ژيان, عێراق

٣٦ ساڵە چاوی لەدوای گۆڕی ونی خوشکە جوانەمەرگەکەیەتی

چیرۆکی مەهابات محمد ڕەحیمی (٦٤ ساڵ)، خوشکی بەیان خان کە کچی شێخ محمدی هەرسینە، جیاواز لە چیرۆکەکانی دیکە شەهیدانی هەڵەبجە، لە غەریبی و لەو شارەی وەک مامۆستا تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردنی تەرخان کرد و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد، گۆڕی ونە.

Hemin Othman Mohammed  | 17.03.2024 - نوێکردنەوە : 16.04.2024
٣٦ ساڵە چاوی لەدوای گۆڕی ونی خوشکە جوانەمەرگەکەیەتی

As Sulaymaniyah

هەڵەبجە – AA

بەیان محەمەد ڕەحیم (٧٢ ساڵ)، دانیشتووی شاری سلێمانی، ٣٦ ساڵە لە هەموو یادێکی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیددا سەردانی شارەکە دەکات و، بۆ مەرگی خوشکە جوانەمەرگە گۆڕ ونەکەی بەشداری لە ڕێوڕەسمی یادی شەهیداندا دەکات.

بەیان هەموو ساڵێک بە وێنەی خوشکە شەهیدەکەیەوە و بە دڵی گەرمەوە یادی شەهیدانی هەڵەبجە دەکاتەوە و تەواوی شەهیدانی هەڵەبجە بە شەهیدی خۆی دەزانێت.

چیرۆکی مەهابات محمد ڕەحیمی (لە دایکبوونی ١٩٦٠)، خوشکی بەیان خان کە کچی شێخ محەمەدی هەرسینە، جیاواز لە چیرۆکەکانی دیکە شەهیدانی هەڵەبجە، لە غەریبی و لەو شارەی وەک مامۆستا تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردنی تەرخان کرد و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد، گۆڕی ونە.

مەهابات کە مامۆستای پیشەیی بووە، ناوی لە هەڵەبجە هاتووەتەوە و لەوێ بۆ ماوەی سێ مانگ خزمەتی بە شارەکە کردووە.

وەک بەیان خانی خوشکی مامۆستا مەهاباتی جوانەمەرگ باسی دەکات، یەک ڕۆژ پێش کیمیابارانی هەڵەبجە مامۆستا مەهابات گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و ئیدی چاویان پێی نەکەوتووەتەوە.

بەیان خان بە دڵی گەرم و چاوی پڕفرمێسکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و، باسی لە دوایین ساتی بینی خوشکەکەی و هاتنەوەی بۆ هەڵەبجە کرد و ڕایگەیاند: ''خوشکەکەم مامۆستا بوو، ناوی لە هەڵەبجە دەرچوو، لە شاری هەڵەبجە کەسوکاری خۆمانی لێ بوو (عومەری ڕەسام)، لە ماڵی ئەوان دەمایەوە. ماوەی سێ چوار مانگ بوو لێرە مامۆستایی پیشەیی بوو. ڕۆژێک پێش کیمیابارانەکە هاتەوە بۆ هەڵەبجە و دەیگوت بەڕێوەبەرەکەمان دەڵێت، دەبێت هەر بێیتەوە بۆ دەوام. لەبەرئەوەی خەڵکی دیکە ڕۆیشتوون و جێگەیان چۆڵە، دەبێت تۆ بێیتە جێگەیان. هەرچەندە پێمان دەگوت مەڕۆڕەوە ئەو دەیگوت نابێت هەر دەبێت بڕۆمەوە، ئەوە کاری خۆمە و دەبێت بچمەوە''.

هەروەها بەیان خان بە دڵی گەرمەوە باسی دوایین چرکەساتی ژیانی خوشکەکەی کرد و ڕایگەیاند: ''مامۆستا مەهابات لە ژێر زەمینی ماڵەکەدا بووە، لە کاتی بۆردومانەکەدا ئەو لەسەر پلیکانەکان بووە، ڕۆشنای کچی کاک عومەر هێنابوویە سەرەوە، لەو کاتەدا ئەویش کەوتبوو، هەردووکیان بەلادا هاتوون، ئێمە بەهیچ جۆرێک هیچ ئاسەوارێکیمان نەبینییەوە''.

بەیان خۆی بە خاوەنی هەموو شەهیدانی هەڵەبجە دەزانێت، نەک تەنیا خوشکە شەهیدەکەی و دەڵێت: ''من تەنیا خاوەنی ئەم شەهیدە نیم، خاوەنی هەموو شەهیدانی هەڵەبجەم، دەبێت هەموو ساڵێک بێم بۆ یادەکەی، چونکە نازانم لە کام گۆڕەدایە، لە چ کۆمەڵەیەکدایە، بەڵام کە دێم دڵم پێی خۆش دەبێت و بانگی دەکەم، دەڵێم ئەوە هاتووم بۆلات هەست نەکەیت تەنیاییت لێرە. خەڵکی هەڵەبجە کە ئەم کۆمەڵکوژی و کارەسات و نەهامەتیان بەسەردا هاتووە، هەزارانیش وەک ئێمەش دڵ سووتاو بووین تیایدا''.

بەیان خان ئەوەیشی خستەڕوو کە ناوی خوشکە شەهیدەکەی لەبەر ئامادەنەبوونیان ناوی لەسەر کێلەکان نییە، بەڵام ناوی لە مۆنۆمێنتەکەدا هەیە و گوتی: ''هەرچەندە ئەمە مەزارێکە و هیچ تەرمێکی لەژێردا نییە، بەڵام دڵمان خۆشە کە تەقدیری ئەم شەهیدانە کراوە و ناویانی لەسەر نووسراوە، منیش پێم خۆشە ئەگەر ناوی خوشکەکەشمی تێدا نەبێت، وا دەزانم هەموو ئەم شەهیدانە کەس و خوشک و خوشکەزا و کەسی منن، لەبەرئەوەی من خاوەنی هەموو شەهیدانی هەڵەبجەم''.​​​​​​​

گوتیشی: ''خۆم بە خاوەنی هەموو شەهیدانی هەڵەبجە دەزانم، خودا سەبووری هەموو کەسوکار بدات و جێگەیان بەهەشت بێت، بەڕاستی خەمێکی گەورەن. هەرێمی کوردستان-عێراقیش بەهۆی هەڵەبجەوە دەرکەوت و ناسێنرا. لەبەرئەوە دەبێت ئاگایان لە شارەکە و خەڵکەکەی بێت و خزمەتی بکەن، تا ببێتە جوانترین شاری هەرێم، چونکە ئەو نەهامەتییەی بەسەر ئەم شارەدا هاتووە بێ وێنە بووە، هەرچەندە شەهیدانی دیکەشمان زۆرن وەک ئەنفالەکان، هەشت هەزار شەهیدی بارزانی و ١٨٠ شەهیدی ئەنفالی دیکە و شەهیدانی زۆری دیکەش''.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın