Rawan Subhi Obaidullah
28 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2022
دھۆک – AA
بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژبە ژنان، له شارى زاخۆ هەڵمەتی ١٦ رۆژى بهرهنگاربوونهوهى توندوتيژى دژبە ژنان راگهياندرا.
سەرۆکی رێکخراوی رەوشەن بۆ داکوکیکرن لە مافی ژنان، نازدار عارف کە دەستپێشخەری چالاکییەکە بووە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دا کە بە پشتیوانی و سەرپەرشتی ئیدارەی زاخۆ، گوھدار شێخو و بە ھەماھەنگی لەگەڵ زانکۆی زاخۆ دەستیان بە کەمپینی ١٦ رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتوتیژی دژبە ژنان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردووە.
نازدار عارف گوتیشی: "چەندین چالاکی جۆراوجۆر لە کەمپی ئاوارە و پەنابەران، قوتابخانەکان و زانکۆی زاخۆ ئەنجام دەدرێت. ساڵ دوای ساڵ ئێمە ھەست دەکەین زیاتر گرنگی بەم رۆژە جیھانییە دەدرێت، ئەمساڵ چەندین دام و دەزگای سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەشدار دەبن کە جێگای دلخۆشییە و زیاتر ئامانجمان دەپێکین بەوەی دیاردەی توتدوتیژی ساڵ دوای ساڵ کەمتر بێت و کۆمەڵگایەکی تەندروست بنیات بنێین".
هەڵمەتی ١٦رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، هەڵمەتێکی ساڵانەی جیھانییە بۆ کۆتاییھێنان بە توندوتیژی دژبە ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەم تا ١٠ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک دەخایەنێت.
بەپێی ئاماری ١٠ مانگی ئەمساڵ لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە پارێزگای دھۆک، سێ هەزار و ٦٢٧ سکالا تۆمارکراون و دوو هەزار و ٤٠٢ کەیس چارەسەرکراون و ٣٨٣ سکالاش بۆ دادگا نێردراون.
قایمقامی زاخۆ، موشیر محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بێگومان ھەندێک پێشێلکاری دەرحەق بە ژنان دەکرێت بۆیە ئەو پرسە ھەموو ساڵ دەورووژێنرێت، پێم باشە ھەموو ساڵێک چەندین وۆرکشۆپ و سیمیناری جیاواز لەنێو چینی جیاوازی کۆمەڵگادا ھەبێت بۆ ئەوەی زیاتر لێکتێگەیشتن لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگا دروست ببێت بە تایبەتی ژن و مێرد و ئاشنای ماف و سزاکان ببن و بزانن زیاتر کێ ئەم مافەی زەوت کردووە و ھەموو رۆژێک بکەینە رۆژی لێکتێگەیشتن".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ھەرێمی کوردستان، ٢٤ ژن کوژراون و ٦١ ژنیش خۆیان کوشتووە.
مامۆستا لە زانکۆی زاخۆ، نزار عیسمەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە کرد کە ئەنجامدانی چەندین سمینار و وۆرکشۆپ سەبارەت بە کێشەکانی ژن لە زانکۆ وەکو شوێنێکی فێربوون و زانست گرنگی خۆی ھەیە دەمانەوێت لەڕێی لێکۆلینەوەی زیاتر لە کێشەی ژنان ورد ببینەوە و رۆشنبیری قوتابییانیش لەم بارەیەوە زیاتر بکەین و بگەینە چەندین رێگاچارەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٩وە رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی وەکو رۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندوتیژی دژبە ژنان دیاری کردووە، لەو رۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر لە وڵاتان ئەنجام دەدرێن بۆ نەھێشتنی توندوتیژی دژبە ژنان و لە بەشیک لە وڵاتانیش ژنان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن.