Rewa Mahmood Hasan
19 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2020
هەڵەبجە - AA
لینکی ڤیدیۆ https://www.aa.com.tr/ks
لە هەموو جیهاندا رۆژنامەنوسان ئەرکەکانی خۆیان لەپێش هەموو شتێکەوە دادەنێن و وەک زۆرێکی تر لە پیشەکانی تر کە فیداکاری پێویستە، لەژیانی خۆیان دەبوورن و ئەرکەکانی خۆیان دەخەنە پێش، هەر بۆیە ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەرشانیان، پرسیارێکی گرنگ هەیە لەسەر ئەرکی رۆژنامەنوسان، کە ئایا مرۆڤایەتی پێش پیشەکەیان دێت یان بە پێچەوانەوە.
زۆر نموونە هەن لە جەنگەکان و کاولکارییەکانی سەدەکانی پێشوو و ئێستاشدا، کە زۆرێک لە رۆژنامەنوسان وێنەو هەواڵی کارەساتێکی جەرگبڕ دەگوێزنەوە، هەرچەندە توانیویانە کە ئەرکيکی مرۆڤایەتی بەجيبگەیەنن و رێگە بگرن لە روودانی کارەساتێک، تەنیا لەبەر ئەوەی کە پیشەکەیان خۆشدەوێت و پێشی دەخەن.
لە هەرێمی کوردستانیش زۆرن ئەو رۆژنامەنووسانی کە پیشەکەیان دەخەنە پێش مرۆڤایەتی، بەڵام زۆربەی رۆژنامەوانان مرۆڤایەتی لەپێش ئەرک و ماندووبوونەکانیان دادەنێن.
رۆژنامەوانێک لە پارێزگای هەڵەبجە کاری پیشەییەکەی پشتگوێدەخات و هەوڵی رزگار کردنی کەسێک دەدات کە خەریکە خۆی و ماڵ و منداڵەکەی گڕ تێبەردەدات بەنەوت.
وریا حەمە کەریم کە کاری پەیامنێری دەکات بۆ کەناڵێکی راگەیاندن، لەوکاتەی سەرقاڵی رووماڵی هەواڵێک دەبێت لەبەردەم بینای سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجەدا، ئەرکەکەی خۆی بەجێدەهێڵێت و رێگری دەکات لە کەسێک کە هەوڵ دەدات خۆی و منداڵ و خێزانەکەی بسوتێنێت، لەو کاتەدا وریا مایکەکەی بەجێدەهێڵێت و ئەرکی رۆژنامەوانیەکەی پشتگوێ دەخات و لەهەوڵی رزگار کردنی ئەو خێزانەدا دەبێت.
وریا بەم شێوەیە چیرۆکی خۆی و ئەو خێزانە دەگێڕێتەوە کە لەهەوڵدابوون بۆ خۆسوتاندن و دەڵێت، ''کەسێک بەناوی عومەر پەیوەندی پێوە کردم کە شارەوانی هەڵەبجە بە بیانووی تەجاوز، رێگە نادەن مێز و کورسیەک دابنێت بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات، پێی گوتم دەمەوێت خۆم و منداڵەکانم بسوتێنم، منیش هەوڵی هێور کردنەوەییم دەدا لەتەلەفۆنەکەدا پێمگووت 'ئەوە دێم بەس دەنگی ناڕەزایەتیت دەگەیەنم نەک دیمەنی خۆسوتاندنت، بۆیە کاری لەو شێوەیە مەکە.' و کەگەیشتمە شوێنەکە دیمەنێکی تراژیدیا خەریک بوو روویدەدا.''
وریا باس لەوە دەکات کە ئەو کاتەی گەیشتۆتە بەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی کەسەکە دەبەیەک نەوتی پێبوو خەریک بوو بیکات بە هاوسەر و منداڵەکەیدا لە داخی ئەوەی رێگەی نادەن لەشوێنی تەجاوز کاسپی بکات و دەڵێت،'' منیش مایکەکەم داناو بە کامێرامانەکەم گووت بەهیچ شێوەیەک وێنەنەگریت، ئێمە کاری مرۆڤدۆستانە دەخەینە پێش پیشەی رۆژنامەنوسییەوە، هەوڵی رێگری کردنمان داو دەبەمە نەوتەکەمان لێسەند بە هاوکاری کۆمەڵێک کەسی تر لەوناوەو رێگریمان کرد لە تراژیدیایەک کە خەریک بوو رووبدات.''
وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کەسێک بە دەبەیەکەوە دەبینرێت و دوای ئەوەی ژنێک و منداڵێک پێش خۆی دەدات بۆ نێو حەوشەی بینای شارەوانیی، لەکاتێکدا سەرقاڵی رشتنی شلەمەنی نێو دەبەکەیە بە خۆی و ژن و منداڵێکدا، کەسێک لەبەردەم دەرگاکەوە دەچێتە ژوور و رێگری دەکات لە چیتر رشتنی نەوتی نێو دەبەکە بە گیانی خۆی و ژن و منداڵەکەیدا.
ئەو رۆژنامەنوسە باس لەوە دەکات کە بژێوی ژیان و سەختیەکانی ژیان لەرۆژانی ئێستادا بەرۆکی زۆر کەسی گرتۆتەوەو ئێمە رۆژانە ناچارین دیمەنی زۆر تراژیدی وێنەبگرین و هەواڵی لێ دروست بکەین، بەڵام هەرگیز رێگە بەخۆمان نادەین کاری مرۆڤانە بخەینە پاش پیشەو ئەرکە.
- کێشەی ئەو کەسە لەچیەوە سەرچاوەی گرتووە
وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە کوێستان ئەکرەم فەرەج ئاماژەی پێ دەدات، کەسێک بەناوی عومەرەوە هاتە شارەوانی و داوای کرد رێگەی پێبدەن لەشوێنێکدا کار بکات و دەڵێت،'' پاش ئەوەی بۆمان دەرکەوت ئەو شوێنە تەجاوزەو رێگری لە هاتووچۆ دەکات، بۆیە رازی نەبووم کە یاسا پێشێڵ بکرێت، چونکە پێشتر چەند کەسی تریش لەسەر ئەو دۆسیە دراون بە دادگا.''
کوێستان ئەکرەم باس لەوە دەکات، ئەو شوێنەی کە ئەو کاسبکارە ویستوویەتی وەریگرێت بۆ ئەوەی رۆژانە کاری لێبکات شوێنێکی نەشیاوە بۆ کار کردن و پێشنیاری شوێنی ترمان بۆ کردووە قبوڵی نەکردووە.