Hawkar Yaseen
28 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2021
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٣٧ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارەیان لە هەولێر بووە بە ١٣٥ تووشبوو، ٦٨ لە سلێمانی، ٢١ لە دهۆک، ١١ کەس لە گەرمیان و دوو کەسیش لە راپەڕین.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٨٣ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە کە زۆرترین ژمارەیان لە سلێمانی بووە بە ٣٢ کەس، ٢٥ کەس لە دهۆک، ٢١ کەس لە هەولێر، چوار کەس لە گەرمیان و کەسێکیش لە هەڵەبجە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هیچ کەسێک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەست نەداوە.
تا ئێستا یەک ملیۆن و ١٨٥ هەزار و ٥٧٩ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە ١٠٨ هەزار و ٩٥٤ پشکنینی پۆزەتیڤ بووە.
هەروەها تا ئێستا، ١٠٣ هەزار و ٥١٤ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە و هەزار و ٩٢١ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و ٥١٩ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.