Bestami Bodruk
01 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2021
دیاربەکر - AA
لە شارۆچکەی چونگوشی سەر بە پارێزگای دیاربەکر لە باشووری خۆرھەڵاتی تورکیا، کە بە پێگەی جوگرافی و دیمەنی جوانی دۆڵی سەوز جێگەی سەرنجە، لێکردنەوەی ھەنار لە گوندی گێچیت کە بە شێوازی سرووشتی پێدەگەیندرێت بەردەوامە.
گوندی گێچیت، کە دەکەوێتە کەناری دەریاچەی بەنداوی کاراکایای سەر بە شارۆچکەی چونگوش و خاوەنی کەشوھەوایەکی تایبەتە، جگە لە ھەنار داری میوەی وەکو پڕتەقاڵ، لالەنگی، لیمۆ، زەیتون و کاکی کە تایبەتمەندی کەشوھەوای دەریای ناوەڕاستی ھەڵگرتووە، پێدەگات.
لێکردنەوەی ھەنار کە سەرچاوەی داھاتی سەرەکیی ئەم گوندەیە بەردەوامە. ھەنارەکان بە بەشداری ئافرەتان و منداڵەکان دانە دانە لە دارەکان دەکرێنەوە. ھەناری شرین، ترش و مێخۆش زۆربەیان بە دارەکەوە گەیون و تەقیون.
ئافرەتان ئەو ھەنارانەی کە تەقیون لێدەکەنەوە و بە دار پانیدەکەنەوە و بۆ دروستکردنی سرکەی ھەنار ئامادەی دەکەن.
- "تایبەتمەندی کەشوھەوای دەرای ناوەڕاستی ھەیە"
قایمقامی شارۆچکەی چونگوش، تونجای کاڵدرم، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە بەھۆی پێگەی جوگرافیی گوندەکە، خاوەنی بە پیتترین خاک و کەشوھەوای دیاربەکرە.
کاڵدرم، ئەوەشی راگەیاند کە پێکھاتەی کەشوھەوای لەسەر بەرھەمەکانیش رەنگیداوەتەوە و گوتی: " تایبەتمەندی کەشوھەوای دەریای ناوەڕاستی ھەیە. بەھۆی ئەو خاکە بەپیتەی کە رووباری فورات لەگەڵ خۆی ھێناویەتی چەندین جۆر میوە لەلایەن باخەوانەکانمانەوە دەچێندرێن".