هونەر و كلتوور, ژيان

هونەر و دیزاین لە پیشه‌ی ئاسنگەرییدا

Heman Hussein Yaseen  | 07.03.2024 - نوێکردنەوە : 18.03.2024
هونەر و دیزاین لە پیشه‌ی ئاسنگەرییدا

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

کاتێک کارامەیی لە پیشەدا دەبێتە داهێنان، ئەوا ئاماژەیە بە هونەر و شێوەدانان و دەستڕەنگینی، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشان لە لایەن دەوروبەرییەوە و زیندوومانەوەی پیشەکەی.

ئاسنگەرێک ماوەیەکی زۆرە لە شاری سلێمانی خەریکی داهێنان و هونەرە لە پیشەکەی و ئەمەش بووەتە جێگای سەرنجی هاووڵاتییان، بە جۆرێک لەمیانی پیشەکەیدا، بە شیش و ئاسن پۆرترێت و وێنەی کەسایەتییەکان دروست دەکات، هاوکات بەشێک لە کارەکانیشی نووسینی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزە.

وەستا فوئاد ئاسنگەر تەمەن حەفتا ساڵ، زیاتر لە نیو سەدەیە کاری ئاسنگەری دەکات، توانیوویەتی هونەر لە پیشەکەیدا بنەخشێنێت و ئەو لەبارەی پیشەکەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی ١٩٦٧ تا ساڵی ١٩٧٣ شاگردی وەستایەکی ئاسنگەر بووم، لەوکاتە بەدواوە دوکانی خۆم هەیە و تا ئێستا، هەمیشە هەوڵمداوە پەرە بە کارەکەم بدەم و بەم دواییەش دەستمکرد بە هونەری نووسین و دروستکردنی وێنە لە ڕێگای شیش و ئاسنەوە، توانیوومە لەو کارەم سەرکەوتووبم".

وەستا فوئاد ئاسنگەر گوتیشی: "بیرۆکەی کارەکەم نوێ بوو، بیرۆکەکەم لەوەوە سەرچاوەی گرت کاتی خۆی هاوڕێیەکم هەبوو چوار وێنەی پێدام و داوایکرد وێنەکان لەسەر ئاسن بنەخشێنم، دوای ئەوەی وێنەکانم نەخشاند هەستم کرد کە بەهرەیەکی هونەریم تیادایە و لە دوای ساڵی ١٩٩٣یەوە بە بەردەوامی دەستم بە کاری هونەریی کرد لە پیشەکەمدا".

لە دوکانەکەی وەستا فوئاد، پۆرترێتی کەسایەتییەکان، تێکست و ئایەتی قورئانی پیرۆز دەبینرێت کە بە شیش دروستکراون، شیشەکان لە ڕێگای گەرمکردنەوە جووڵەیان پێ دەکرێت کاتێک دەگەنە پلەیەکی گەرمی دیاریکراو، دەست دەکەن بە توانەوە و پیشەگەر چەند ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ پێچ و چەمانەوە یان بڕینی شیشەکە، بێگومان پڕۆسەی گەرمکردن و شێوەدانانی شیش و ئاسنەکە چەند جارێک دووبارە دەکرێتەوە تا دەگاتە شێوەی دڵخوازی پیشەگەرەکە.

لەبارەی شێوازی کارەکەیەوە، وەستا فوئاد ئاسنگەر گوتی: "زیاتر پۆرترێت دروست دەکەم و زۆر پێیەوە ماندوو دەبم چونکە شیشەکان گەرمکردن و بڕین و چەمانەوەی وردی پێویستە، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە مامۆستایەکی هونەرەجوانەکان وەردەگرم کە زۆرجار یارمەتیم دەدات لە ڕووی ئەکادیمییەوە بۆ ئەوەی پۆرترێتێکی جوان دروست بکەم".

ئەو ئاسنگەرە، هەندێک لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزیشی بە شیش نوسیووەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "کاتی خۆی مامۆستایەک هەبوو، ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزی دەنووسی بۆ مزگەوتەکان، ڕۆژێک داوام لێیکرد کە لەسەر ماددەی معاکس چەند ئایەتێکم بۆ بنووسێت و ئیتر لەسەر ئەو نووسینە بە ئاسن دروستمکرد، بەڵام ماندووبوونێکی زۆر بوو، بۆ نموونە سوورەتێکم بە حەفت مانگ نوسیوومە، هەروەها بە ماوەی پێنج مانگ توانیم سوڕەتی ئیخڵاس بنووسمەوە چونکە لە ئایەتی قورئانی جگە لە پیتەکان هاوکات حەرەکاتی دیکەی وەک فەتحە و کەسرەی زۆرە بۆیە ماندووبوونێکی زیاتری دەوێت".

بەهۆی ماندووبوونی زۆرەوە، دەستحەقی وەستاکان زۆرە و بەمەش نرخی شتە دروستکراوەکان زۆر دەبێت و بەهۆیەوە خەڵک کەمتر خواستی لەسەر کڕینیان دەبێت، لەمبارەیەوەش وەستا فوئاد ئاسنگەر گوتی: "کەس داوای وێنەکان ناکات و پارەی پێ نادات بەهۆی نرخەوە، خەڵک زیاتر حەز دەکات سەیری وێنەکان بکەن نەک کڕین".

وەستا فوئاد ئاسنگەر گوتیشی: "بەهۆی ئەوەی کتێب زۆر دەخوێنمەوە، هەندێک کەسیایەتی هەیە لە کتێبەکە ئەوەندە بە گرنگییەوە دەردەکەوێت هەر قابیلی ئەوەیە پەیکەرێکی بۆ دروست بکەیت، بەڵام من هاتووم لە دوکانەکەی خۆمدا بە شیش پۆرترێتێکم بۆی دروست کردووە و حەزم کردووە لە بەرچاوان بێت".

ئەو ئاسنگەرە تا ئێستا بەشداری هیچ پێشانگایەکی نەکردووە و هۆکارەکەیشی بۆ زۆری تێچووی ئەنجامدانی پێشانگا دەگەڕێنێتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "پێشانگا بۆ ئەم کارەی من، خەرجییەکەی زۆری پێویستە، چونکە هەموو تابلۆکان دەبێت چوارچێوە و ستاندی هەبێت و ئەمەش لە توانای مندا نییە، کەسیش نییە ئەو رۆحیەتەی تیادابێت و خەرجییەکەی بکێشێت".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın