شرنەخ
دانیشتوانی ئەو گوندانە بە ھۆی توندوتیژیی و نائارامی لەساڵانی پێشوو ناوچەکانیان چۆڵکردبوو، لە چوارچێوەی پرۆژەی گەڕانەوە بۆ گوند ئەوانیش چوونەوە زەیدی خۆیان، بەڵام بە ھۆی نەبوونی خانوو ١١ ساڵە لە نێو ئەشکەوتەکاندا نیشتەجێ بوون.
دانیشتووانی گوندی کورتوڵوش لە ناوچەی ئیدێل ساڵی ٢٠٠٢ گەڕانەوە گوندەکەیان، ماوەی یانزە ساڵە لە ڕەوشێکی زۆر خراپدا ژیان بەسەر دەبەن ئەویش لەنێو ئەشکەوتدا.
ئەوان بێ دەرەتانن بۆیە ناچارن لەگەڵ ئاژەڵ و رەشماڵەکانیان لە نێو ئەشکەوتدا ژیان بەسەر بەرن، لە نێو خێمەدا خۆیان دەشۆن.
محەمەد نوری، موختاری گوندی کورتوڵوشە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماڵباتی ئێمە سەر بە ھۆزی بوتکانن، ئەو ھۆزە زیاتر لە ٣٠٠ ساڵە لەم ناوچەیە جێگیر بووین، بەڵام بەھۆی شەڕو نائارامی لە ناوچەکەمان ساڵی ١٩٩٢ ئێرەمان چۆڵکرد و بەرەو ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە رۆیشتووین، دواتر لە چوارچێوەی پرۆژەی گەڕانەوە بۆ گوند ساڵی ٢٠٠٢ گەڕاینەوە بۆ زەیدی خۆمان."
محەمەد باسی نالەباری رەوشی ژیانی ئەو خەڵکانە دەکات کە گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکەیان و گوتی: "لە سەرەتای گەڕانەوەماندا بە ھۆی نەبوونی خانووەوە، دانیشتوانی زێرینجان لە نێو ئەشکەوتدا دەژیاین، پێنج ساڵ بەبێ ئاو و کارەبا و رێوبان بردمانە سەر. دواتر دەوڵەت رێوبان، ئاو و کارەبای بۆ دابین کردین."
ئەوان ھێشتا دوای ھەموو ساڵە بەڵام کێشەی خانوویان ھەیە و زۆربەی ھەرە زۆریان لە نێو ئەشکەوتدا دەژین. دەیانەوێ منداڵەکانیان بخوێنن، بۆیە خوازیارن پرۆژەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستبکرێت.
ماشەڵڵا چیچەک یەکێکە لەدانیشتووانی ناوچەکە بەمجۆرە باس لە نەھامەتییەکانی خۆیان دەکا: "ژیانمان زۆر زۆر زەحمەتە، زستانان کە باران دەبارێ ئەشکەوتەکان پڕ دەبن لە ئاو، ناتوانین سۆبە داگیرسێنین چونکە دووکەڵ ناچێتە دەرەوە، سەقفی ئەشکەوتەکان لە بەر دووکەڵ رەش ھەڵگەڕاون، بۆ چارەسەری ئەو کێشانە چەندین جار سەردانی کاربەدەستانمان کردووە کەچی ھیچ لایەنێک بە ھانامانەوە نایەت."