کۆڤید- ١٩

"دەترسم لەوەی ڤایرۆسەکەم هەڵگرتبێت و خێزان و منداڵەکەم تووش بکەم"

یاریدەدەری پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئاسا-ی تایبەت بە کۆرۆنا، بارزان محەمەد: "کە دەچمە ماڵەوە زۆر دەترسم لەوەی ڤایرۆسەکەم هەڵگرتبێت و خێزان و منداڵەکەم تووش بکەم".

Rewa Mahmood Hasan  | 05.06.2020 - نوێکردنەوە : 08.06.2020
"دەترسم لەوەی ڤایرۆسەکەم هەڵگرتبێت و خێزان و منداڵەکەم تووش بکەم"

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی ئەو توێژەی کۆمەڵگەن کە ئێستا ئەرکێکی قورستریان لەچاو جاران کەوتووەتە سەر شان و بەردەوامن لە خزمەتکردن بە هاووڵاتییانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

لەئێستادا بەهۆی هەڵکشانی زیاتری ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییەکە، قەیرانی دارایی و چەندین کێشەی دیکەوە، بارو گوزەران و ژیانی ئەوان زیاتر ئەستەم بووە، ئەوان خۆیان کردووەتە قەڵغان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و بەهەموو شێوەیەک قوربانی بە ژیانی خۆیان دەدەن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لەو پەتایەی کە بووەتە بەڵایەکی جیهانی.

بارزان محەمەد لەدایک بووی ١٩٨٧کە بە ناونیشانی یاریدەدەری پزیشک لە نەخۆشخانەی ئاسا-ی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا کار دەکات، لەنێو جلوبەرگی تایبەت بە خۆپارێزی کارمەندانی تەندروستیدا لەبەردەم دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ لای تووشبووانی کۆرۆنا، باسی لە ژیان و گوزەرانی خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.

ئەو یاریدەدەرە پزیشکییە ئاماژە بە قورسی ژیانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی دەکات کە بەردەوام لە دۆخێکی نەفسی ناجێگیردان لەکاتی پشکنینەکاندا بەڵام هەوڵ دەدەن کە ئەمە بە رووخساریانەوە دەرنەکەوێت لەلای تووشبووەکان، تەنیا لەپێناو ئەوەی ورەیان بەرزبکەنەوە و دەروونی تووشبووان بە جێگیری بهێڵنەوە.

بارزان باس لەوە دەکات کە ئەوان لە نەخۆشخانەی ئاسا، دوو بەدوو دەچنە هۆڵی تایبەت بە تووشبووان، بە جلوبەرگی دابڕگەوە، بۆ ماوەی ٤-٦ کاتژمێر لە ژوورەوە دەمێننەوە و پشکنینی پێویست بۆ نەخۆشەکان دەکەن و دەڵێت "دوای ئەوەی کارەکانمان لە هۆڵی تووشبووان تەواو دەبێت، دێینە بەر دەرگا و خۆمان ئەستێور (تەعقیم) دەکەین، و دێینە دەرەوە، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە نەخۆشخانەکەدا دەمێنینەوە، ئەگەر نەخۆشەکان زیاد بکەن ئەوا زیاتر لەو کاتە دەمێنینەوە".

ناوبراو ئاشکرای دەکات پزیشکەکان زۆر لەو کاتەی بۆیان دانراوە لە نەخۆشخانەدا دەمێننەوە.

بارزان باس لەوە دەکات نەخۆشخانەکە ٦٥ قەڕەوێڵەییە و لەوانە ١٥یان بۆ چاودێریی چڕ تەرخان کراون کە لەسەر ئەرکی خێرخوازان دروست کراوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا زۆربەی قەڕەوێڵەکان تووشبووانیان تێدایە و زۆربەیان نیشانەی نەخۆشییەکەیان تێدایە کە پژمین، کۆکە، لووتخووران و بەرزی پلەی گەرمی لەش (تا)یە. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات بەشێکی کەم لە نەخۆشەکان نیشانەکانیان تێدا نییە بەڵام لە ژوورەوەن تاکو چاودێری بکرێن.

بارزان ئاماژە بەوە دەکات کە لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە هیچ دڵنیاییەک نییە کە بەرکەوتەی ڤایرۆسەکە نەبێت، هەربۆیە ترسی ئەوەی هەیە کە کەسوکارەکەی بەهۆیەوە تووشببن و دەڵێت، "ئێمە راستە کارێکی زۆر قورس و مرۆڤانە دەکەین و بۆ رزگارکردنی گیانی مرۆڤەکان هەوڵ دەدەین، بەڵام ژیانی خۆمان خستووەتە مەترسییەوە، بەو خاڵە زۆر دڵخۆشین کە دەبینە هۆی رزگار کردنی گیانی کەسێک، بەڵام کاتێک دێمە نەخۆشخانە وەک زیندانێک وایە، بەردەوام تۆ لە ژێر مەترسی تووشبووندایت، هەتا ئەم جلوبەرگە تایبەتانە لەبەر نەکەیت تام و چێژی هەوای ئازادی نازانیت".

ناوبراو کە خاوەنی خێزانە و منداڵێکیان هەیە، رایدەگەیەنێت، ترسی ئەوان لە گواستنەوەی ڤایرۆسکەیە بۆ خێزانەکەیان بەتایبەت منداڵەکەیان، چونکە خۆیان بەهەرشێوەیەک بێت دەتوانن بەرگەی ئەو نەخۆشییە بگرن.

بارزان باس لەوە دەکات کە لە نێو هۆڵەکانی چاودێری تووشبوواندا کەسی منداڵ، پیر و گەنج هەن و هەموویان وەک یەک چاودێری دەکرێن.




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın