Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی – AA
بازاڕی دارەسووتاوەكەی سلێمانی یەكێكە لە جەنجاڵترین و دیارترین بازاڕەكانی سلێمانی كە دەكەوێتە ناوەندی شارەكەوە و رۆژانە هەزاران كەس لە دانیشتوانی شارەكە سەردانی دەكەن، ئەم بازاڕە زیاتر بە بازاڕی كۆنە و ئامێرە بەكارهاتووەكان دەناسرێت و ئەو كەسانەی خوازیاری كڕینی كاڵا و كەلوپەلی كۆن و بەكارهاتوون روو لەو بازاڕە دەكەن.

لەئێستادا كە وەرزی سەرماوسۆڵە دەستیپێكردووە، بازاڕی سۆبا و ئامێرە كارەباییەكانی خۆگەرمكردنەوە گەرم بووە و خواست لەسەر ئامێرە كۆن و بەكارهاتووەكان زیاترە، لەم بازاڕەش ژمارەیەكی زۆری ئەو ئامێرانە دەبینرێن و كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت.

بەگوتەی فرۆشیارێكی بازاڕەكە، جگە لە قەیرانی دارایی كە هۆكارێكی سەرەكی پەنابردنی هاووڵاتییانە بۆ كڕینی ئامێرە بەكارهاتووەكان، تاقیكردنەوە و دڵنیابوون لەو ئامێرانەش هۆكارێكی تری زۆری خواست و داواكارییە لەسەر ئەو ئامێرانە.

هەروەها دوكان و وەستاكانی چاكکردنەوەی سۆبا لە شارەكە، لەم رۆژانەدا سەرقاڵی زیاتریان هەیە و رۆژانە ژمارەیەكی زیاتری خەڵك سەردانیان دەكەن بۆ چاككردنەوەی سۆباكانیان و بەكارهێنانەوەیان لە ماڵ و شوێنەكانی كاركردنیاندا.