Heman Hussein Yaseen
02 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2020
ههولێر- AA
بەپێی راگهیاندراوێكی وەزارەتی کارەبای ههرێمی كوردستان، دوای کارپێکردنی یەکەی دووەمی وێستگەی ٣٠٠ مێگاواتی ھەڵمی خەبات، بەرھەمھێنانی کارەبا لە کوردستان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بەجۆرێک ئێستا نزیکەی ٣٥٠٠ مێگاوات کارەبا بهرههمدههێنێت و لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئێستا دەتوانن ٢١ کاتژمێر کارەبا بدەینە ھاووڵاتییان.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە وێستگەی ٣٠٠ مێگاواتی ھەڵمی خەبات بەتەواوی تواناوە خراوەتەگەڕ و کارەبا بەرھەمدەھێنێت، ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە بەکارپێکردنی ئەم وێستگەیە ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٣٤٠٠ بۆ ٣٥٠٠ مێگاوات، بەو جۆرەش پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ ٢١ کاتژمێر بەرزبووەتەوە.
رۆژی ١٤ی تەممووز ٢٠٢٠، لە رێورەسێکدا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی وێستگەی ٣٠٠ مێگاواتی ھەڵمی خەباتی کردەوە و، لە قۆناغی یەکەمدا بە توانای بەرھەمھێنانی ١٥٠ مێگاوات کارەبا دەستیپێکردبوو.
لە رێورەسمەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە، ئەم پرۆژەیە کە لە کابینەی پێشوودا دەست بەدروستکردنی کراوە، لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی دەکەوێتە کار. کەوتنەگەڕی ھەردوو یەکەی ئەم وێستگەیە کارەبای ھەرێمی کوردستان بەرێژەی سەدا ١٠ زیاد دەکات.
پڕۆژەی ٣٠٠ مێگاواتیی ھەڵمیی خەبات دەتوانێت کارەبای ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی سەدا ١٠ زیاد بکات و، پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ھۆسکۆی کۆریای باشوور دروستکراوە و زیاتر لە ٥٦٤ ملیۆن دۆلاری تێچووە.