Rewa Mahmood Hasan
17 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2020
سلێمانی - AA
لەگەڵ تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ و رێگریکردن لە هاتنە دەرەوەی هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان کە بەمەبەستی رێگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراوەتە بەر، بەشێک لە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی وەک هەمیشە، بە ورەیەکی بەرزەوە هەوڵی بەسەربردنی کاتەکانیان دەدەن لە ماڵەوە.
جیا لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی بەمەبەستی نیشاندانی ورەی بەرزی هاووڵاتییان و بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندیی بە رێنماییە تەندروستییەکان و مانەوەیان لە ماڵەوە، هاووڵاتییانی نیشتەجێی سیتییەکی شاری سلێمانی لە باڵکۆنەکانیانەوە بە سەما، وەرزش کردن گۆرانی گوتنەوەی "خوایە سلێمانی بپارێزە" پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن و پابەندیی خۆیان بە مانەوەیان لە ماڵەکاندا دووپات دەکەنەوە.

تیمێکی وەرزشی کە پێکهاتبوو لە چەندین مامۆستای زانکۆ و وەرزشکاری ناسراوی یانەکانی عێراقی و هەرێم، بەمەبەستی وەرزش کردن بە دانیشتوانی سیتییەکانی شاری سلێمانی، لە بەردەم بینای سیتییەکانەوە هاووڵاتییانی دانیشتووی سیتییەکەیان لە باڵکۆنەکانی خۆیانەوە کۆکردەوە و هەندێک لە وەرزشە پێویستییەکانی رۆژانەیان بۆ نمایشکردن تاکو هاووڵاتییان لە ماڵەکانی خۆیان دووپاتی بکەنەوە، ئەمەش ئامانج لێی بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئەو هاووڵاتیانەیە کە لەئێستادا بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە خۆیان بەدوور گرتووە لە چوونە دەرەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وەرزشوانی شاری سلێمانی، کاروان شێخ زیرەک ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لە ناوەندی وەرزشی کوردستان کار دەکات و بەشداریی کردووە لە چالاکییەکەدا کە ئامانج لێی فێرکردنی چەند وەرزشێکە بە دانیشتوانی ئەو سیتییە و هاووڵاتییانی سلێمانی کە ئێستا بەهۆی داخستنی یانە وەرزشییەکان و هۆڵەکانی وەرزشەوە دوور کەوتوونەتەوە لە وەرزش کە پێوستیەکی رۆحییە بۆ هەمووان.
ناوبەناو دانیشتوانی ئەو سیتییەی شاری سلێمانی گۆرانی "خوایە سلێمانی بپارێزە"ی گۆرانیبێژ رۆژکەریم و چەند گۆرانییەکی تری نیشتمانییان دەگوتەوە کە ئاماژە بوون بە پاراستنی وڵات و نیشتمان لەو پەتا جیهانیەی بەناوی کۆڤید-١٩ەوە رووی کردۆتە ناوچەکەو بەتایبەت شاری سلێمانی.

مانی ئەحمەد کە یەکێکی تر بوو لە وەرزشوانانەی بەشداربووی چالاکییەکە، هاوکات مامۆستای بەشی وەرزشە لە زانکۆی سلێمانی بەم شێوەیە باس لە چالاکییەکە دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، "ماوەی سێ بۆ چوار رۆژە هاووڵاتییان لە ماڵەکانیاندا خۆیان قەتیس کردووە، بۆ ئەوەی هەموو لایەک بەدوور بن لە کۆرۆنا، ئێمەش بۆ زیاتر پشوودانێک بە رۆحی ئەوان هەڵساین بەم چالاکییە، تاکو ورەیەکی تر بدەینەوە بەو خەڵکە کە لە ماڵەکانیاندا پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانن، هاوکات جموجۆڵێکیش دەکەن تاکو جەستەیان هیلاک بکەن لەپێناو پشوودان بە رۆحیان".