Abdullah Shukur
24 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2016
بەغدا - AA
لە چوارچێوەی ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێ، کریستیانەکانی عێراق رێوڕەسمێکیان لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق سازکرد.
کریستیانە کاسۆلیکەکانی شاری بەغدا، بە بۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێ رێوڕەسمێکیان لە کلێسای سەفینەتولنەجات ئەنجامدا و تێدا ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی کریستیانی و وەزیری بیناسازی، نشینگە و شارەوانییەکانی عێراق ئانەفی عەوسی کە سەر بە ئاینی کریستیانییە بەشداریان کرد.
بەرپرسی کلێساکە موخلیس شەشار بە ئاژنسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە رێوڕەسمەکەدا نزا بۆ گشت مرۆڤایەتی و یەکگرتنەوەی عێراقییەکان کردووە.
شەشار ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان زۆر خۆشحاڵ بوون بە کۆنترۆڵکردنەوەی دەشتی نەینەوا کە ژمارەیەکی زۆری کریستیانی تێدا دەژی و راشیگەیاند کە نزا بۆ سوپا و ھێزەکانی ئەمنیش دەکەن.
شەشار ئاشکراشی کرد کە لە پاڵ موسڵمانەکان، کریستیانەکانی عێراقیش کراونەتە ئامانج. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو کلێسایەی لێی بەرپرسە گەواھیدەری ھێرشی خوێناوی بووەتەوە.
کلێسای سەفینەتولنەجات لە ناوچەی کەرادەی شاری بەغدا لە ساڵی ٢٠١٠ لە کاتی بەرێوەچوونی رێوڕەسمێکی ئاینی، رووبەڕی ھێرشێکی خۆکوژی ببووەوە. بەم ھۆیەش لە ھێرشەکەدا زیاتر لە ٥٠ کەس بوونە قوربانی و زیاتر لە ٤٠ کەسیش برینداربوون.
لە لایەکی دیکەش سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر ئەلعەبادی لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی جەزنی سەری ساڵی لە کریستیانەکان کرد.