Salim Xemexan
12 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2017
ھەڵەبجە - AA
شاھۆ قادر ناسراو بەشاھۆ ھەڵەبجەیی، ئەو ھاووڵاتیەی کە لەتۆپبارانی سەرەتای کیمیابارانی ھەڵەبجە قاچەکانی لەدەستدا، ئەمڕۆ بە ویلچەرەکەی گەشتەکەی دەستپێکرد، ئەو بۆ دەزگاکانی راگەیاندن قسەی کرد و گوتی: "ئەمڕۆ گەشتەکەم لە ھەڵەبجەوە بەرەو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەم و پەیامم پەیامێکی وەرزشی ئاشتەواییە لەپێناو ئاشتی و سازان و پێکەوەژیان و رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و بەڵێی ریفراندۆم بەرەو سەربەخۆیی کوردستان دەکەومەڕێ".
گوتیشی: "بۆگەشتەکەم بیست رۆژم داناوە و دەمەوێت لەو ماوەیەدا شار و شارۆچکەکان بگەڕێم، بۆ ئەوەش تەنھا سوود لەویلچەرەکەم وەردەگرم و تەنھا ھاوڕێیەکم بە ئۆتۆمبێل ھاوڕێیەتیم دەکات، بۆھەر شارێکیش ھەوڵ دەدەین چالاکی جۆراوجۆر و تایبەتمان ھەبێت، لە سلێمانی ھەوڵ دەدەین بچینە نووسینگەی پەرلەمان و لەکەرکووکیش بچینە ئەنجوومەنی پارێزگا و پشتگیری لە رێبوار تاڵەبانی بۆھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بکەین، لەھەولێریش بچینە پەرلەمانی کوردستان و داوای ئاشتەوایی نێوان لایەنەکان بکەین، چونکە خەڵکی تەواو ماندووە بەهۆی کێشەی نێوان لایەنەکان".
ئەو کە مناڵێکی کچی خۆی ناو ناوە ھەڵەبجە و ھەمیشە بە ئاواتی دەوڵەت بووە بۆ نەتەوەکەی ئێستا بەھەلێکی زێڕین دەزانێت تا بڕیاری سەربەخۆیی تێدا بدرێت و پێکەوە بەھەموو لایەکەوە پشتگیری دەوڵەتەکە بکەن.
هاوکات سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر کە کۆمەڵەکەیان پشتگیری پرۆژەکەی شاھۆ ھەڵەبجەیی کردووە گوتی: "پەیاممان لە پشتگیری شاھۆ بۆسێ لایەنە، لایەنێکیان بۆ ئەو وڵاتانەی کە باسی مافی مرۆڤ و ئازادیی دەکەن و ئێستا دژی ریفراندۆمی ئێمەن ئێمە دەڵێین ئەو کاتەی ئێمە کۆمەڵکوژ کراین بۆبێدەنگ بوون؟ با لەم پرسەی کە ئەمڕۆ گەلەکەمان بڕیاری لەسەر داوە ھاوکارمان بن و بەدژایەتی نەکردنمان قەرەبووی بێدەنگی سەردەمی کۆمەڵکوژکردنمان بکەنەوە".
سەبارەت بەلایەنی دووەمیش کە کۆمەڵەی قوربانیانی پەیامی خۆی ئاراستە دەکات، سەرۆکی کۆمەڵەکە گوتی: "لایەنی دووەم حکوومەتی عێراقە، حکوومەتی عێراق ئەو حکوومەتە نەبوو کە ئێمە چاوەڕێی بووین، چونکە حکوومەتی ئێستا میراتگری حکوومەتی بەعسە، چۆن ئامادەیە قەرەبووی کوێت بکاتەوە بۆ ئامادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی گەلی کورد نییە و یەک ھەنگاویان بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی ئێمە نەناوە".
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر گوتیشی: "پەیامی کۆتاییشمان بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە کە ئەگەر خەمخۆری میللەتی کوردن و بەتەنگ قوربانییەکانیەوەن، ئێمە وەکو قوربانیانی ھەڵەبجە و لە ماڵەکەی شەھید عومەری خاوەرەوە داوایان لێ دەکەین بسازێن لەگەڵ یەکتری تا ئەم ھەلەی بۆمان ھاتووەتە پێش لەدەست نەچێت، چونکە ئەگەر کۆمەڵکوژییەکانی پێشتر لە لایەن دەسەڵاتێکەوە کە خۆی بە سوننە ناساندووە کرابێت، بەبڕوای ئێمە لەوە خراپتر لە لایەن شیعەکانەوە دژ بەگەلی کورد دەکرێت، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین ھەستی مرۆڤانە و نەتەوەییتان بجوڵێت و پەیامەکەی کاکە شاھۆ کاریگەری ھەبێت لەسەریان کە پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانە لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە زێڕینەی مێژووی گەلی کورد و ببینە خاوەنی کیانێکی سیاسی و دەوڵەت".