Zana Natık Kerem
20 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2018
ریاز ــ AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 9ی مانگی زیلحیجە، حاجیانی ماڵی خوا بەمەبەستی بەجێگەیاندنی یەكێك لە روكنە سەرەكییەكانی فەریزەی حەج، بەرەو كێوی عەرەفات بەڕێكەوتن، دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ رۆژی "تەروییە"یان لە مینا ئەنجام دا.
وەستان لە كیوەی عەرەفات بە یەكێك لە روكنە سەرەكییەكانی فەریزەی حەج دادەنرێت و دەكەوێتە 9ێ مانگی زیلحیجە و شەرعناسان ئاماژە بەوە دەكەن ھەر كەسێك لەچوارچوەی بەجێ گەیاندنی فەریزەی حەج نەچێتە عەرەفات، حەجەكەی قبووڵ ناكرێت و نابێت بە حاجی.
میوانانی ماڵی خوا لە شاری مەككەوە بە گوتنەوەی "لبیك اللھم لبیك.. لبیك لا شریك لك لبیك.. إن الحمد والنعمە لك والملك.. لا شریك لك" بەرەو كێوەی عەرەفات بەرێكەوتن.
ھاوكات ئەمڕۆ میوانانی ماڵی خوا، نوێژی نیوەڕۆ و عەسر بە قەسرو جەمع بە یەك بانگ و دوو قامەت لە مزگەوتی نەمیرە ئەنجامدەدەن دوای ئەوەی گوێبیستی گوتاری عەرەفات دەبن.
ئاژانسی فەرمی ھەواڵیی سعوودیە بڵاویكردەوە كارمەندانی ئاسایش، ھاتوچۆ، بەرگریی شارستانیی و پاسەوانی نیشتمانیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكوومەتی سعوودیە لەسەر رێگەكانی كێوی عەرەفات بڵاوبوونەتەوە بەمەبەستی پارێزگارییكردن لە گیانی حاجییان و یارمەتیدانیان.
ھاوكات لەگەڵ خۆرئاوابووندا میوانانی ماڵی خوا لە كێوی عەرەفات دێنە خوارەوە و لە نێوان بانگی شێوان و خەوتناندا دەچنە موزدەلیفە و لەوێ تا بەرەبەیانی ١٠ی زیلحیجە دەوستن و دواتر لەگەڵ نوێژی بەیانیدا دەست بە قوربانییكردن دەكەن.
میوانانی ماڵی خوا لە مینا، رۆژانی١١، ١٢ و١٣ی زیلحیجە سێ رەجمكردن ئەنجامدەدەن، كە بە ھەرسێ رەجمی بچووك و ناوەڕاست و گەورە ناسراوە، ھەر حاجیەك بیەوێت دەتوانێت ئەو سێ رۆژە بۆ دوو رۆژ كورت بكاتەوە و لەدوای رەجمەكان، بە مەبەستی ئەنجامدانی تەوافی ماڵئاوایی كە دوا روكنی فەریزەی حەجە، حاجییان روو لە كەعبە دەكەن.