Büşra Selvi Öğütcen
07 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2020
بۆینس ئایرس/ئه‌نقه‌ره - AA
له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٦٢٠ كه‌س له به‌ڕازیل، ٤٨٠ كه‌س له مه‌كسیك و ٤٦٧ كه‌س له هیندستان به‌هۆی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان له‌ده‌ستداوه.
له به‌ڕازیل كه دووه‌م وڵاته له‌سه‌ر ئاستی جیهان زۆرترین كاریگه‌ری په‌تای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی له‌سه‌ربێت له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٦٢٠ كه‌سی دیكه به‌و په‌تایه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی به‌ڕازیل، به گیانله‌ده‌ستدانی ٦٢٠ كه‌سی دیكه كۆی گشتیی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و وڵاته به‌و په‌تایه گیانیان له‌ده‌ستداوه به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ ٦٥ هه‌زار و ٤٨٧ كه‌س، هه‌روه‌ها ٢٠ هه‌زار و ٢٢٩ حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به په‌تاكه تۆماركراوه و تێكڕای ژماره‌ی تووشبووان گه‌یشتووه‌ته، یه‌ك ملیۆن و ٦٢٣ هه‌زار و ٢٨٤ كه‌س.
له ویلایه‌تی ساو پاوڵۆ كه دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی ٤٦ ملیۆن کەسه و ناوه‌ندی بازرگانیی به‌ڕازیله، زۆرترین كاریگه‌ری په‌تاكه‌ی له‌سه‌ره به‌شێوه‌یه‌ك ٣٢٣ هه‌زار و ٧٠ حاڵه‌تی تووشبوون و ١٦ هه‌زار و ١٣٤ حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به په‌تاكه‌ی تیادا تۆماركراوه.
هه‌روه‌ها له ته‌واوی به‌ڕازیل ٩٢٧ هه‌زار و ٢٩٢ كه‌س دوای تووشبوونیان به په‌تاكه چاكبوونه‌ته‌وه.
به‌ڕازیل كه ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ٢١١ ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاندووه، به ناوه‌ندی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ داده‌نرێت له ئه‌مریكای لاتیندا.
له‌ڕووی ئاماری گیانله‌ده‌ستدان به په‌تای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، به‌ڕازیل پێش به‌ریتانیا كه‌وتووه و دوای ئه‌مریكاش به دووه‌م وڵات دێت له‌ڕووی زۆرترین ژماره‌ی تووشبووان.
په‌یمانگای جوگرافیا و ئاماری به‌ڕازیل بڵاوی كرده‌وه كه چوار ملیۆن و ٢٠٠ هه‌زار كه‌س نیشانه‌كانی وه‌ك له‌ده‌ستدانی تام و بۆن، كۆكه و به‌رزی پله گه‌رمی له‌شیان هه‌بووه كه هاوشێوه‌ی نیشانه‌كانی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیه.
- له مه‌كسیك گیانله‌ده‌ستدان به په‌تای كۆرۆنا به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ ٣١ هه‌زار ١١٩ كه‌س
به‌پێی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی مه‌كسیك له میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٤٨٠ كه‌سی دیكه به‌هۆی په‌تاكه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه و كۆی گشتیی گیانله‌ده‌ستدان به‌و په‌تایه به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ ٣١ هه‌زار ١١٩ كه‌س.
هاوكات چوار هه‌زار و ٩٠٢ حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به په‌تاكه تۆماركراوه، به‌وه‌یش ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌و په‌تایه گه‌یشتووەته، ٢٦١ هه‌زار و ٧٥٠ حاڵه‌ت، هه‌روه‌ها تا ئه‌مڕۆ، ١٥٩ هه‌زار و ٦٥٧ تووشبووی په‌تاكه چاكبوونه‌ته‌وه.
له مه‌كسیك یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون به په‌تاكه له ٢٨ی شوباتی رابردوودا تۆماركرا و یه‌كه‌مین حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدانیش له ١٩ی ئایاری رابردوودا. بۆ یه‌كه‌مجاریش له ٢٧ی ئایاری رابردوودا، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌و وڵاته له رۆژێكدا به‌هۆی كۆرۆنا گیانله‌ده‌ستده‌ده‌ن ٥٠٠ كه‌سی تێپه‌ڕاند.
- له هیندستان گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گه‌یشتووه‌ته ٢٠ هه‌زار و ١٦٠ كه‌س
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێکی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هیندستان، ٤٦٧ كه‌سی دیكه به په‌تای كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌وه‌یش كۆی گشتیی گیانله‌ده‌ستدان به په‌تاكه گه‌یشتووه‌ته، ٢٠ هه‌زار و ١٦٠ كه‌س، ٢٢ هه‌زار و ٢٥٢ حاڵه‌تی نوێی تووشبوون تۆماركراوه و تێكڕای ژماره‌ی تووشبووانی په‌تاكه گه‌یشتووەته، ٧١٩ هه‌زار و ٦٦٥ كه‌س، هه‌روه‌ها تا ئێستا ٤٣٩ هه‌زار و ٩٤٨ تووشبووی په‌تاكه چاكبوونه‌ته‌وه.
به‌پێی ماڵپه‌ڕی Worldometer كه پشت به ئاماره‌كانی په‌تای كۆرۆنا ده‌به‌ستێت له جیهاندا، هیندستان له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، ریزبەندی سێیه‌می گرتووه له‌ڕووی تۆماركردنی زۆرترین حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به په‌تای كۆرۆنا.