کۆڤید- ١٩

لە ھەولێر قەدەغەی ھاتوچۆ ھەڵگیرا و بەستنی ماسک کرایە زۆرەملێ

دوای شەش رۆژ لە قەدەغەی ھاتوچۆی تەواوەتی لە پارێزگای ھەولێر، قەدەغە ھەڵگیرا و رێکاری نوێ بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیرایە بەر، بۆ لەمەودواش ھەموو ھاووڵاتییەک دەبێت لەکاتی ھاتنەدەرەوەی لەماڵەوە ماسک ببەستێت و ھەرکەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.

Hawkar Yasin  | 04.07.2020 - نوێکردنەوە : 07.07.2020
لە ھەولێر قەدەغەی ھاتوچۆ ھەڵگیرا و بەستنی ماسک کرایە زۆرەملێ    ( Fariq Faraj Mahmood - ئاژانسی ئانادۆڵو )

Arbil

ھەولێر- ​AA

دوای شەش رۆژ لە قەدەغەی ھاتوچۆی تەواوەتی لە پارێزگای ھەولێر، قەدەغە ھەڵگیرا و رێکاری نوێ بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیرایە بەر، بۆ لەمەودواش ھەموو ھاووڵاتییەک دەبێت لەکاتی ھاتنەدەرەوەی لەماڵەوە ماسک ببەستێت و ھەرکەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.

پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بۆ خۆپارێزی تەواو لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و کۆنترۆڵکردنی پێویستمان بەوەبوو ٢٨ رۆژ قەدەغەی تەواوەتی رابگەیەنین بەڵام لەبەر باری سەختی ئابووری ھاووڵاتییان نەمانتوانی ئەو بڕیارە قورسە بدەین و تەنیا شەش رۆژ قەدەغەمان راگەیاند".

فەرسەت سۆفی داوای لە ھاووڵاتییان کرد ٢٢ رۆژی دیکە خۆیان خودپارێزی بکەن و گوتی" داواکارین ھاووڵاتییانی ھەولێر ھاوکارمان بن ٢٢ رۆژ لە ماڵەکانیان خۆیان کەرەنتین بکەن و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە، لەکاتی ھاتنە دەرەوەش دەبێت ماسک ببەستن و ھەر ھاووڵاتیی یان دوکاندار و فرۆشیارێک ماسک نەبەستێت سزا دەدرێت".

بەپێی رێکارە نوێکانی قەدەغەی ھاتوچۆ لە ھەولێر، شەوان بازار و دوکانەکان دادەخرێن و پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند "لەکاتژمێر ٨ی ئێوارەوە تاوەکو ٥ی بەیانی بەتەواوی ھەموو دوکان و بازارەکان دادەخرێن و رێگا بەکەس نادرێت شوێنەکانیان بکەنەوە، ھەرکەس سەرپێچی بکات و لەو ماوەیە دوکانەکەی کراوەبێت بۆ ماوەی ھەفتەیەک شوێنەکەی دادەخرێت".

فەرسەت سۆفی گوتیشی "رۆژانی ھەینی ھەموو شوێنە بازرگانی و دوکان و بازارەکان دادەخرێن و رێگا بە کردنەوەیان نادرێت جگە لە سەمونخانە و نانەواخانە و دەرمانخانەکان نەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد کە ھێلەکانی گواستنەوەی گشتی دەبێت پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن و تاکسی نابێت لە دوو سەرنشین زیاتر ھەڵبگرێت و دەبێت ماسکیان بەستبێت، پاسەکانیش دەبێت بە ھێندەی نیوەی کورسیەکانیان نەفەر ھەڵبگرن و ھەموو سەرنشینێکیش ماسک ببەستێت.

فەرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەشکرد کە چێشتخانە و خواردنگەکان کراوەدەبن بەڵام تەنیا بە دلیڤەری دەتوانن خواردن بفرۆشن و چایخانە و ساردەمەنییەکانیش دەبێت پەرداخی سەفەری بەکاربھێنن و نابێت کورسی و مێز دابنێن بۆ دانیشتنی خەڵکی.

پارێزگاری ھەولێر راشیگەیاند "دەسەڵاتی تەواومان داوەتە قایمقامەکان کە ئەگەر لە سنوورەکانیاندا ھەستیانکرد رێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تەشەنەی سەندووە و ژمارەی تووشبووان زۆرن دەتوانن قەدەغەی تەواوەتی ھاتوچۆ یان مەرجدار یان ھەر رێکارێکی خۆپارێزی رابگەیەنن".

هەموو ئەم بڕیارانەش لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ٤ لەسەر ٥ی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەوی ١١ لەسەر ١٢ی تەمووز بەردەوام دەبێت.

