Dilşad Seyfeddin Ahmed
10 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2015
لە شاری سلێمانی رێوڕەسمێكی تایبەت بۆ رێزلێنان لەو كارمەندانەی شارەوانی ئەنجام درا كە رۆژانە كاری پاككردنەوەی كۆڵان و شەقامەكانی شارەكە ئەنجام دەدەن، لەو رێوڕەسمەشدا پەردە لەسەر پەیكەرێكی تایبەت بە كارمەندانی ژینگەپارێزی سلێمانی لادرا.
هەروەها كامێرای تایبەت بۆ ژمارەیەك لە ئۆتۆمبێلەكانی شارەوانی دانرا، تاوەكو لە رێگەی ئەو كامێرایانەوە وێنەی ئەو كەسانە بگیرێت كە رۆژانە لە شەقامەكان یان شوێنەكانی گشتییدا خۆڵ و خاشاك فڕێ دەدەن و ژینگەی شارەكە پیس دەكەن.
شارەوانی سلێمانی بڕی سزای ئەو كەسانەی خۆڵ و خاشاك لە شوێنەكانی گشتیی فڕێ دەدەن و ژینگەی شارەكە پیس دەكەن لە 100 هەزارەوە تا 600 هەزار دینار دیاری كردووە، ئەوەش زۆرجار كێشەوگرفتی بۆ شارەوانی و هاووڵاتییان درووست كردووە.
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی یوسف یاسین لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قەیرانی دارایی كاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر پڕۆژەكانی شارەوانی سلێمانی و چەندین پڕۆژە بەو هۆیەوە وەستاون و تەواو نەكراون".
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی كرد بەوەی كە بۆ پاككردنەوەی شارەكە، سلێمانی بەسەر چوار كەرت دابەش كراوە ، كە سێ بەشی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە و بەشێكیشی لەلایەن كارمەندانی ژینگە پارێزی شارەوانییەوە پاك دەكرێنەوە و دەبرێتە ناوچەی تانجەرۆ لە باشووری سلێمانی كۆدەكرێتەوە".
یوسف یاسین ئەوەشی گوت كە "رۆژانە نزیكەی هەزار و 300 تۆن خۆڵ و خاشاك لە نێو سلێمانی كۆدەكرێتەوە و دەبرێتە ئەو شوێنەی دابینكراوە بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، پێشتریش گرێبەستێكی 25 ساڵیمان هەبووە لەگەڵ كۆمپانیایەك بۆ دامەزراندنی كارگەیەكی گەورەی ریسایكلینی خۆڵ و خاشاك كە بەگوێرەی گرێبەستەكە دەبوو پێش دوو مانگ تەواو ببێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بوودجەوە كە تەنها پێویستی بە دوو ملیار دینار هەبوو كارەكانی پڕۆژەكە وەستا".
لەلای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون دەستخۆشی لە كارمەندانی پاككردنەوە كردو گوتی: "سەرەڕای قەیرانی دارایی سەرۆكایەتی شارەوانی و دەزگاكانی دیكەی حكوومەت سوورن لەسەر ئەوەی هاوكاری هەموو كرێكارانی ژینگە پارێز بكەن بۆ جوانتركردن و پاككردنەوەی سلێمانی و بەردەوامی لە كارەكانیان ".
پارێزگای سلێمانی لە بارەی بوودجەی تایبەتی شارەكەوە بۆ پڕۆژەكان ئاماژەی كرد بەوەی، كە لە كۆی 17 ملیار دیناری بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكان تەنها نۆ ملیار دیناریان بۆ هاتووە كە ئەوەیش دەدرێتە ئەو پڕۆژانەی لە ساڵانی رابردوو لەسەر ئەو بوودجەیە ئەنجامدراون، لە كاتێكدا ساڵی 2013 لەسەر بوودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكان 373 ملیار دیناریان وەرگرتووە.