Dilşad Seyfeddin Ahmed
03 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2016
ئەمڕۆ رابەری ئاینی زەردەشتیانی كورد لە وڵاتی سویدەوە بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لەرێوڕەسمێكدا لەلایەن بەرپرسانی حكوومی وئایینى لە فرۆكەخانەی سلێمانی پێشوازیكرا و دوای گەیشتنی بە رێكخراوی یەسنا ( رێكخراوێكی تایبەتی زەردەشتییەكانە لە سلێمانی) رابەری ئايینی زەردەشتیانی كورد ئەنداز حەوێزی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئامانجی سەردانەكەیی و چەند بابەتێكی تری تایبەت بە زەردەشتییەكانی خستەڕوو.
ئەو خۆشحاڵی خۆی نیشاندا دوای 30 ساڵ مانەوە و ژیانی لە ئەورووپا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، ئاماژەی بە رێكخراوی یەسناش كرد و بە هەنگاوێكی گرنگ و بەسوود بۆ داهاتوی وەسف كرد.
حەوێزی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا گوتی: " گەوهەری هەموو دینەكان باس لە چاكە دەكات و هەموو دینەكانیش لە گەوهەردا كە چاكەیە هاوبەشن، ئاینی زەردەشتیش شەریعەت نییە و شتێك نییە نوسرابێتەوە بەڵكو جیهانبینییە و ئەركی ئێمە دروستكردنی بەهەشتێكە لەسەر زەوی ".
لە ئێستادا زەردەشتییەكانی هەرێمی كوردستان بونەتە دوو بەرەو بەشێك لە زەردەشتییەكانی تر كە لە سلێمانی كار و چالاكی دەكەن، ئەنداز حەوێزی بە گەورەی خۆیان نازانن.
ئەو لەو بارەیەوە ئاماژەی كرد" بەوەی هەوڵ دەدات لە ماوەی مانەوەی لەهەرێمی كوردستان كە سەردان و دیداری جیاواز سازدەكات ئەو كێشەیەش چارەسەر بكات".
رابەری ئاینی زەردەشتیانی كورد ئەوەشی گوت" لە دوای مۆڵەتی كاركردن بە زەردەشتییەكان وەك ئاینێك لە ئەورووپا لە ساڵی 2011 ، لە ئێستادا ژمارەی شوێنكەوتوانیان لە ئەوروپا گەیشتووەتە ١٠ هەزار كەس و هەروەها ئەوەی رەتكردەوە لەلایەن ئایينەكانی ترەوە رێگری و پاڵەپەستۆ بۆ سەر ئاینەكەیان و شوێنكەوتوانییان لە هەرێم هەبێت و هەستمان بەهیچ جۆرە پاڵەپەستۆ و رێگرییەك نەكردووە".
لەلای خۆیانەوە ئەندامێكی پەلەمانی كوردستان فەرهاد سەنگاوی و نوێنەری ئایينەكانی تر لە شیعە و ئێزیدی و مەسیحی بەبۆنەی سەردانەكەی رابەری ئاینی زەردەشتیانی كورد بۆ هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی گرنگیان وەسف كرد بۆ یەكڕیزی و تەبایی نێوان ئاینەكان.
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان مەریوان نەقشبەندی گوتی: " تا ئێستا هیچ پەرستگایەكی زەردەشتییەكان لە هەرێمی كوردستان بەفەرمی نییە لە وەزارەتی ئەوقاف تۆمار نەكراوە، كردنەوەی هەر شوێنێكی ئاینیش پێویستی بەرەزامەندی وەزارەت هەیە".