جيهان, ژيان

شارەزوور.. بەربوومی توور

ـ جووتیارانی دەشتی شارەزوور سەرقاڵی چنینەوەی بەربوومی تووری ئەمساڵیانن و تەنھا لە گوندێکی ئەو ناوچەیەدا ساڵانە ٦٠٠ تا ٧٠٠ تۆن توور بەرھەم دەھێنرێت.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 12.02.2019 - نوێکردنەوە : 14.02.2019
شارەزوور.. بەربوومی توور

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

دەشتی شارەزوور (لە سنووری ھەڵەبجە) بە یەکێک لە خاکە پڕ بە پیتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت و رووبەرەکەی دەگاتە ٥٠٠ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی، بەجۆرێک خاکەکەی بۆ چاندنی ھەموو جۆرە بەروبوومێکی کشتوکاڵ سەرکەوتوو بووە و ساڵانە بڕێکی زۆر دانەوێڵە و سەوزە لەم خاکەدا بەرھەم دەھێنرێت.

جۆرەکانی سەوزە بە گشتی و توور بە تایبەتی بەربوومێکی گرنگی جووتیارانی دەشتی شارەزوورە ، بە تایبەت لە میانی ئەم ساڵانەی دواییدا جووتیارانی ناوچەکە لە وەرزی زستاندا چەندین جۆر توور بەرھەم دەھێنن و بۆ ساغکردنەوەی رەوانەی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشی دەکەن.

گوندی تەپەتۆڵەکە یەکێکە لە گوندەکانی دەشتی شارەزوور و بە بەربوومی توور بەناوبانگە، بە گوتەی جووتیارانی گوندەکە ساڵانە ٦٠٠ تا ٧٠٠ تۆن توور بەرھەم دەھێنن.

توور بەربوومێکی پاییزە و زستانەیە و لە زستاندا وەرزی چنینەوەی توورە لە ھەرێمی کوردستان.
ئەنوەر ئەحمەد محەمەدی تەمەن ٣٦ ساڵان جووتیارێکی گوندی تەپەتۆڵەکەیە و لەگەڵ ھاوکارەکانی لە بەرەبەیاندا دەچنە سەر زەوییەکەیان و دەست بە ھەڵکەندن و چنینەوەی توور دەکەن کە ئەمساڵ بەرھەمیان ھێناوە ، دواتر لە ئاوی کیانیاوێکی جوانی ناوچەکەدا دەست بە شۆردنەوەی توورەکە و پاککردنەوەی لە قوڕ و پیسی دەکەن پێش ئەوەی رەوانەی بازاڕی بکەن .

ئەنوەر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " دوای ئەوەی بەیانییان زوو دەچینە سەر زەوییەکانمان و دەست بە ھەڵکەندن و کۆکردنەوەی توورەکانمان دەکەین، دەیھێنینە ئەم ئاوە پاکە کە ئاوی کانییە و سەرچاوەکەی لە ئاوی زەڵمەوەیە بە جوانی دەیشۆینەوە و پاکی دەکەینەوە، پاشان دەیکەینە عەلاگەی گەورە و رەوانەی عەلوەی ھەڵەبجە و سلێمانی دەکەین".

ئەو جووتیارە گوتی:" کارەکەمان زەحمەت و ھیلاکی زۆری ھەیە و بەیانییان زوو لەم سەرمایەی زستاندا بۆ ماوەی چەند سەعاتێک لەم ئاوەدا دەمێنینەوە و توورەکان بە جوانی دەشۆینەوە، بەڵام ئەگەر بەرھەمەکەمان پارە بکات ئەوا ئەو زەحمەت و ھیلاکییەمان بیر دەچێتەوە".

ئەنوەر کە بۆ خۆی نزیکەی شەش تۆن بەربوومی تووری ھەیە لە ئەمساڵدا، باس لەوە دەکات ھاوشێوەی ھەموو جووتیارانی تر و بەرھەمەکانی جووتیاران لە ھەرێمی کوردستان کێشەی گەورەیان ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان ھەیە و گوتی:" ئێمە توورەکە رەوانەی عەلوە دەکەین، جاری وا ھەیە بۆ یەک کیلۆگرام ٢٥٠ دینار و ھەندێکجار دەگاتە ٣٠٠ دینار بەپێی جوانی و جۆری توورەکە".

لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ھەڵەبجە، ستار مەحمود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە جووتیارانی دەشتی شارەزوور بڕێکی زۆر تووریان ھەیە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئێمە ٤٢٠ دۆنم زەوی بە توور و ٢٩٠ دۆنم زەوی بە شێلم چێنراوە، بەڵام نیگەرانی جووتیاران ساغ نەبوونەوەی بەربوومەکانیانە لە بازاڕدا، بۆ ئەو مەبەستەش بە کردنەوەی بازاڕی تایبەت و ھاوکاریکردنی جووتیاران ھەوڵمانداوە ھاوکارییان بکەین و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین".

لە دەشتی شارەزوور چەند جۆرێک توور بەرھەم دەھێنرێت لە جۆری تووری سوور و مۆر و سپی خڕ و درێژ ، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا تووری سووری خڕ سەرکەوتنی باشی بەدەستھێناوەو بە زۆری جووتیاران روویان لە چاندنی ئەم جۆرە توورە کردووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın