Sarmand Hameed
26 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی لە پارێزگای دهۆک راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تووشبووەکە پیاوێکی تەمەن ٧٥ ساڵە و دانیشتووی شاری دهۆکە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تووشبووەکە بەرکەوتەی تووشبوویەکی پێشووە کە سەردانی کردووە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، ٣٤٥ حاڵەتە، لەو ژمارەیەش ١٧٠ حاڵەت لە پارێزگای ھەولێر، ١٣٤ لە پارێزگای سلێمانی، ١٩ لە پارێزگای دھۆک و ٢٢ حاڵەتیش لە پارێزگای ھەڵەبجە تۆمارکراون.
ھەروەھا ٣٢٠ نەخۆش چاکبووەتەوە کە ١٧٥ لە پارێزگای ھەولێر، ١٢٦ لە پارێزگای سلێمانی، ١٥ لە پارێزگای دھۆک و ٢٢ لە پارێزگای ھەڵەبجە بووە، و لە ئێستادا تەنها ٢١ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکییدان کە ١٣ لە پارێزگای ھەولێر، چوار لە پارێزگای سلێمانی و چوار نەخۆشیش لە پارێزگای دهۆکە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.