سلێمانی-AA
کلو ناوی ئەو پشیلەی جۆری (پشیلەی وان)ە کە لە سلێمانی و لەنێو ماڵێکدا ژیان بەسەردەبات. ئەو هاوشێوەی کلوی بەفر سپیەو هەربۆیە خاوەنەکەی ناوی ناوە کلو. چیرۆکی کلو سەرنجراکێشە و هەندێک لە هاوکێشە زانستیەکان کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە بڵاو بوونەوە پێچەوانە دەکاتەوە.
کلو بۆ ماوەی ١٠ رۆژ تووشی نەخۆشیەک دەبێت کە هاوشێوەی نەخۆشی خاوەنەکەی بووە، هەمان دەرزی و چارەسەریی بۆ کلو-ش بەکاردەهێنرێت لەلایەن پزیشکانی ڤێرتەرنەریەوە، کە پێشتر لەلایەن دکتۆرەکانەوە بۆ نیان محەمەد بەکار هاتووە کە توشبووی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩)بوو.
پێشتر لەلایەن هەندێک راپۆرتی پزیشکیەوە ئاماژە بەوە دەکرا کە ئاژەڵان ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ-یان بۆ ناگوێزرێتەوە، دوای دەرکەوتنی چەند حاڵەتێکی دەگمەنی توشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتانی جیای جیهان، ئێستا دەرکەوتووە کە دەکرێت پشیلەش لەنێو ئاژەڵەکاندا ڤایرۆسەکەیان بۆ بگوێزرێتەوەو توشبوون لە مرۆڤەکانەوە.
چیرۆکی ئەمجارەی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە پشیلەیەک دەکات کە لە خاوەنەکەیەوە تووشی کۆرۆنای نوێ بووە.
نیان محەمەد کە پیشەی رۆژنامەنووسە و لە سەرەتای تەممووزدا تووشی کۆرۆنای نوێ دەبێت، بەتەنیا خۆی لەماڵەوە لەگەڵ پشیلە تاقانەکەیدا کەرەنتین دەکات، نیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی چیرۆکی توشبوونی خۆی و کلو بە پەتای کۆرۆنا دەکات.
نیان محەمەد دەڵێت، "ئێمە لەسەرەتای مانگی تەمووزدا من و دایکم و خوشکێکم تووشی کۆرۆنا بووین، لەکاتی توشبوونمدا کلو-مان جیانەکردووە لە خۆمان، چونکە وامان بیستبوو کە ئاژەڵە ماڵییەکان نەخۆشی کۆرۆنایان بۆ ناگوازرێتەوە، کلو سروشتی وەهایە کە بەدەستی خۆم نەبێت خواردن ناخوات و تێرناخوات ئەگەر خۆم خواردنی پێ نەدەم، شوێنی خەوتنیشی لەتەنیشت منەوەیە، دوور ناکەوێتەوە، لەکاتی نەخۆشیەکەشمدا من چەندە بێهێز، بێتاقەت و ماندوو بووم، هەر بەدەستی خۆم نانم دەدایە، دواتریش لەکاتی پاڵکەوتن و خەوتنمدا بەدەورمدا دەهات، تا رۆژێکیان لەنیوەی نەخۆشیەکەی خۆمدا، هەستم کرد کلوش بێتاقەت دەبێت، دەکەوێت، حەزی بەیاری کردن نەمابوو، لەسەرەتادا وامزانی لەڕووی دەروونییەوە کاریگەریی تێکردووە، بۆیە تەلەفۆنم کرد بۆ دکتۆرەکەی، حاڵەتەکەیم بۆ باس کرد، ئەویش پێی گوتم 'هیچ نییە و حاڵەتی دەروونیە، کاتێک ئەو هەست دەکات دایکی بێتاقەتە (واتە خۆم) و تاقەتی یاریت نییە لەگەڵیدا، بۆیە حاڵەتێکی دەروونییە و هیچ لێی مەترسە'."

''دەستبەرداری نەخۆشیەکەی خۆم بووم و بەهیلاکی "کلو"م بردە لای دکتۆرەکەی تاکو چارەسەری بکات''
نیان باس لەوە دەکات کە پشیلەکەی بەردەوام لاواز دەبێت و بەزەویدا دەکەوێت و وردە وردە پلەی گەرمی لەشی بەرز دەبێتەوەو هیچ جۆرە خواردنێک ناخوات و ئارەزووی خواردنی نامێنێت و دەڵێت، ''دوای دوو رۆژ سەری لوتی سووری بوو ئیتر هیچ خواردنی نە دەخوارد، دەستم بۆ برد، تاکەی بەرزببوویەوە، دواتر تەلەفۆنێکی ترم بۆ کرد و قەترەیەکی بۆ نارد، ئەوەش هیچ کاریگەریی نەبوو، تاکەی دانەدەبەزی، بۆیە بەناچاری بردم بۆ لای دکتۆرەکەی هەرچەندە دۆخی خۆم زۆر خراپ بوو، نەمتوانی وازی لێبهێنم، دەستبەرداری نەخۆشیەکەی خۆم بووم و کلوم بردە لای دکتۆرەکەی و لەوێ هەندێک پشکنینی بۆ کرا''.
کاتێک کلو دەبرێتە لای نۆرێنگەی ئاژەڵان، لەوێ دکتۆرەکەی بەناوی د.بەرهەم جەلال ئاماژە بەوە دەکات کە نیشانەکانی پشیلەکە زۆر نامۆ بوون، ئەویش بریتی بوو لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشی کە گەیشتبوویە سەرو ٤٠ پلە، هاوکات نەمانی ئارەزووی خواردن، هەناسە تەنگی، بوونی رێژەیەکی بەرزی هەوکردنی ناوسک (ئیلتیهاب) و بێهێزی زۆر، کە هەموو ئەمانە نەدەتوانرا لە پشیلەیەکدا کۆبێتەوەو دەڵێت، ''بەشێوەیەکی گشتی پشکنینمان بۆ ئەنجام دا، پلەی گەرمیمان وەرگرت و پشکنینی گشتیمان بۆ کرد، دوای ئەوەی کە پرسیمان خاوەنەکەی تووشی کۆرۆنا بووە، بۆمان دەرکەوت کە ئەمە تووشبووی گوماناوەیە (Suspected Diagnosis )حاڵەتی گوماناوی تووشبووی کۆرۆنایە، چونکە تائێستا کیتی پشکنینی تایبەت بە ئاژەڵانمان بۆ نەهاتووە بۆ دیاری کردنی توشبوونی کۆرۆنا لە ئاژەڵاندا''.
دوای ئەوەی کە کلو دەبێتە کەیسێکی گوماناوی کۆڤید-١٩ لەنێو ئاژەڵاندا، نیان کە خاوەنی ئەو پشیلەیەیە پێکەوە هەردووکیان خۆیان کەرەنتین دەکەن و لەوێ پرۆسەی چارەسەرییەکانی نیان و کلو پێکەوە دەستپێدەکات.
نیان باس لەوە دەکات کە هەمان ئەو چارەسەرییانەی بۆ من بەکار هات بۆ کلو-ش نووسراوە، لەوێوە چارەنووسی هەردووکمان بەسترابوو بەیەک جۆر دەرمانەوەو دەڵێت، ''دەرزی ژێرپێستیان بۆ کلو نووسی کە تایبەت بوو بە ئاژەڵان، هاوشێوەی خۆم کە ٥ دەرزیم هەبوو، ڤیتامین سی بۆ نووسرا بەشێوەی حەپ کە خۆشم ڤیتامین سی، زینک و ڤیتامین دی-م بەکاردەهێناو دکتۆر بۆی نوسیبووم، دەرزی هەوکردنمان هەبوو لەگەڵ دایکم چونکە سەرەتا دۆخی تەندروستیمان زۆر خراپ بوو، ئەم دەرمانە بۆ کلوش نووسرا کە جۆرێکی تایبەت بوو بە ئاژەڵان، تاکەشیمان بە دەرزی دابەزاند ئەمەش هاوشێوەی خۆم''.
دکتۆربەرهەم جەلال ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆسەی چارەسەریی ئەو پشیلەیە ماوەی ٥-١٠ رۆژی خایاندووە و دەڵێت، ''لە هەرێمی کوردستان و جیهانیشدا تائێستا ڤاکسینی کۆڤید-١٩ نەدۆزراوەتەوە و نیمانە، تەنیا وەک چارەسەریی ئەوەیە هەر نیشانەیەک لە نەخۆشەکەدا دەربکەوێت، بە دەرمانی پێویست هەوڵی کەم کردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو نیشانەیە دەدرێت تاوەکو نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە، بۆیە دەرزی دابەزینی تا، کەم کردنەوەی ئیلتیهاب، حەپی زیاد کردنی ئیشتیها و ڤیتامین سی بۆ بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگریمان بۆ کلو نووسی تاوەکو رزگاری بێت و نیشانەکان تێیدا هێور ببنەوە."
- "رۆژانە پێش ئەوەی خۆم چارەسەرییەکانی کۆرۆنا وەرگرم، کلو-م دەبردە لای دکتۆرەکەی"

نیان باس لەوە دەکات کە ماوەی یەک هەفتە پشیلەکەی کەناوی کلو-ە لەژێر چارەسەرییدابووە و دکتۆرەکان هۆشداری ئەوەیان داوەتێ کە ئەگەر لەماوەی یەک هەفتە زیاتر دەرزیەکان بەکاربهێنن بۆی ئەوا ئەگەر هەیە زیانی گەورە بە گورچیلەکانی پشیلەکە بگەیەنێت و دەڵێت، ''پێیان گووتم کە ناتوانن لەوە زیاتر دەرمانی بۆ بنووسن بۆیە هێنامە ماڵەوە و رێنماییان کردم ئەگەر تاکەی بەرزبوویەوە بە پەڕۆی تەڕ دایبەزێنم و ئاوی ساردی بۆ بەکاربهێنم''.
نیان رۆژانە ٩ بتڵ ئاو، ٤ دەرزی ژێر پێست و هەوکردنی بۆ نەخۆشیەکەی کە کۆرۆنای نوێ بوو بەکاردەهێنا، بەڵام لەو دۆخە خراپەدا ئاگای لە پشیلەکەی دەبێت و زیاتر هەستی بۆی دەجوڵێت و لەو ماوەیەدا زیاتر هۆگری یەکتر دەبن، لەکاتی پرۆسەی چارەسەرییدا هاودەردی یەکتر دەبن و دەڵێت، ''رۆژانە پێش ئەوەی خۆم چارەسەرییەکانی کۆرۆنا وەرگرم لەلای دکتۆر، کلوم دەبردە لای دکتۆرە تایبەتەکەی و چارەسەرییەکانی ئەوم وەردەگرت، دواتر دەهاتمە ماڵ و دکتۆرەکەی خۆم دەهات بۆ پێدانی چارەسەرییەکانی خۆم''.
نیانی رۆژنامەنووس لەسەر باسی تایبەتمەندیەکانی پشیلەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە پشیلەکەی لە جۆری پشیلەی وان-ی تورکیە و زیاتر وا ناسراوە کە خاوەنی مامەڵەیەکی میزاجیە و حەزی بە باوەش نیە، هەرکاتێک خۆی بیەوێت ئەو کاتە یاری دەکات هەرکاتێک حەزی پێی نەبێت لە سوچێکدا دادەنیشێت و وەڵامی هیچ شتێک ناداتەوە و دەڵێت، ''من زۆر باش رامهێناوە، ئەو کاتانەی حەزی بە دەرەوەیە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەمدا دەیگەڕێنم بەهیچ شێوەیەک حەزی بە قەفەزە تایبەتەکەی نییە، ئەم بە پێچەوانەی پشیلەکانی تر دایم حەزی بە گەڕانە لە دەرەوەی ماڵ. فێرم کردووە کە هیچ گرێیەکی دەروونی نەبێت وەک پشیلەکانی تر، واتە پشیلەکان لە خەیار لە کۆمەڵێک شتی تر دەترسن ئەم یارییان پێ دەکات''.

ئەو بەخێوکەرەی پشیلەیە کە ئێستا ماوەی مانگێکە نەخۆشیەکەی تێپەڕاندووە لەگەڵ پشیلەکەیدا باس لەوە دەکات کە نەخۆشیەکە کاریگەریی خراپی لەسەر بەجێ هێشتوون، لەوانە زۆر خۆری، هیلاک بوون و دەرکەوتنی ماتیەک کە هەندێک جار حەز دەکەیت بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ جوڵە و قسە بمێنیتەوە، بەهەمان شێوە لە پشیلەکەشدا ئەو نیشانانە ماون و کاتی دەوێت کە تێیان پەڕێنن.
news_share_descriptionsubscription_contact

