کۆڤید- ١٩

هیندستان.. تۆمارکردنی زۆرترین ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدانی رۆژانە بە پەتای کۆرۆنا

- لە هیندستان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤١٢ هەزار و ٢٦٢ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و سێ هەزار و ٩٨٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

Emre Aytekin  | 06.05.2021 - نوێکردنەوە : 06.05.2021
هیندستان.. تۆمارکردنی زۆرترین ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدانی رۆژانە بە پەتای کۆرۆنا

Ankara

ئەنقەرە - AA

هیندستان کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی لەسەرە لە جیهاندا، لە سەرهەڵدانی پەتاکەوە تا ئێستا زۆرترین ژمارەی رۆژانەی لە تووشبوون و گیانلەدەستدان بەو پەتایە تۆمارکرد.

بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هیندستانەوە بڵاوکراوەتەوە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤١٢ هەزار و ٢٦٢ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و سێ هەزار و ٩٨٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

دوای ئەوەی لە ٣٠ی نیساندا، ٤٠٢ هەزار و ٣٥١ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە رۆژێکدا تۆمارکرا، جارێکی دیکە ژمارەی تووشبووان ٤٠٠ هەزاری تێپەڕاند.

گیانلەدەستدان بە پەتاکە کە رۆژانە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار دەکات، رۆژی پێشتر سێ هەزار و ٧٨٠ کەس گیانیان لەدەستدا و لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابرووشدا ئەو ژمارەیە گەیشتە سێ هەزار و ٩٨٠ کەس.

لە کاتێکدا تێکڕای ژمارەی تووشبووانی پەتاکە لە هیندستان گەیشتووەتە ٢١ ملیۆن و ٧٧ هەزار و ٤١٠ کەس، کۆی ژمارەی ئەوکەسانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٣٠ هەزار و ١٦٨ کەس.

هاوکات چارەسەرکردنی سێ ملیۆن و ٥٦٦ هەزار و ٣٩٨ تووشبووی دیکە درێژەی هەیە.

بەپێی میدیای هیندستان، لەگەڵ هەڵکشانی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتاکە، سیستمی تەندروستیی رووبەڕووی کێشەی کەمی ئۆکسجین و ڤاکسین بووەتەوە، بە شێوەیەک پێویستی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکاندا لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە دوو هێندە. ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە ناتوانن خۆیان ئۆکسجین بەرهەم بهێنن.

وەزیری تەندروستیی هیندستان، هارش ڤارزان سەبارەت بەو بابەتە باسی لەوە کرد کە هیندستان خاوەنی ئۆکسجینی پێویستە، بەڵام بەشێکی زۆری دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی وڵاتەوە و کێشە لە گواستنەوەدایە بۆ ناوچەکانی خۆرئاوا و باکوور کە حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتاکە تیایاندا چڕە.

ئاماژە بەوەیش کرا کە بەمەبەستی دابینکردنی ئۆکسجین بەشێوەیەکی بەپەلە، پردی گواستنەوە لەنێوان هیندستان و بەحرێن و کوێت دروست کراوە.

هیندستان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١،٤ ملیار کەسە لە ١٦ی کانوونی دووەمەوە کەمپینی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەڕێوەدەبات و تا ئێستا ١٦٢ ملیۆن و ٥١٣ هەزار و ٣٣٩ کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی پەتاکە راگرن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın