Rewa Mahmood Hasan
28 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2022
سلێمانی - AA
ناوچەی هەورامان کە ناوچەیەکی سەختی ئاووهەوا فێنکی پارێزگای هەڵەبجەیە، بەسەوزترین ناوچەی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت و لەئێستادا لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییزدا، سەرجەم رەنگەکانی خەزان ناوچەکەیان داپۆشیوە و دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و دڵرفێن دەبەخشن.
رەنگی زەردی گەڵای پاییز و مانەوەی هەندێکجاری سەوز وەک خۆی، ئاسمانێکی شین و شاخێکی تەماوی دیمەنی ئەفسوناوییان بەخشیوەتە هەورامان و بەو هۆیەوە گەشتیارێکی زۆر روو دەکەنە ناوچەکە.
ناوبەناو خەڵکی گوندەکانی هەورامان بەدی دەکرێن کە سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوە و ئامادەکارین بۆ هاتنی وەرزی زستان و سەرماوسۆڵە کە پلەکانی گەرما تیایدا بۆ چەندین پلە ژێر سفری سەدی دادهبهزێت. بۆ ئەو مەبەستە داربڕین بۆ زۆپای دار، یەکێکە لە سیما جوانەکانی وەرزی خەزان لە هەورامان.
دیمەنی تەمی سەر شاخەکان کە تا دامێنی هاتووە و هەندێک گوندی داپۆشیوە هێندەی تر ناوچەکەی سەرنجڕاکیش کردووە.
ناوبەناو فۆتۆگرافەران و گەشتیاران روودەکەنە ناوچەی هەورامان تاوەکو ئەو دیمەنە ئەفسوناییانەی کە سروشتی پاییز بەخشیویەتە ناوچەکە بە زیندوویی لای خۆیان بیهێڵنەوە.
هەورامان ناوچەیەکی کوردنشینە و پڕیەتی لە شاخ و داخ و چیا و دۆڵ و نشێو، چەندەها دەربەند و نواڵە و کەمەر و مای تێدایە، دەشتایی و تەختایی زۆر کەمە شاخ و چیاکانی هەورامان درێژبوونەوەی زنجیرە شاخەکانی (زاگرۆس)ن بەرزی شاخەکانی لەنێوان (١٢٧٠-٣٣٩٠م)دان.