Mazın Asad,Abdullah Shukur,Sangar Hamad Azeez
23 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2017
بەغدا - AA
شاندی ھەرێمی کوردستانی عێراق سەردانی شاری بەغدای کرد و رایانگەیاند کە ئەوان پێداگرن لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی و لەمەودواش دەیانەوێت دەرگای دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بە کراوەیی بمێنێتەوە. راشیانگەیاند کە لەگەڵ ھاوپەیمانی نیشتمانی لەبارەی گشتپرسی رێکنەکەوتوون.
رۆژ نوری شاوێس بە ناوی شاندنی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە "بە روون و ئاشکرا بۆچوونەکانمان بە دۆستەکانمان لە ھاوپەیمانی نیشتمانی راگەیاندووە. دەمانەوێت لە دوای ٢٥ی ئەیلوولیش دیالۆگ بەردەوام بێت. بەڵام ئەوان رایانگەیاند کە تەنھا پشتیوانی لە ئەنجامدانی دیالۆگ لە پێش ٢٥ی ئەیلوول دەکەن".
رۆژ نوری شاوێس باسی لە دەنگۆییەکانی دواخستنی گشتپرسی کرد و گوتی: "گشتپرسی لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت"، لە کاتێکدا کە دادگای دەستووری عێراقی گشتپرسی ھەرێمی کوردستانی بە "پێشێڵکردنی دەستوور" ناوبردبوو.
سەعدی پیرە ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا گوتی: "دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە گشتپرسی دوادەخرێت. ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە. ئێمە وەک ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم کۆبوونەوەی خۆمان کرد. لە کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنمان بۆ بەدیلەکەی ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان، تورکیا، ئێران، فەڕەنسا و سعوودیە کرد".
سەعدی پیرە لە درێژەدا گوتی: "گوتمان بۆ مانەوە لەگەڵ بەغدا ئەگەر دڵنیایی تەواومان پێ بدرێت ئەوا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین بەڵام سەیر دەکەین دەسەڵاتدارانی بەغدا تەنیا قسەکانیان دەگۆڕن".
ناوبراو ئەوەیشی راگەیاند کە دوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرکردەکانی بەغدا،بەڵین و بڕیارەکان بە سەرکردەکانی هەرێم دەگەیەننەوە و لەوێ بریاری لەسەر دەدەرێت".
سەبارەت بە گشتپرسیش سەعدی پیرە راگەیاند کە بە دڵنيایەوە ئەنجامی دەدەن
-"رێکنەکەوتین"
ئەندامی ھاوپەیمانی نیشتمانی شیعی، عەلی عەلاق ئاماژەی بەوە دا کە لەبارەی پرسی گشتپرسی لەگەڵ شاندی کورد رێکنەکەوتن و گوتیشی: "بینیمان کە برا کوردەکانمان پێداگرن لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی. ئێمە لە بنەڕەتەوە دژایەتی خۆمان بۆ ئەوە راگەیاند. بۆیە لەبارەی قەیرانەکە رێکنەکەوتین".
عەلی عەلاق روونیشی کردەوە کە ھەڵوێستی حکوومەتی ناوەندی لەبارەی گشتپرسی روونە و راشیگەیاند پشتیوانی لە ھەموو رێوشوێنێک دەکەن کە یەکێتی عێراق بکاتە بنەما.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی دەستێوەردانی سەربازیی حکوومەتی ناوەندی لە ئەگەری ئەنجامدانی گشتپرسی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە پشتیوانی لە دیالۆگی حکوومەت دەکەن و راشیگەیاند ھەنگاونان بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە چوارچێوەی دەسەڵات و بڕیاری حکوومەتە.