ژيان, عێراق

یەکی ئادار ساڵرۆژی کۆچی دوایی سەرکردەی گەلی کورد مستەفا بارزانی

مستەفا بارزانی کوڕی بۆ ماوەی نزیک بە نیو سەدە سەرکردایەتی شۆڕشی دژبە حکوومەتە یەک بەدوای یەکەکانی عێراق کردووە و گرنگترین دەستکەوتەکانیشی مۆرکردنی رێککەوتننامەی ١١ ئاداری ١٩٧٠ بوو کە تیایدا مافی خودموختاری بۆ گەلی کورد لە عێراق دەستەبەرکرا.

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 01.03.2021 - نوێکردنەوە : 03.03.2021
یەکی ئادار ساڵرۆژی کۆچی دوایی سەرکردەی گەلی کورد مستەفا بارزانی

Arbil

هەولێر - AA

یەکی ئاداری هەموو ساڵێک ساڵرۆژی کۆچی دوایی مستەفا بارزانی-یە کە گەلی کورد رێز لە خەباتی چەندین دەیەی دەگرێت.

ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، یادەکە لە هیچ شار و شارۆچکەیەکی کوردستان بەڕێوە نەچوو، هاوکات بارەگای بارزانی-یش لە راگەیەندراوێکدا جەختی لە بەڕێوەنەبردنی ئەو یادە کردەوە.

مستەفا بارزانی پێنجەمین و دوایین کوڕی شێخ محەمەد عەبدولسەلام بارزانی-یە، لە رۆژی ١٤ی ئازاری ١٩٠٣دا لە گوندی بارزان لە دایک بووە و لە تەمەنی یەک ساڵیدا دەبێت کاتێک باوکی کۆچی دوایی دەکات. ئەو بۆ ماوەی نزیک بە نیو سەدە سەرکردایەتی شۆڕشێکی کردووە کە دژبە حکوومەتە یەک بەدوایەکەکانی عێراق و گرنگترین دەستکەوتەکانیشی مۆرکردنی رێککەوتننامەی ١١ ئاداری ١٩٧٠ بوو کە تیایدا مافی خودموختاری بۆ گەلی کورد لە عێراق دەستەبەرکرا.

مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩١٩ بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و ساڵی ١٩٣١ فەرماندەیی ھێزێکی گەورە دەکات کە بەرامبەر ھێزەکانی بەریتانیا دەجەنگان، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی بەتوانا و شارەزا، دەرکرد.

لە ساڵی ١٩٣٢ حکوومەتی پاشایەتی، بە پشتیوانیی بەریتانیاییەکان، ھێرش دەکەنە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانی برایەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، مەلا مستەفای بارزانی، دەستی کرد بە سەرکردایەتیکردنی ھێزەکان و رێکخستنەوەیان و دوای ساڵێک، حکوومەتی عێراق لێبوردنی گشتیی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، بۆیە لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٤٣، چالاکیی سەربازیی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە راگیرا، تا لە ساڵی ١٩٤٣ دووبارە بزووتنەوەی کورد و خەباتی پێشمەرگایەتی، بەسەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، دەستی پێکردەوە و لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ بەشداری لە دامەزراندنی "کۆماری کوردستان" لە مەهاباد کرد.

لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ لە بەغدا، بە ئامادەبوونی ٧٠ ئەندام، کونگرەی یەکەم بەسترا، مستەفا بارزانی کرا بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و لە ساڵی ١٩٤٦دا کۆماری مەھاباد تێکچوو و مستەفا بارزانی و ژمارەیەک پێشمەرگە پەنایان بردەبەر یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و نزیکەی ١٢ ساڵ لەوێ مایەوە.

مستەفا بارزانی لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨دا، دوای ١٢ ساڵ ئاوارەیی گەڕایەوە عێراق.

گەڕانەوەی مستەفا بارزانی بۆ عێراق دوای ئەو شۆڕشە بوو کە لە عێراقدا بە شۆڕشی ١٤ تەمووز ناسراوە.

بەڵام هەوڵەکانی بارزانی و چالاکانی سیاسیی کورد لە بەغدا بۆ زامنکردنی مافی نەتەوەییەکان لە عێراقدا سەری نەگرت و هەر بۆیەش مستەفا لە ئەیلوولی ١٩٦١، شۆڕشی دژبە حکوومەتی عێراق دەستپێکرد کە لە مێژوودا بە "شۆڕشی ئەیلوول" ناسراوە. بەھۆی ئەو پەشێوییەی لە سوپای عێراقدا دروستبوو، دوای کودەتاکەی ١٩٥٨، حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم نەیتوانی شۆڕش سەرکوت بکات.

عەبدولسەلام عارف لە شوباتی ١٩٦٤ ئاگربەستی راگەیاند و مستەفا بارزانی بەو ئاگربەستە رازی بوو، سەرەڕای ئەمە، حکوومەتی بەغدا ویستی جارێکی دیکە جوڵانەوەکەی بارزانی لە رێگای ھێزەوە ببەزێنێت.

لە ساڵی ١٩٦٦ ھێزەکانی سوپای عێراق لە نزیک رەواندوز لەلایەن ھێزەکانی بارزانی-یەوە تێکشکێنران.

لە ساڵی ١٩٦٨، گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتیی عێراقدا ھات و کودەتای دووەمی بەعسییەکان ئەنجام درا، مەلا مستەفای بارزانی و حکوومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرھەمی گفتوگۆکان رێککەوتنامەی ئاداری ١٩٧٠ی لێکەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو رێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و زمانی کوردیش لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمیی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، بەڵام وەک کوردەکان دەڵێن "دواتر حکوومەتی عێراق خۆی لە رێککەوتنەکە دزییەوە و پاشان لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد رێککەوتن و لە ساڵی ١٩٧٥ رێککەوتننامەی جەزائیریان واژوو کرد".

بەرنامەی ئاشتی لە ئاداری ١٩٧٠ خرایە روو کە ئۆتۆنۆمییەکی فراوانتری بۆ کوردەکان لەخۆ دەگرت. پلانەکە کە رێگای بە کوردەکان دەدا لە حکوومەتی بەغداش نوێنەر‌ و بەشداریان ھەبێت، دەبوو لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێت کە جێبەجێ نەکرا.

دوای گەڕانەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و لە کۆنگرەی چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەفتەم، هەشتەمی ئەو حزبەدا، مستەفا بارزانی بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردرایەوە و لە ساڵی ١٩٨٠دا دوای کۆچی دوایی مستەفا بارزانی، کۆنگرەی نۆیەم بەسترا و بەکۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، مەسعود مستەفا بارزانی بە سەرۆکی ئەو حزبە هەڵبژێردرا.

بارزانی لە ساڵی ١٩٧٦دا بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی بەرەو واشنتۆنی پایتەختی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت و لە یەکی ئاداری ساڵی ١٩٧٩دا، بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە نه‌خۆشخانه‌ی جۆرج تاون له واشنتۆن دی سی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد و دوای چوار رۆژ تەرمەکەی گەیشتەوە شاری شنۆی وڵاتی ئێران و هەر لەوێ نێژرا و لە شەشی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ دوای راپەڕینی ئاداری ١٩٩١ لە کوردستانی عێراق، لەگەڵ تەرمی ئیدریسی کوڕی، گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان و لە رێوڕەسمێکی جەماوەرییدا لە گوندی بارزان بەیەکجاری بەخاک سپێردرا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın