Dilşad Seyfeddin Ahmed
23 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2015
ئەمڕۆ بەبۆنەی رۆژی 12ی رەبیعی یەكەم رۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە وڵاتانی ئیسلامی یادی ئەو رۆژە بەرز راگیرا و ئاهەنگ و رێوڕەسمی تایبەت بەم بۆنەیەوە ساز دەكرێت، لە هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانیش بەشێوازی جۆراوجۆر لە هەڵواسینی پۆستەر و بەخشینی شیرینی و خواردەمەنی و هاوكاری هەژاران و ئەنجامدانی ئاهەنگ و رێوڕەسمی تایبەت ئەو یادە بەرز رادەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی بە هاوكاری یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان ئاهەنگێكی تایبەتی بەم بۆنەیەوە ساز كرد و چەندین گوتار و سروود و پەخشان بەم بۆنەیەوە پێشكەش كران و باسی لەدایكبوونی پێغەمبەر و ئاكار و كردارەكانی و پەیامەكەی كرا كە هەتا رۆژی كۆتایی خێر و رەحمەتە بۆ هەموو جیهان.
مامۆستایانی ئاینی لە گوتارەكانیاندا ئیدانەی كردەوە توندوتیژییەكان و كارە تیرۆریستییەكانی رێكخراوی داعش و هاوشێوەكانیان كرد و ئاماژەیان كرد بەوەی ئەو گرووپانە و كردەوەكانیان بەهیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی ئاینی ئیسلام ناكەن و پێغەمبەر خێر و خۆشی و ئاشتی بۆ مرۆڤ هێناوە و دژی هەر جۆرە كردەوەیەكی نامرۆڤانە وەستاوەتەوە.
ژمارەیەك لە مەسیحییەكان و ئاوارەکانی عەرەبی نیشتەجێی شاری سلێمانی بە جلوبەرگی تایبەتی خۆیانەوە بەشداری یادەكەیان كرد و پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی مسوڵمانانی كوردستان كرد.
قەشەی مەسیحییەكانی سلێمانی قەشە ئەیمەن لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەم بارەیەوە گوتی: "وەك كەنیسەی سلێمانی و نوێنەرایەتی مەسیحییەكان لە سلێمانی و قەشەی كەركووك و سلێمانی كلدانەكان ئەمڕۆ بەشداری یادی لەدایكبوونی حەزرەتی محەمەد (د.خ)مان كرد، ئەوەش هەنگاوێكە بۆ هاوكاری و پێكەوەژیان لەم وڵاتەدا".
قەشە ئەیمەن پشتیوانی پێكەوەژیانی ئایینەكانی كرد و گوتی: "پشتیوانی پێكەوەژیانی ئایینەكان دەكەین و بە كۆششی هەموو ئایینەكان پێكەوە بەرەو سەركەوتن و پێشكەوتن دەڕۆین. لە جیهاندا ململانێی ئایینی و تائیفی هەیە بەڵام بەپێچەوانەوە لە هەرێمی كوردستان بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ئەو ململانێیەمان كردووە و وەك مەسیحییەكانی كوردستان و سلێمانی لەگەڵ برایانی موسڵمانمان پێكەوە ژیاوین".