Mücahit Oktay
29 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2022
نیویۆرک - AA
لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا، زریانی یان کە لە رووی بەهێزییەوە ریزبەندی چوارەمی هەیە لە یەکەم رۆژیدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو و ئەمەش وای کرد، نزیکەی یەک ملیۆن کەس بێکارەبابن.
هەروەها لە شاری فۆرت مایەری سەر بەو ویلایەتە، بەهۆی زریانەکەوە لە ماوەی دوو کاتژمێردا، شەقامەکان، نهۆمی ژێرزەمینی بیناکان و گەراجەکان ئاویان تێچوو، تەنانەت لافاوەکە بەتەواوی بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانی داپۆشی.
بەهۆی ئەو شەپۆلە زەریاییانەشی کە زریانەکە لەگەڵ خۆی هێناونی، ئاستی ئاوەکە لە هەندێک ناوچە دەگاتە دوو مەتر.

زریانی یان کە بە خێرایی ٢٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەگاتە وشکانی، بەرەو ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی فلۆریدا لە پێشڕەویداویە، بەو هۆیەشەوە ٧٠ هۆبەی بازاڕە زنجیرەییەکان کە دەکەونە سەر رێڕەوی زریانەکە بەتەواوی دادەخرێن یاخود تەنها لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا کار دەکەن.
پسپۆڕانی بواری کەشوهەوا باس لەوە دەکەن کە زریانی یان، خێراترین زریانە کە بگاتە وشکانی، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەشی لە ئاستی ئاوی شاری فۆرت مایەر کراون لە ساڵی ١٩٦٥ەوە تا ئێستا ئاستی ئاو گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

زریانەکە بووەتە هۆی پەککەوتنی ژیان لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا و هێڵی ئاسمانیی ئەمریکاش بێبەرامبەر گۆڕانکاری لە بەرواری ئەو گەشتانەدا ئەنجام دەدات کە بۆ ویلایەتە نزیکەکانی فلۆریدا، وەک کارۆلینای باکوور، کارۆلینیای باشوور و جۆرجیا ئەنجام دەدرێن.
لە یەکەم رۆژی زریانەکەشدا، هێڵی ئاسمانیی ئەمریکا ناچاربوو نزیکەی ٦٠٠ گەشت هەڵبوەشێنێتەوە.