سلێمانی
ڕێوڕەسمی تایبەت بەجەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح بەلێدانی زەنگی ناو كەنیسەكە دەستی پێكردو دواتر ئەركە ئاینییەكانی تر لەلایەن بەشداربووانەوە ئەنجامدرا.
ڕێوڕەسمەكە لەكەنیسەی ماریوسف لەشاری سلێمانی و بەئامادەبونی دەیان هاوولاتی مەسیحی شارەكە و مەسیحییە بیانییەكانی نیشتەجێی شارەكە بەڕێوەچوو.
بەشداربوان دوعایان كرد ساڵی داهاتوو ساڵی خێروخۆشی و ئارامی بێت لەعێراق و هەرێمی كوردستان و هەموو جیهان.
هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش لەدەرەوەی هۆڵی كەنیسەكە ڕێوشوێنی ئاسایشی توندیان گرتبووە بەر بۆ ڕێگرتن لەهەر جۆرە ڕوداوێكی نەخوازراو.
ئەمڕۆش لەكەنیسەی ماریوسف نوێژی تایبەتی مەسیحییەكان ئەنجامدرا، دواتریش بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵ و لەدایك بونی حەزرەتی عیساوە پێشوازی لەبەشێك لە هاووڵاتیان و نوێنەری لایەنە جیاوازەكان كرا كە بەمەبەستی پیرۆزكردان سەردانی كەنیسەی ماریوسفیان كرد.
بەپێی ئامارەكانی كەنیسەكە لەشاری سلێمانی هەزار هاووڵاتی مەسیحی هەیە، كەبەشی زۆریان بەهۆی دۆخی ئاسایشی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە ئاوارەی شاری سلێمانی بون، هەروەها بەشێك لەو كرێكارە بیانیانەش كەبۆكاركردن ڕویان لەهەرێمی كوردستان كردووە بەشداری ڕێوڕەسمە ئاینییەكان دەكەن لەو كەنیسەیەدا.