Salim Xemexan
12 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
ھەڵەبجە - AA
یەکێک لە رێکخەرانی گردبوونەوەکە، رەنگین سەلام یاداشتێکی خوێندنەوە کە لە سەرەتای یاداشتەکەدا ھاتبوو:" ئێمە وەک ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان لە پارێزگای ھەڵەبجە کۆبووینەتەوە بۆ داکۆکیکردن لەسەر مافی ژنان و تایبەتیتر مافی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە و کەیسی (مریەم) کە وەک منداڵێکی دۆزراوەی ھەڵەبجە ئێستا لە سەروبەندی لێسەندنەوەی ناسنامەدایە، داوا دەکەین کە بەزوترین کات کەیسێکی نوێ و بەپەلە بکرێتـەوە بۆ ئەوەی ناسنامەی راستەقینەی بدۆزرێتەوە و بگەڕێنرێـتەوە باوەشی خێزانەکەی و بە دادگا گەیاندنی ئەو کەسانەی کە کەمتەرخەمیان لەم کەیسەدا ھەبووە".
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "داوا دەکەین بۆ لەمەو دوا ئەو منداڵانەی کە دەگەڕێنەوە لە رێگەی دادگاکان و سەنتەری تایبەت و متمانە پێکراو لە دەرەوەی وڵات پشکنینیان بۆ بکرێت، تا بە خێزانەکانیان شاد ببنەوە، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانیش بەرپرسیارانە بە تەنگ ئەم کەیسانەوە بێت و ھاوکاریی منداڵە دۆزراوەکانی ھەڵەبجە بکات".
لە کۆتاییدا چالاکوانانی بواری مافەکانی ئافرەتان لە ھەڵەبجە رایدەگەیەنن کە "ئێمە وەک چالاکوانانی ژنان ھەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە چالاکی مەدەنیانە بۆ داکۆکیکردن لە مافی منداڵە ونبووەکان و بەتایبەتی تر مریەم کە ئێستا کەیسەکەی لە دادگایە و چاوەڕێی یەکلابوونەوەی دەکات".
مریەم باروتچیان ناوی ئەو کچە ونبووەی کیمیابارانی ھەڵەبجەیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ وەک منداڵی خێزانێکی خاوەن منداڵی ونبووی کیمیاباران و بە ناوی ھاوناز ناسێنرا، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەو ماڵەی مریەم کرابوویە کچیان رایانگەیاند: مریەم باروتچیان ھاونازی کچی ئەوان نییە و سکاڵای یاساییان تۆمار کرد بۆ سەندنەوەی ناسنامەی ھاوناز لە مریەم و بۆ ئەو مەبەستەش دادگای باری کەسێتی سلێمانی دوای چەند دانیشتنێک بڕیاری سەرلەنوێ پشکنینەوەی DNA بۆمریەم و گیڵاسیدا ئەو ژنەی وەک دایکی ناسێنرابوو، بۆ ئەو مەبەستەش ھەفتەی رابردوو ئەنجامی پشکنینەکە کە لە سەنتەری بەڵگەی تاوانی ھەرێم ئەنجام درابوو، دەری خست پەیوەندیی نێوان مریەم و گیلاس سفرە و ھیچ پەیوەندیەکی خێزانی لە نێوانیاندا نییە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا ناسنامە لە مریەم باروتچیان (ھاوناز) بسەنرێتەوە.
لای خۆیەوە پارێزگاری ھەڵەبجە بەوەکالەت، عەلی عوسمان کە پێشوازی لە گردبوونەوەی چالاکوانی ژنانی شارەکە کرد بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "سوپاسی ژنانی چالاکوانی مەدەنی ھەڵەبجە دەکەم کە لە سەروبەندی دادبینی دۆسیەی مریەمدا کە بە ھاوناز ناسێنرا بوو لە پێشتردا ئەم گردبوونەوەیەیان کردووە و پشتیوانی خۆیان بۆدەربڕیوە، ئێستاش کە سەرلەنوێ پشکنین بۆ مریەم دەکرێتەوە ھێشتا زووە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی بەڵام لەبەر ئەوەی ھەڵەبجە قەزیەیەکی گەورەی ئینسانی بەسەر ھاتووە، کە تاوانی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەیە و لە پاشکۆی ئەم تاوانەدا دوو کەیسی گەورەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی و منداڵە ونبووەکان ھەیە کە ھەمیشە ھەڵەبجەییەکان پێوەی دەناڵێنن، بۆیە ئێمە ھەر زوو ھەستمان بە کەموکوڕیەکانی پرۆسەی دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان کرد، بۆیە لیژنەیەکمان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی منداڵە ونبووەکان کرد و دۆسیەکەمان بردە لای جێگری سەرۆکی حکوومەت و ھەموو روونکردنەوەیەکمان پێدان، لەوە بەدوا ئەرکی دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان دوو قۆناغە کە بە یاساییکردنی دۆسیەکانیانە لە رێگەی دادگا و قۆناغی دووەمیش ناساندنەوەیانە لە رێگەی پشکنینی DNAیەوە".
گوتیشی: "دوای ھەوڵەکانی ئێمە رەزامەندیی لەسەر پرۆسەکە درا و ئێستا قۆناغی دروستکردنی پرۆفایلی سەرجەم ئەو خێزانانەی خاوەنی منداڵی ونبووی کیمیابارانن و ھەموو ئەو کەسانەش کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ونبووی کیمیابارانن لە دادگای باری کەسێتی ھەڵەبجە تەواو بووە و ئێمەیان ئاگادار کردووە تا بیگەیەنینە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئێمەش وەزیری تەندروستیمان لە باسەکە گەیاند تا سەرجەم تێچووی ئەم دۆسەیە لە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت و ئەنجوومەنی وەزیرانیش لە ئەستۆی گرتووە و چاوەڕێین لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەو پرۆفایلانە رەوانەی سەنتەرێکی نێودەوڵەتی بەریتانی بکرێن بۆ یەکلایکردنەوەی دۆسیەکان کە ٧٢ دۆسیەن".