ژيان, عێراق

وەک موژدەی بەھار لەقلەقەکان گەڕانەوە بەردەڕەش

لەقلەقەکان نزیکەی نیو سەدەیە ڕوو لە ناوچەی بەردەڕەش دەکەن و دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشیان بە ناوچەکە بەخشیووە.

Heman Hussein Yaseen  | 24.03.2024 - نوێکردنەوە : 27.03.2024
وەک موژدەی بەھار لەقلەقەکان گەڕانەوە بەردەڕەش

Arbil

ھەولێر - AA

بینینی لەقلەق لەھەر شوێنێک مانای ھاتنی وەرزی بەھار و سەوزبوونی سروشتە، ھەر بۆیەش وەک موژدەی ھاتنی وەرزی بەھار، لەقلەقەکانی قەزای بەردەڕەش گەڕانەوە بۆ لانەکانییان و بەدرێژایی ڕێگای سەرەکی قەزاکە لەسەر تاوەرەکانی ھێڵی کارەبا ھێلانەکانییان دروست کردەوە.

بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، لەقلەقەکان نزیکەی نیو سەدەیە ڕوو لە ناوچەی بەردەڕەش دەکەن.

لەقلەکان لە کۆتایی وەرزی بەھاردا زاوزێ دەکەن و ساڵانە یەکجار ھێلکەکانییان دەتروکێت و دەبنە خاوەنی چەند بێچووێک. پاش پێگەیشتن و پەروەردەکردنی بێچووەکانیش، لەقلەقەکان لە کۆتایی مانگی ئابی ھەموو ساڵێک کۆچ دەکەن، بەڵام بەھۆی گونجاوی کەشوھەوای ھەرێمی کوردستان، ئەوا لەقلەقەکان ھەر لێرە دەمێننەوە.

ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵێک، لەقلەقەکان وەک مزگێنیدەری وەرزی بەهار لەسەر تاوەرەکانی کارەبا لە ڕێگەی سەرەکی قەزاکە لەسەر هێلانەکانیان نیشتنەوە کە ساڵانی پێشوو دروستیان کردبوو.

خەڵکی بەردەڕەش دەڵێن ئاشنایەتیمان لەگەڵ کاتی ھاتن و چوونی لەقلەکان پەیداکردووە و ئەوەش بە هاتنی وەرزی بەهار و بووژانەوەی سرووشت لێک دەدەنەوە.

بە گشتی تەمەنی لەقلەق لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵیدایە، بەرزییان مەترێک و درێژی باڵەکانییان نزیکەی دوو مەترە، تەواوی جەستەیان بە پەڕی سپی داپۆشراوە جگە لە ناوچەی باڵەکانیان کە سپییە، دەنووکیان تیژ و درێژە و قاچەکانیان باریک و پرتەقاڵییە، هەروەها دوو تا پێنج ھێلکە دەکەن.

ئەم باڵندەیە گۆشتخۆرە و زیاتر ماسی، بۆق، مارمێلکە، جاڵجاڵۆکە و مار دەخوات، ھەروەھا مریشک و ھێلکەی ئەو باڵندانەش دەخوات کە دەستیان پێی دەگات. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم باڵندەیە ئەوەیە کە لەکاتی کڕکەوتنییان لەسەر ھێلکەکان، ھەریەک لە نێرە و مێیەکان بە نۆرە لەسەر ھێلکەکان ھەڵدەکورمێن.

ھەندێک جار ئەم باڵندەیە پێی دەگوترێت حاجی لەقلەق، چونکە ساڵانە ھاوشێوەی حاجییەکان، بەھەمان ڕەنگ قەتارە دەبەستن و لە چیاکان و زەلکاوەکاندا دەگەڕێنەوە بۆسەر ھێلانەکانییان بۆ زاوزێ و ھێلکە دانان.

قەزای بەردەڕەش سەربە پارێزگای دھۆکە و بە دووری ٧٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ھەولێر و بە دووری ٣٢ کیلۆمەتریش دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی مووسڵ، ساڵانە شایەتی دیمەنی قەتارەی لەق لەقەکان دەبێت.

قەتارەی لەقلەقەکان لەسەر تاوەرەکانی کارەبای سەر ڕێگەی سەرەکی قەزای بەرەدەڕەش بەرەو ڕۆڤیا لە پارێزگای دهۆک، دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشیان بە ناوچەکە بەخشیووە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın