتووە هەشت قوتابی و سێ مامۆستا ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.
لەم بارەیەوە فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک رایگەیاند نۆ قوتابخانەی شارەکە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تیاندا بۆ ماوەی دوو ھەفتە بە داخراوی دەمێننەوە.
بەڕێوبەری بەشی تەندروستی گشتی لەفەرمانگەی تەندروستی کەرکووک دکتۆر سەباح نامیق بەئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند "بەپێی رێکار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، نۆ قوتابخانە لەپارێزگای کەرکووک داخراون و داخرانی ئەو قوتابخانانەیش بەھۆی تووشبوونی قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانەکانەوە بووە".
سەباح نامیق باسی لەرێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی کرد کە تایبەتن بەقوتابخانەکان و گوتی: "ھەر پولێک کە قوتابییەکی تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ، ئەوە پۆلەکە بۆ ماوەی ١٤ رۆژ دادەخرێت و ئەگەریش لەقوتابیەک زیاتر تووشبوی کۆرۆنا بێت ئەوە ئەو قۆناغە دادەخرێت و لەھەر قوتابخانەیەکیش دوو قۆناغی دابخرێت ئەوە قوتابخانەکە بەتەواوی دادەخرێت".
بەپێی پشکنینەکانی دۆینێ یەکشەممە ١٧ کانوونی دووهەمی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، لەقوتابخانەکانی شارەکە، پشکنینی کۆرۆنا بۆ ٩٦٥ قوتابی لە ٥٢ قوتابخانە ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە هەشت قوتابی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابوون و هەروەها لەئەنجامی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ١١٣ مامۆستا دەرکەوتووە کە سێ مامۆستا ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان.