Rewa Mahmood Hasan
11 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 13 مای,س 2020
سلێمانی - AA
دوای ئەوەی کە زیاتر لە دوومانگ نوێژکردنی بەکۆمەڵ و خوتبەدان لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی بەهۆی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە هەڵپەسێردرابوو، دواجار ئەمڕۆ ١١ی ئایار کە رێککەوتە لەگەڵ ١٨ی رەمەزان لە کاتژمێر١١ی پێشنیوەڕۆدا کرایەوە بەڕووی موسڵماناندا.
دەرگای مزگەوتەکان کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ بەڕووی موسڵماناندا کرایەوە و هاووڵاتییان پەیتا پەیتا روویان دەکردە مزگەوتەکان بۆ ئەنجامدانی نوێژی نیوەڕۆ.

مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی کە یەکێکە لە مزگەوتە دێرینەکانی شارەکە، دوای کردنەوەی دەرگاکەی رێنمایی دەدرا بە هاووڵاتییان و موسڵمانان کە پابەند بن بە رێنماییەکانی تەندروستیی بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.
لەگەڵ بانگی نیوەڕۆدا مامۆستای مزگەوتەکە، پێشنوێژخوێنی مزگەوتی گەورە مامۆستا مەلا مستەفا عەبدولرەحمان، داوای لە نوێژخوێنان و موسڵمانانی ماڵی خوا کرد کە بەتەواوی پابەندبن بە رێنماییەکان و ئامۆژگاری موسڵمانانی دەکرد کە سوپاسی یەزدان بکەن لەسەر دوورخستنەوەی ئەو بەڵایە کە زۆربەی وڵاتانی گرتەوە و بە زیانێکی کەم هەرێمی کوردستان لەو ڤایرۆسە رزگاری دەبێت.

بانگبێژی مزگەوتەکە مامۆستا محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان فەرمانی کردنەوەی مزگەوتەکەیان لە وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی وەرگرتووە بە مەرجی جێبەجێکردنی رێنماییەکان، تاکو هەموولایەک بەدووربگرن لە بەرکەوتن و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی مزگەوتەکان کراونەتەوە بەڕووی عیبادەتدا و زۆربەی موسڵمانان پابەندن بە رێنماییەکان لەوانە دوور وەستان لەیەکەوە لەکاتی نوێژدا، هێنانی بەڕماڵی تایبەت بەخۆیان و گرتنی دەستنوێژ لە ماڵەکاندا پێش هاتنە مزگەوت.
هاووڵاتی حاجی غەریب ئەحمەد ٦٥ ساڵ کە لە سوچێکی مزگەوتەکەدا دانیشتبوو، دوای ئەنجامدانی نوێژی فەرزی نیوەڕۆ بە جەماعی و ئەنجامدانی نوێژی سوننەت و بردنی سوجدەی شوکر بۆ رزگاربوون لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە ئەو زۆر دڵخۆشە بە کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان، بەتایبەت کە مانگی رەمەزانە.

ئەو کە کاسبکارێکی نێو بازاڕی شاری سلێمانی-یە، باسی لەوە دەکرد کە پێش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژانە دوو نوێژی فەرزی لە مزگەوتی بازاڕدا ئەنجام داوە، بەڵام لەکاتی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی و وەزارەتی ناوخۆدا لە ماڵەوە نوێژەکانی ئەنجام داوە و بگرە زیاتریشی ئەنجام داوە چونکە کاتی زیاتری هەبووە لەماڵەوە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە.

حاجی غەریب ئەحمەد داوای لە موسڵمانان کرد کە تەواوی رێننماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن کە لە قازانجی موسڵماناندایە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر موسڵمانان پابەند نەبن بەڕێنماییەکانەوە ئەوا بە زیانی خۆیان دەشکێتەوە و نوکتەیەکی مامۆستای مزگەوتەکەی گێرایەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و گوتی: "مامۆستا جاران کە نوێژی دەبەست داوای لە موسڵمانان دەکرد کە سەفەکانیان رێکبخەن و شانبنێن بە شانی یەکەوە، وەک سوننەتێکی نوێژی جەماعەت، بەڵام کەم بەقسەیان دەکردن، ئێستا کە مامۆستایان داوا دەکەن لەبەر رێنماییە تەندروستییەکان کەمێک لێک دوور بکەونەوە، دیسان کەم بەقسەیان دەکرێت کە ئەمەش شتێکی خراپە".