دەقی راگەیەنراوەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر

بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر و بە ئامادەبوونی عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە:-

یەکەم: بەپێی پێوەرە پزیشکییەکان و راو بۆچوونی لێژنەی زانستی پزیشکی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی ھەولێر، لەسنووری پارێزگای ھەولێر تاوەکو بتوانرێ کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکرێت، پێویستمان بەوە ھەبوو بۆ ماوەی (٢٨) رۆژ کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی ھاتوچۆ لە سنووری پارێزگاکەمان رابگەێنین، بەڵام لەپێناو بژێو و کارو کاسبی خەڵک، بڕیارماندا لە کاتژمێر (١٢)ی ئەمشەو ٤ لەسەر٥ی ٧ی٢٠٢٠، قەدەغەی ھاتوچۆی تەواوەتی لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھەڵبگرین، لەگەڵ ئەوەدا داوا لەھاووڵاتییان و دانیشتووانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەکەین، لەپێناو ئەوەی ھەموو لایەک سەلامەت بن و بتوانین کۆنتڕۆڵی ئەم ڤایرۆسە بکەین، ھەر کەسەو لەلای خۆییەوە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن و (دەمامک) ببەستن و لە ماڵەکانتان بمێننەوە و پابەندن بن بەم کەرەنتینەی کە (٦) رۆژمان لێی تێپەڕاندووە و ھێشتا (٢٢) رۆژی ترمان لەپێشدا ماوە، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانتان مەیێنە دەرەوە، بۆ ئەومەبەستەش ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، داوا لەھەموو (حزبە سیاسییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، پیاوانی ئایینی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رۆشنبیران، میدیاکاران، نووسەران، رۆژنامەنووسان، مامۆستایانی زانکۆ) و ھەموولایەک دەکەین ھەڵمەتێکی ھۆشیارکردنەوە رابگەێنرێت، تاوەکو ئەو (٢٢) رۆژەی کەماوە لە کەرەنتین، ھەموومان بەیەکەوە پابەند بین و سەلامەتی خۆمان و ماڵ و منداڵ و ئازیزانمان و تەندروستی گشتی شارەکەمان ببپارێزین و بەسەر ئەم ڤایرۆسە زاڵبین.

دووەم: بڕیارماندا لە کاتژمێر (١٢)ی ئەمشەو ٤ لەسەر٥ی ٧ی٢٠٢٠، بۆ ماوەی یەک ھەفتە تاوەکو کاتژمێر١٢ی شەوی ١١ لەسەر ١٢ی ٧ی ٢٠٢٠ رێکارەکان بەمشێوەیەی لای خوارەوە بێت:-

١- لە سنووری سەنتەری شار و سەرجەم قەزاکانی دیکەی سنووری پارێزگای ھەولێر، لە کاتژمێر (٨)ی ئێوارە تاوەکو (٥) بەیانی، سەرجەم بازاڕ و دوکان و ھەموو ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی ھاووڵاتییان کراوەن دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەکان.

٢- ھاتوچۆ لەنێوان پارێزگای ھەولێر و پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەداخراوی دەمێنێتەوە و رێگە بەھیچ کەس نادرێت بێتە ژوورەوە، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیاریکراون، بۆیە تکامان وایە کەس خۆی لە رێگا نەدات بۆ بازگەکان، چونکە رێگەیان پێنادرێت.

٣- سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، بەپێی رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان و ئەو میکانیزم و شێوازەی لەلایەن وەزارەتەکانیانەوە بۆیان دیاریکراوە، فەرمانگەکان مووچەی فەرمانبەرانیان دابەشدەکەن، ھەر لێرەشەوە داوا لە وەزارەتەکان و فەرمانگەکان دەکەین میکانزمی گونجاو دابنێن بۆ ئەوەی لەکاتی دابەشکردنی مووچە کەمترین بەریەککەوتن ھەبێت.

٤- کردنەوەی نۆرینگە و سەنتەر و کۆمەڵگە پزیشکییەکان ئارەزومەندانە دەبێت و ئەوانەشی کراوە دەبن دەبێت ئەو مەرجانەی خوارەوە یان تێدابێت:

ـ کردنەوەی نۆرینگەکان لە کاتژمێر (٣)ی دوای نیوەڕۆ بۆ (٧)ی ئێوارە دەبێت.

ـ لە ھۆڵی چاوەڕوانی لە چوار نەخۆش زیاتری لێ نەبێت و نێوانی ھەر یەکەیان دوومەتر کەمتر نەبێت.

ـ پزیشک دەستکێشی لەدەست بێ و (دەمامک) ببەستبێ.

ـ نەخۆش یەک ھاوەڵی زیاتر لەگەڵ نەبێت و ھەردووکیان (دەمامک)یان بەستبێت.

ـ رۆژانە نۆرینگە و سەنتەر و کۆمەڵگاکان (تعقیم) بکرێن.

