Hemin Hüseyin
14 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2018
هەولێر - AA
١٤ـی ئازار، رۆژی لەدایکبوونی یەکێک لە رێبەرانی گەلی کوردە. مستەفا بارزانی لەساڵی ١٩٠٣ لە گوندی بارزانی سەر بە قەزای مێرگەسۆری سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایکبووە.
مستەفا بارزانی پێنجەمین و دوایین کوڕی شێخ موحەممەد عەبدولسەلام، لە رێکەوتی ١٤ی ئازاری ١٩٠٣دا لە گوندی بارزان لە دایک بووە و لە تەمەنی یەک ساڵییدا دەبێت کاتێک باوکی کۆچی دوایی دەکات.
بارزانی لە ساڵی ١٩١٩ بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و، ساڵی ١٩٣١ فەرماندەیی ھێزێکی گەورە دەکات کە بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیز دەجەنگان، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی بەتوانا و شارەزا، دەرکرد.
لە ساڵی ١٩٣٢، حکوومەتی عێراقیی سەردەمی پاشایەتی، بە پشتیوانیی بریتانیاییەکان، ھێرش دەکەنە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، مەلا مستەفای بارزانی، دەستی کرد بە سەرکردایەتیکردنی ھێزەکان و رێکخستنەوەیان و دوای ساڵێک، حکوومەتی عێراق لێبووردنی گشتی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، بۆیە لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٤٣، چالاکیی سەربازیی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە راگیرا، تا لە ساڵی ١٩٤٣ دووبارە بزووتنەوەی کوردی و خەباتی پێشمەرگایەتی، بەسەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، دەستی پێکردەوە و، لە پازدەی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥ بەشداری لە دامەزراندنی کۆماری مەهاباددا کرد. لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ لە بەغدا، بە ئامادەبوونی ٧٠ ئەندام، کونگرەی یەکەم بەسترا، مستەفا بارزانی کرا بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و لە ساڵی ١٩٤٦دا کۆماری مەھاباد تێکچوو، پاشا ئەوە مستەفا بارزانی و ژمارەیەک پێشمەرگە لە ساڵی ١٩٤٧ پەنایان بردەبەر یەکێتیی سۆڤیەت و نزیکەی دوازدە ساڵ لەوێ مایەوە.
مەلا مستەفا بارزانی لە ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨دا گەڕایەوە عێراق و، لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ دا شۆڕشی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا راگەیاند و تا ١١ـی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ بەردەوام بوو.
لە تەمووزی ١٩٦١، بارزانی یەکەم شۆڕشی خۆی دژی حکوومەتی عێراقی دەستپێکرد بەمەبەستی پارێزگاری لە زامنکردنی حوکمڕانیی کوردی. بەھۆی ئەو پەشێوییەی لە سوپای عێراقدا دروستبوو، دوای کودەتاکەی ١٩٥٨، حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم نەیتوانی شۆڕشەکان سەرکوت بکات. عەبدولسەلام عارف لە شوباتی ١٩٦٤ ئاگربەستی راگەیاند و بارزانی بەو ئاگربەستە رازی بوو، سەرەڕای ئەمە، حکوومەتی بەغدا ویستی جارێکی دیکە جوڵانەوەکەی بارزانی بەھۆی ھێزەوە ببەزێنێت. ئەم ھەڵمەتە لە ساڵی ١٩٦٦ دا سەرکەوتوو نەبوو، چونکە ھێزەکانی سوپای عێراق لە نزیک رەواندوز لەلایەن ھێزەکانی بارزانییەوە تێکشکێنران. دوای ئەمە، لە حوزەیرانی ١٩٦٦، عەبدولسەلام عارف بەرنامەیەکی ئاشتی خستەڕوو کە ١٢ خاڵی لەخۆگرتبوو، ئەو بەرنامەیەش لەبەر لەکار لادانی عارف بە کودەتای بەعسییەکان جێبەجێ نەکرا.
لە ساڵی ١٩٦٨، گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتیی عێراقدا ھات و کودەتای دووەمی بەعسییەکان ئەنجام درا، مەلا مستەفای بارزانی و حکوومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرھەمی گفتوگۆکان ڕێککەوتنی ئاداری ١٩٧٠ی لێکەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو رێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و زمانی کوردیش لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمیی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، بەڵام وەک کوردەکان دەڵێن "دواتر حکوومەتی عێراق خۆی لە رێککەوتنەکە دزییەوە و پاشان لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد رێککەوتن و لە ساڵی ١٩٧٥ رێککەوتننامەی جەزائیریان واژوو کرد".
بەرنامەی ئاشتی لە ئازاری ١٩٧٠ خرایە روو کە ئۆتۆنۆمییەکی فراوانتری بۆ کوردەکان لەخۆ دەگرت. پلانەکە کە رێگای بە کوردەکان دەدا لە حکوومەتی بەغداش نوێنەر و بەشداریان ھەبێت، دەبوو لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێت و جێبەجێ نەکرا.
دوای گەڕانەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت، لە کۆنگرەی چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەفتەم، هەشتەمی ئەو حزبەدا، مستەفا بارزانی بە سەرۆکی حیزب هەڵبژێردرایەوە و لە ساڵی ١٩٧٠دا دوای کۆچی دوایی مستەفا بارزانی، کۆنگرەی نۆیەم بەسترا و بەکۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، مەسعود مستەفا بارزانی بە سەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژێردرا.
بارزانی لە ساڵی ١٩٧٦دا بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی بەرەو واشنتۆنی پایتەختی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرێکەوت و لە ١ـی ئازاری ساڵی ١٩٧٩دا، بە ھۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد و، دوای چوار رۆژ تەرمەکەی گەیشتەوە شاری شنۆی وڵاتی ئێران و هەر لەوێ نێژرا و لە ٦ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ پاش ئازادبوونی کوردستانی عێراق، لەگەڵ تەرمی ئیدریسی کوڕی، گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان و لە رێورەسمێکی جەماوەرییدا لە گوندی بارزان بەیەکجاری بەخاک سپێردرا.
مستەفا بارزانی خاوەنی ١٠ کوڕە بەناوەکانی ئیدریس، مەسعود، نیهاد، سیهاد، لوقمان، سیداد، سابیر، وەجیهـ، عوبێدوڵڵا و دلشاد و ٧ کچیشە بەناوەکانی " فەوزیە، ئیقلیما، کامیلە، خاتوون، زەکیە، لەیلا و جەھدیا.