Rewa Mahmut Hasan
24 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2016
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
بەڕێوەبەری نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جۆن گینگ رایگەیاند کە ئەوان نیگەرانن لە ئەگەری دروست بوونی پێکدادانی زیاتر لە ئیدلب کە کەسانی مەدەنی گەمارۆدراوی حەلەبی بۆ گواستراوەتەوە.
جۆن گینگ لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی دۆخی مرۆیی سووریا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و باسی لە گواستنەوەی کەسانی سڤیل و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کرد لە رۆژهەڵاتی حەلەب کە کۆتایی بە پرۆسەی گواستنەوەکە هاتووە.
ناوبراو رایگەیاند کە ١٣ ملیۆن و ٥ سەد هەزار کەس لەسووریا پێویستی بە یارمەتی مرۆیی هەیە و لێیان قەوماوە، هاوکات نزیکەی ٩ ملیۆن کەس رووبەڕووی مەترسی برسێتی بوونەتەوە.
گینگ جەختی کردەوە لەوەی کە زیاتر لە ٣٥ هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی حەلەب گواستراونەتەوە بۆ ئیدلب بەڵام ئەوان نیگەرانن لەوەی چارەنووسی ئیدلبیش وەک حەلەبی لێبێت.