ژيان

ئەمڕۆ یەکەم رۆژی وەرزی پاییزە لە نیوە گۆی باکووری زەوی

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی ئەیلوول یەکەم رۆژی پاییزە لە نیوە گۆی باکووری زەوی.

Heman Hussein Yaseen  | 21.09.2021 - نوێکردنەوە : 22.09.2021
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی وەرزی پاییزە لە نیوە گۆی باکووری زەوی

Arbil

هەولێر - AA

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی ئەیلوول یەکەم رۆژی پاییزە لە نیوە گۆی باکووری زەوی.

لەمبارەیەوە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان دۆێنی رایگەیاند کە ھاوکات کە سبەی چوارشەممە لەلای ئێمە یەکەم رۆژی وەرزی پاییز دەبێت، ئەوا لە بەشی باشووری نیوە گۆی زەوی، وەرزی بەھار دەست پێ دەکات.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، ئەژی چەتۆ حەسەن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەرزی پاییز لە رووی فەلەکییەوە دەکەوێتە چوارچێوەی دیاردەیەک کە پێی دەڵێن هەڵگەڕانەوەی پاییزە کە سبەی چوارشەممە ٢٢ی ئەیلوول دەکات، لەم رۆژەدا زەوی دەگاتە نێوەندی دووری لەگەڵ خۆر، نزیکەی ١٥٠ ملیۆن کیلۆمەتر دەبێت، لەسەر ئاستی نیوەگۆی باکووری زەوی، کاتژمێرەکانی شەو و رۆژ تاڕادەیەک یەکسان دەبێت، بەڵام زانایان دەڵێن ماوەی رۆژ کەمێک درێژترە، بەڵام زۆر ھەستی پێ ناکرێت، بەگشتی پلەکانی گەرما دادەبەزن و ھەستی پێدەکرێت و سەیر دەکەین لە دوای کۆتایی ئەیلوول ھەوری بەرز پەیدا دەبێت".

ئەژی چەتۆ گوتیشی: "ئەگەر لەلای ئێمە پاییز بێت ئەوا لە نیوە گۆی باشووری زەوی سەرەتای وەرزی بەھارە، ئەگەر لەوێ بەھار دەست پێ بکات، ئەوا لەنیوەگۆی باشوور سەرەتای پاییزە دەبێت".

لەبارەی جیاوازی نێوان زانستی فەلەکی و مانگی کوردیییەوە لەسەر دەستپێکی وەرزەکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ھەر وڵات و گەل و نەتەوەیەک خوێندنەوەیەکی تایبەتی ھەبووە بۆ مانگەکان، بەڵام بەگشتی ئێمە ساڵی شەمسی و ساڵی قەمەڕیمان ھەیە، ئەگەر سەیر بکەین لە رووی دابەشبوونی مانگەکان بەسەر وەرزەکاندا، ئەوا ساڵی شەمسی رێکترە و جێگیرە، بەڵام بۆ کاتی زۆر ورد ئەوا ساڵی قەمەری رێکترە، بەڵام نەتەوەکان لە کۆنەوە بە چاو سەیریان کردووە و حساباتیان کردووە و رێک دەرچووە، بەڵام مەرجیش نییە ھەر ھەمووی راست دەرچووبێت، چونکە سەیر دەکەین لەگەڵ حساباتی فەلەکی جیاوازە".

ئەژی چەتۆ حەسەن گوتیشی: "جیاوازییەکە لەوەیە، ئەگەر سەیر بکەین لەلای ئێمە و زۆربەی نەتەوەکانیش، ٢١ی ئادار یەکەم رۆژی وەرزی بەھارە، بەڵام لە زانستی فەلەکییدا جیاوازە بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٠دا یەکەم رۆژی نەورۆز ٢٠ی ئادار بووە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٤دا، یەکەم رۆژی وەرزی بەهار دەکەوێتە ١٩ی مانگ و لە ساڵی ٢٠٢٥ دا یەکەم رۆژی وەرزی بەهار دەکەوێتە ٢٠ی ئادار و ئەمانە هەمووی پەیوەندی بە زانستیی فەلەکییەوە هەیە".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، ئەژی چەتۆ حەسەن ئاماژەی بەوەیش کرد کە پارساڵ وەرزی پاییز لە ٢٢ی ئەیلوول بووە، ئەمساڵ و ساڵی داهاتوویش لە هەمان رۆژە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەبینین یەکەم رۆژی وەرزی پاییز دەکەوێتە ٢٣ی ئەیلوول و لە ساڵی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا دەگەڕێتەوە بۆ ٢٢ی ئەیلوول کە ئەمە حساباتێکی وردی فەلەکییە".

لەبارەی گۆڕانکاریی ئاوهەواشەوە، ئەژی چەتۆ حەسەن گوتی: "مەرج نییە یەکەم رۆژی وەرزی پاییز کەشوھەوا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بەڵام لە رووی فەلەکییەوە نێوەندی دووری زەوی لەگەڵ خۆر دەبێتە مامناوەند، چونکە لە وەرزی بەهاریش خاڵی مامناوەند هەیە، زەوی نە دوورە و نە نزیکە لە خۆر، بەڵام رۆژەکانی دیکە وردە وردە پلەکانی گەرما دادەبەزێت بەهۆی کشانی خۆرەوە بەپێی خولگەی زەوی و لاریی گۆشەی خولانەوەی زەویی بە ٢٣ پلە وا دەکات وردە وردە تیشکی خۆر بکشێت و بچێتە سەر هێلی کەمەریی زەوی، بەڵام هێشتا بەرەو ناوچەکانی خوارەوەی زەوی دەڕوات و ئەمە وا دەکات لە ٢٠ی کانوونی یەکەم وەرگەڕانی زستانە دەست پێ بکات".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın