Rawan Subhi Obaiullah
15 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2023
دھۆک - AA
کەژێ کەمال کچێکی ئێزدیی خەڵکی قەزای شنگالە و بەهۆی پەلامارەکانی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ناچاربووە ژیانی ناو کەمپ ھەڵبژێرێت. کەژێ لە ژیانی ناو کەمپدا تووشی کۆسپ و تەگەرەی زۆر بووەتەوە بە تایبەتی نەبوونی ھەلی کار، نەھامەتییەکانی ئاوارەیی، ناسۆری ژیان لەناو کەمپدا، سەرمای زستان و گەرمای ھاوین. خراپی دۆخی دارایی خانەوادەکەی نەیتوانی چۆک بە کەژێ-دا بدات و دەستبەرداری خەونەکانی نەبوو. کەژێ بەشداری لە خولێکی دروومان کرد کە رێکخراوێکی مرۆیی سازی کردبوو و لە بێکاری رزگاری بوو و توانیویەتی ببێت بە خاوەنی کاروکاسبی خۆی.
کەژێ کەمال کە نزیکەی نۆ ساڵە لەگەڵ خانەوادەکەی (باوک، دایک و براکەی) لەناو کەمپی شاریا رۆژئاوای شاری دھۆک دەژێت، پێش پەلامارەکانی داعش لە شنگال ھاوکاری باوکی دەکرد لە کاری باخ و بێستاندا، بەڵام کە بە ناچاری ژیانی او کەمپی ھەڵبژارد، بێکار بوو و بەرگەی نەھامەتی و تەنگژەی زۆر گرتووە.
کەژێ کەمال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش دەستپێکردنی جەنگی رووسیا-ئوکرانیا، زۆرێک لە رێکخراوە مرۆییەکان لەناو کەمپدا خولی فێرکارییان لە بواری جیاجیادا دەکردەوە، منیش بۆ زیاتر لە مانگێک و ٢٠ رۆژ بەشداریم لە خولێکی دروومان کرد و فێری پیشەی بەرگردوویی بووم و بە ھاوکاری رێکخراوێک بووم بە خاوەن دوکانێکی سەربەخۆی بەرگدروویی، وردە وردە کە ژنانی ناو کەمپ پێیان زانی کە من پیشەی بەرگدروویی دەکەم و دوکانم ھەیە، ھاتنە لام و ئێستا کڕیاری زۆرمان ھەیە".
گوتیشی: "لە ژیانی ناو کەمپدا، تووشی کۆسپ و تەگەرەی زۆر بووم، دایکم نەخۆشە و برایەکەم کە لە دەستی رێکخراوی تیروریستیی داعش رزگاربووە بێکارە، ھەروەھا باوکم بێکارە، منیش ناچاربووم لە رێی ئەم پیشەیەوە ھاوکارییان بکەم".
کەژێ کەمال هەروەها گوتی: "من زیاتر جلی کوردی و دشداشە بۆ ژنان دەدورم، بەڵام دڵمان ھەر لە لای ژیانکردنە لە شنگال، چونکە لە منداڵییەوە لەوێ ژیاوین و دەمانەوێت لە ژیانی ناو کەمپدا رزگارمان ببێت و دۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە و بگەڕێینەوە سەر زێدی خۆمان".
رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش پەلاماری قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوایان دا و بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش رفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.
دەلال ساڵح کە ژنێکی خەڵکی شنگالە و لە کەمپی شاریا دەژێت، ھاتووەتە دوکانی بەرگدروویی کەژێ بۆ ئەوەی ئەو پارچە قوماشەی کە کڕیویەتی بۆی بدورێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کەژێ لە بەرگدرووییدا کچێکی زیرەکە، بەردەوام قوماشی خۆم و کچەکانم دێنمە ئێرە بۆ ئەوەی بۆمان بدورێت، پێشتر زەحمەت بوو، ئۆتۆمبێلمان نەبوو ناچاربووین دەچووینە دەرەوەی کەمپ بۆ دوورینی جلوبەرگ".
کەمپی شاریا دەکەوێتە سنووری پارێزگای دھۆک و زیاتر لە دوو ھەزار و ٣١٥ خێزانی ئاوارەی قەزای شنگالی تیادایە کە لە ١٢ ھەزار و ١٨٠ کەس پێکدێن.