Dlshad Saifaalddin Ahmed
24 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2018
سلێمانی ـ AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، عادل موراد لە ئەڵمانیاوە گەیەنرایەوە هەرێمی كوردستان، لە فڕۆكەخانەی سلێمانی رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ پێشوازی كردن و بەڕێكردنی تەرمی ئەو سەركردەیەی یەكێتی ئەنجامدرا.
لە رێوڕەسمەكەدا، سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی یەكێتی و نوێنەری ژمارەیەک لە وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.
جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، كۆسرەت رسوڵ عەلی گوتاری حزبەكەی لە رێوڕەسمەكەدا خوێندەوە و باسی لە مێژوو و رۆڵی عادل موراد-ی وەك یەكێك لە دەستەی دامەزرێنەرانی حزبەكەی كرد.
كۆسرەت رەسول گوتی: "ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار و ناسكدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە داوا لە هەموو لایەك دەكەین بە بەرپرسیارێتی و هەستیاری مامەڵە بكەین لەگەڵ ئەو دۆخەدا، نەوەك پچڕپچڕ و لێكجیابونەوە ، وەك یەكێتی ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنەكان دانیشتن و گفتوگۆ بكەین تا بگەینە ئەنجامێكی باش، داواش لە هەموو لایەنەكان دەكەم پێكەوە بچنە بەغدا و یەكڕیزی نێوماڵی كوردی بپارێزن".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم وەك یەکێک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی لە گوتەیەكدا باسی لە سەرەتای كارو چالاکییەکانی عادل موراد-ی کرد كرد و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكارەكەی كرد .
دواتر بەدانانی تاجە گوڵینەی سەركۆماری عێراق و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم و نوێنەرانی هەر یەک لە وڵاتانی كۆماری ئیسلامی ئێران، رۆمانیا و فەڵەستین، هەروەها ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی و بنەماڵەی عادل موراد، كۆتایی بە رێوڕەسمەكە هێنرا و بەرەو گردی سەلیم بەگ لە شاری سلێمانی بەڕێكراو بەخاكسپێردرا.
عادل موراد یەكێك بووە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی کوردستان و لەمێژووی سیاسییدا چەندی پۆستی و بەرپرسیارییەتی ورگرتووە کە دواترینیان سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی بووە، ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی نەخۆشیەوە زیاتر لە وڵاتانی دەرەوە بووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
رۆژی هەینی رابردوو لە نەخۆشخانەیەكی شاری كۆڵن لە وڵاتی ئەڵمانیا لە تەمەنی 69 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.