Dlshad Saifaalddin Ahmed
12 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2019
سلێمانی - AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگر لە شاخی گۆیژە (سلێمانی دەکەوێتە دامێنی شاخی گۆیژە) کەوتەوە و بڕێکی زۆر پووش و پاوانی شاخەکە سووتا.
دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی سلێمانی گەیشتنە ناوچەکە و لە رێگەی هەلیکۆپتەر و کارمەندانی تیمەکانەوە دەستیان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کرد.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەرگریی شارستانی سلێمانی، دیار ئیبراھیم لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری تیمەکانیان گەیشتوونەتە ناوچەکە و توانراوە بەشی زۆری ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە، جگە لە برینداربوونی کارمەندێکی تیمەکانیان بە ھۆی ئاگرەکەوە زیانی دیکەی نەبووە و بەشێکی زۆری باخ و پاوانی ناوچەکەش لە سووتان رزگار کراون.