ئورفا
ماوەی چوار مانگە شەڕ و پێكدادان لە نێوان ھێزەکانی کورد و چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە كۆبانێ بەردەوامە. لە سەرەتای ھێرشەكانی داعشدا زیاتر لە 200 ھەزار كەس لەو شارە بەرەو توركیا كۆچیان كرد. تا ئێستا شەڕ لەو شارە بەردەوامی ھەیە و لە لایەك فڕۆكەكانی ھێزی ھاوپەیمانان و لە لایەكی دیكەش ھێزەكانی كورد بەرپەرچی داعش دەدەنەوە. ئاوارەكان نیگەرانن لەوەی كە شەڕ لەو شارە درێژە بكێشێت و ئەوانیش نەتوانن بگەڕێنەوە.
ژمارەیەكی زۆری ئەو ئاوارانە لە كەمپەكانی ئافاد لە توركیا نیشتەجێ كراون و بەشێكی دیكەش بە ھاوكاری خێرخوازان لە گەڕەكەكانی شارۆچكەی سروچ دەمێننەوە. بەشێكی زۆری ئاوارەكان لە منداڵان و ئافرەتان پێكھاتوون، ئەوان لە ژێر بارودۆخێكی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن. ئێستا خەون بەو رۆژەوە دەبینن بگەڕێنەوە بۆ شارەكەیان. وەك خۆیان باسی لێوە دەكەن بیری زێدی باوپاپیرانیان دەكەن و ھیواخوازن ھەرچی زووە بگەڕێنەوە، بەڵام زۆریش نیگەرانن لەوەی شەڕ لەو شارە درێژە بكێشێت.
- "لەگەڵ كۆتایی ھاتنی شەڕ دەگەڕێینەوە بۆ شارەكەمان".
حەمزە رەمەزان لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی لە ترسی ھێرشەكانی داعش لە شاری كۆبانێوە روویان لە توركیا كردووە، حەمزە رەمەزان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی سێ مانگە لە وڵاتەكەمان دوور كەوتووینەتەوە و ئیتر بەرگەی دووریمان نەماوە".
ماڵی حەمزە رەمەزان لە بەرچاوی خۆی بۆردومان كراوە، ئەو لە بارەی رەوشی خۆی لە سووریا دەڵێت: "ئێمە لێرەوە بینەری شەڕ و پێكدادانەكانین، كۆبانێ لەگەڵ خاك تەخت كراوە. ھەستێكە كە ھەرگیز ناتوانین دەریببڕین، لەگەڵ ئەوەی كۆبانێ وێران كراوە بەڵام ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ شاری خۆمان، لەگەڵ كۆتایی ھاتنی شەڕ ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ شارەكەمان".