سلێمانی
ئەو پەنابەرە سوریاییانەی لە کەمپی عەربەتی خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی نیشتەجێ کراون، پێویستیان بە پسپۆڕی تەندروستی ھەیە.
کەمپی عەربەت ١٥ کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورەو نزیکەی دوو ھەزار پەنابەری تێدا نیشتەجێ کراون.
پێداویستییەکانی وەک خۆراک و پۆشاک، پێخەف و کەلوپەل لەلایەن خێرخوازانی ناوچەکە بۆیان دابین دەکرێ. ئەو پەنابەرانەی کاریان دۆزیوەتەوەو حاڵیان باشە خانووی کرێ لە شاری سلێمانی دەگرن و کەمپ جێدێڵن.
بەپێی ئامارێک ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەناو شاری سلێمانیدا نیشتەجێ بوون زیاتر لە بیست ھەزارکەسن. ئەوانەیشی کە ناتوانن خانوو بەکرێ بگرن لە شەڕێکی دەستە و یەخەدان لەگەڵ زستانە ساردو سڕەکەی ناو کەمی عەربەت.
محەمەد یوسف، یەکێکە لە پەنابەرانی کەمپی عەربەت گوتی:" گەورەترین کێشەمان نەبوونی تیمی تەندروستییە، بەتایبەتی بۆ نەخۆشییەکانی ئافرەتان و فریاگوزاریی زۆر پێویستمان بە تیمێکی جێگیرە لێرە، ئەگەر وەزارەتی تەندروستیی ھەرێم رێ بە دکتۆرە سوریاییەکان بدات لێرە دەستبەکاربن زۆر باش دەبێ. چونکە ئەوکاتە بە ئاسانی دەتوانین دەردو نەخۆشییەکانیان بۆ باس بکەین. بێگومان ھەر وەک گوتم ئەوە بۆ ئافرەتان زۆر پێویستە."
یوسف هەروەها گوتی:"بەھۆی بوونی ئازارێکی زۆر لە قاچم بەردەوام دەرمان بەکاردێنم، لە ڕاستیدا ھەر من نیم، زۆربەمان دەرمان بەکاردێنین، ناشزانین ئەو دەرمانانە سوودی چییان ھەیە بۆیە لە بەکارھێنانی زۆر دەترسین و بە ترسەوە دەیانخۆین."
پەنابەران دەڵێن گەورەترین ترسی ئەوان رەشەبایە، سلێمانی بە رەشەبای بەهێز ناسراوە. چادرەکانیان دەڕمێنێ و دەبێتە ھۆی تێکدانی شوێنی حەوانەوەیان.
لەوەتەی کەشوھەوا سارد بووە، پیاوانی کەمپەکە شەوانە بە نۆرە ئێشک دەگرن بەدیار چادرەکانەوە. بە غاز چادرەکانیان گەرم دەکەنەوە، چادرەکان بە ئاسانی گڕ دەگرن. بۆیە دەبێ ھەمیشە چاویان لێی بێ.
یەکێک لە مامۆستایانی کەمپ بەناوی ئەحمەد گوتی:" منداڵانی کەمپ لەرووی دەروونییەوە ئاسایی نین و ھەڵسوکەوتەکانیان دەبێتە مایەی بێزاریی، زۆر بەگژیەکدا دەچنەوە و شەڕ دەکەن، تا بۆمان بکرێ رێنماییان پێدەدەین و ئارامیان دەکەینەوە کەچی ناتوانین بەتەواوی ئەو دیاردەیە بتەبڕ بکەین، بێگومان کارێکی ئاسانیش نییە."