 لەو ماوەیەدا لە(کاتژمێر ٣ بۆ ٧) لە (١٠) نەخۆش زیاتر نەبینرێت

٥- سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، پاس، مینی پاس) دەبێت پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و بۆ تەکسی لەدوو سەرنشین زیاتری نەبێت و پاسەکانیش لە نیوەی سەرنشینەکان زیاتر نەبێت، خۆیان و سەرنشینەکانییان (دەمامک) ببەستن و ھەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی ھاتوچۆوە، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە و بە بڕی(٥٠) ھەزار دینار غەرامە دەکرێت.

٦-چێشتخانەکان، بە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، تەنھا بۆیان ھەیە خواردن بە سەفەری یان بە دلیڤەری بفرۆشن.

٧- بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی فراوان لە شاری ھەولێر و مەترسیداری دۆخەکە (مزگەوت، کڵێسا، شوێنە ئایینییە پیرۆزەکان، ھۆڵی بۆنە ئایینییەکان) بەداخراوی دەمێننەوە و پرسەدانان لە ماڵ و ھۆڵ و ھەموو شوێنێک و چوونە سەرقەبران قەدەغەیە.

٨-ئەم شوێنانەش بەداخراوی دەمێننەوە (سەنتەرەکانی فێرکردنی زمان، پارکە گشتی و تایبەتییەکان، شوێنەکانی یاری منداڵان لە ناو مۆڵ و گەرەکەکان، ھۆڵەکانی سینەما، ھۆڵەکانی ئاھەنگگێران، ھۆڵەکانی بووک گواستنەوە، یانەی شەوانە، نێرگەلەکێشان، ھۆڵ و سەنتەرەکانی لەشجوانی، ھۆڵەکانی وەرزشی، مەلەوانگە، ھۆڵەکەکانی ئاھەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە (بار)، گەرماو (حەمام)، سەنتەرەکانی مەساج).

٩- ساردەمەنی، چایخانە، ریستۆرانتی باخچەکان، سەرجەم شوێنەکانی ھاوشێوەیان، تەنھا بۆیان ھەیە بە سەفەری و لە رێگەی ئەو کەلوپەلانەی بۆ یەک جار بەکاردێت کار بکەن و مێز و کورسی دانانرێت.

١٠-لە تەواوی سنووری پارێزگای ھەولێر لە رۆژانی ھەینی، ھەموو بازاڕ و دوکان و شوێنە گەشتیاری و سەرجەم شوێنە گشتییەکان بەتەواوی داخراو دەبن، جگە لە نانەواخانە و دەرمانخانەکان، ھەرکەسێک پابەند نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

١١- لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٧/٥، تەنھا دەوامی فەرمانگە پێویستییەکانی تایبەت بەکاروباری ھاووڵاتییان، جگە لە (تەندروستی، پۆلیس، ئاسایش، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان)، بەسیستەمی شەفتات و بەڕێژەی لەسەدا ٣٠ دەبێت لە رۆژانی (یەکشەممە تاوەکو چوارشەممە)، لە کاتژمێر ٩ بەیانی تاکو ١ ی دوای نیوەرۆ، سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان دەبێت (دەمامک) ببەستن، ھەر فەرمانبەرێک لە کاتی دەوام (دەمامک)ی نەبەستابێت رێکاری کارگێری بەرامبەری دەگیرێتە بەر، ھیچ ھاووڵاتییەک و موراجعێک بەبێ بەستنی (دەمامک) بۆی نییە بچێتە ناو ھیچ فەرمانگەیەک، ھەر فەرمانگەیەک قەرەبالخی تیادا دروستبێت بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار دەوام لەو فەرمانگەیە رادەگرین، ئەو فەرمانبەرانەشی جێنشینی دەرەوەی شاری ھەولێرن یان لە پارێزگایەکی دیکەن و دەوامییان لەناوی سەنتەری شاری ھەولێرە، پێویست ناکات دەوام بکەن.

١٢- لە ھەر شوێنێکی بازرگانی و بازار و دوکان و مارکێت و مۆڵ و چێشتخانەیەک رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ نەکرێن، دەستبەجێ ئەم شوێنە دادەخرێت، بۆ ماوەیەک کە لە یەک ھەفتە کەمتر نەبێت.

١٣- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە سەرجەم قایمقامەکان بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە، ھەر بڕیارێک لە سنووری قەزاکەیان بدەن و لەکاتی پێویستیش بۆیان ھەیە لە سنووری قەزاکەیان کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی رابگەیەنن.

١٤- ئەم بڕیارانە لەکاتژمێر ١٢ی شەوی ٤ لەسەر٥ی ٧ی ٢٠٢٠ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەوی ١١ لەسەر ١٢ی ٧ی٢٠٢٠.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın