Selçuk Acar,Mohammed Baqi Hussein
09 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2017
نیویۆرك - AA
- زریانی ئیرما كه تا ئێستا له دوورگه وڵاته‌كانی زه‌ریای ئهتڵەنتیك هه‌زاران خانووی رووخاندووه و بووه‌ته هۆی گیان له‌ده‌ستدانی زیاتر له 20 كه‌س، به خێرایی بە ئاراستەی باكوور دەڕوات و ته‌نها 450 كیلۆمه‌تری ماوه بگاته ویلایه‌تی فلۆریدای ئه‌مریكا.
زریانه‌كه رۆژی هه‌ینی دورگه‌كانی باهاما و باكووری كوبای گرته‌وه و به‌ره‌و فلۆریدا به‌رده‌وامه. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دره‌نگانی شه‌وی شه‌ممه بگاته وشكانی له ئه‌مریكای باكوور كه یه‌كه‌م شوێن ویلایه‌تی فلۆریدایه.
له ویلایه‌ته‌كانی فلۆریدا، كارۆلینای باكوور و باشوور، جۆرجیا و ڤیرجینیا كه ده‌كه‌ونه سه‌ر هێڵی زریانه‌كه، باری نائاسایی راگه‌یه‌نراوه.
به‌رپرسانی فلۆریدا رایانگه‌یاندووه پێنج ملیۆن و 600 هه‌زار كه‌س كه ده‌كاته رێژه‌ی سه‌دا 25ی دانیشتوانی ویلایه‌ته‌كه، ده‌گوازنه‌وه بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی زریانه‌كه نایانگرێته‌وه.
بڕیاردراوه 540 هه‌زار كه‌س له ناوچه كه‌ناراوه‌كانی ویلایه‌تی جۆرجیاش بگوازرێنه‌وه. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ده‌بێت له ئه‌مریكا و ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمارده‌كات.
به‌پێی روونكردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی زریانه‌كانی ئه‌مریكا، دوو بنكه‌ی ئه‌تۆمی له توركی پۆینت ده‌كه‌ونه سه‌ر هێڵی زریانه‌كه و مه‌ترسی ده‌كرێت رووداوێكی هاوشێوه‌ی رووداوه‌كه‌ی بنكه‌ی ئه‌تۆمیی فۆكۆشیمای ژاپۆن رووبدات.