Heman Hussein Yaseen
16 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2020
ھەولێر - AA
بازاڕی تەعجیل، بریتییە لە شەقامێکی کۆن و یەکێکە لە بازاڕە ھەرە کۆن و قەرەباڵغەکانی شاری ھەولێر و تا ئێستاش بە شێوە کلاسیکییەکەی ماوەتەوە و ئەم بازاڕە لە شەواندا بەتایبەتیش لە شەوانی رەمەزاندا زۆرترین خەڵک سەردانی دەکات و کاتەکانیان لەوێ بەسەر دەبەن، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ، تەواوی شوێنەکان داخران و ماوەی ھەفتەیەک دەبێت جارێکی دیکە بازاڕەکان کرانەوە.
ئەم بازاڕە لە ناوەڕاستی گەڕەکی تەعجیل ھەڵکەوتووە کە یەکێکە لە گەڕەکە ھەرە کۆنەکانی شاری ھەولێر و بەوە ناسراوە کە جۆرەھا خواردنی لێیە بەتایبەتی گۆشتی چەندین جۆر باڵندە و دوکانەکانیش لە مانگی رەمەزاندا تا پارشێو بەکراوەیی دەمێننەوە و بەشێک لە خەڵک لەم بازاڕەدا پارشێو دەخۆن.
خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکان کە گۆشتی چەندین باڵندە ئامادە دەکات، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەمساڵ بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خراپی دۆخی دارایی ھاووڵاتییان، رێژەی موشتەرییەکانییان بە سەدا سی کەمیکردووە.
لە چێشتخانەکاندا، چەندین مەنجەڵی گەورە دەبینرێت کە ھەریەکە و جۆرێک باڵندەی تیادا دەکوڵێت و لەسەر شۆستەی شەقامەکانیش شوێنی دانیشتنی ھاووڵاتییان کراوەتەوە و لە نێوان ھەردوو چێشتخانەشدا، چایخانەیەکی لێیە و نانەواخانەکانیش تا پارشێو کار دەکەن.
خاوەن چێشتخانە، موئەیەد موعتەسەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم شوێنەی من لێی کار دەکەم، ٣٧ ساڵە چێشتخانەیە و من ماوەی ١٣ ساڵە لێرە کار دەکەم، ئەوانەی سەردانمان دەکەن ئەو کڕیارانەن کە پێشووتر ھاتوونەتە ئێرە، جگە لە ھاووڵاتییانی ھەولێر لە دھۆک، سلێمانی، کەرکووک و شارەکانی دیکەش کڕیارمان ھەیە و سەردانمان دەکەن، بەتایبەت دێن بۆ خواردنی گۆشتی، کۆتر، کەو، پۆڕ و سوێسکە، فڕوج و ریشۆڵە".
لەبارەی جیاوازی رەمەزانی ئەمساڵ بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، موئەیەد موعتەسەم گوتی: ''ئەمساڵ بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەرنەگرتنی مووچە لەلایەن مووچەخۆران، لەسەدا سی موشتەرییەکانمان لەدەستداوە و بازاڕەکە وەک ساڵانی پێشوو گەرم و گوڕ نیيە''.
لەبارەی ئەوەی کە گۆشتی کام باڵندە خواستی زیاتری لەسەرە، موئەیەد موعتەسەم گوتی: " ئەم بازاڕە لە کۆنەوە بە کەباب و باڵندە بەناوبانگە و بە رۆژ ھەموو دوکانەکان داخراون و بەشەوانەش تا پارشێو دەمێننەوە و خەڵک لێرە پارشێو دەخوات و گۆشتی کۆتر لە ھەموویان زیاتر خواستی لەسەرە".
لەگەڵ ھەبوونی ئەم بازاڕە و بوونی چەندەھا جۆر گۆشت، بەڵام دیوێکی ھەرە گرنگی بابەتەکە، رەچاوکردنی لایەنی تەندروستییە و بۆ ئەم مەبەستەش موئەیەد موعتەسەم گوتی: "خواردنەکانمان لە رووی تەندروستییەوە گونجاوە چونکە ھەمووی بە چەوری خۆیان ئامادە دەکرێن و ھیچ رۆنێکیان تێناکەین و ئەمەش وایکردووە خواستێکی زیاتری لەسەر بێت و ئێمە رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان دەکەین بەڵام بە گشتی خەڵک کەمتر رەچاوی دەکات''.
لەم بازاڕەدا، جگە لە ھاووڵاتییانی ناوخۆیی، خەڵکی وڵاتانی دیکەش سەردانی ئەو بازاڕە دەکەن و کرێکارێکی بەنگلادیش کە لە ھەولێر کار دەکات ئاماژە بەوە دەکات کە ماوەی ساڵ و نیوێک دەبێت لە ھەولێر کار دەکات و یەکەمجارە دوای کرانەوەی بازاڕی تەعجیل سەردانی شوێنەکە دەکات.
کرێکاری ماھمود گۆرینج بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ماوەی چوار مانگ دەبێت بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کار ناکەین و لەماڵەوە دانیشتووین، بۆ یەکەمجاریش دەبێت دوای کرانەوەی بازاڕی تەعجیل، ھاتووم بۆ نانخواردن و بازاڕێکی خۆشە''.
گەڕەکی تەعجیل بە دووری نزیکەی ٢٠٠ مەتر دەکەوێتە رۆژئاوای قەڵای ھەولێر و یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکان کە کاتی خۆی زۆربەی دانیشتووانەکەی جوولەکە بوون و لە ساڵی ١٩٥٤ شەقامی شا فەیسەڵی دووەم لە نێوان گەڕەکی تەعجیل و شەقامی باتا کرایەوە و ئێستاش یەکێکە لە شەقامە سەرەکییەکانی ناو شاری ھەولێر کە کۆتری ئاشتی بە چواڕیانی شێخی چۆلی دەبەستێتەوە.