Zana Natık Kerem
18 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2017
سەڵاحەددین ــ AA
روانگەی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند "٢٠ هەزار كەس لە قەزای شەرگات سەربە پارێزگای سەڵاحەددین هەڕەشەی مردنیان لەسەرە، ئەوەش بە هۆی ئەو گەمارۆییەی كە داعش بەسەریاندا سەپاندوویەتی".
لە راپۆرتێكی روانگەكەدا هاتووە، "داعش گەمارۆی بەسەر دانیشتوانی بەشی رۆژهەڵاتی قەزای شەرگاتدا سەپاندووە، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەو كەسانەش دەرفێنێت و ئەشكەنجەی توندیان دەدات كە هاوكاری هێزە عێراقییەكان دەكەن".
روانگەی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ هۆشداری ئەوەی داوە كە دوور نییە بە هۆی خراپی رەوشی دانیشتوانی بەشی رۆژهەڵاتی قەزای شەرگات، كارەساتی مرۆیی رووبدات هەروەك چۆن لە بەشی راستی مووسڵ بە تایبەتیش لە مووسڵی كۆن رووی دا.
ئەم دەزگایەی مافی مرۆڤی عێراقی روونیشی كردووەتەوە كە هەر بە هۆی گەمارۆكەی داعش، دانیشتوانی بەشی رۆژهەڵاتی قەزاتی شەرگات بەدەست برسیەتی دەناڵێن و هەروەها داعش هەوڵدەدات بە تەواوەتی دەستیان بەسەردا بگرێت.