Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2017
سلێمانی - AA
بە هۆی رووداوێكی هاتوچۆ لەسەر رێگای سەرەكی سلێمانی-كەركووك و لە نزیك قەزای چەمچەماڵ، كەسێك گیانی لەدەستدا و 35 كەسی تریش بریندار بوون.
رووداوەكە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگای سەرەكی نێوان كەركووك و سلێمانی و لە نزیك قەزای چەمچەماڵ ( 66 كلم رۆژئاوای سلێمانی) لە نێوان پاسێكدا كە حاجیانی پارێزگای كەركووكی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی دەگواستەوە بە مەبەستی بەڕێكەوتنیان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا كرۆلا روویداوە.
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ، ئەیوب حەمەغەریب لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند "بە هۆی رووداوەكەوە 17 كەس گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ و چارەسەریان بۆ كراوە و لە شوێنی رووداوەكەش چارەسەری پزیشكی بۆ 18 كەسی دیکە كراوە، هەروەها یەك لەو كەسانەی لە رووداوەكەدا بریندار بووە بە مردویی گەیشتووەتە لای ئێمە كە ئافرەتێكە".