Azad Mohammed Abdullah
30 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2019
دهۆک - AA
لەقلەق یان حاجى لەقلەقیشى پێدەگوترێت بەوە ناسراوە کە لە شوێنى سەقامگیر و ئەمان دەمێنێتەوە و هێندە دڵ ناسکە تەنها یەک جار ئازاردانى بەسە بۆ ئەوەى بتۆرێت و چەندین ساڵ ناوچەکە جێبهێڵێت.
لەقلەق یەکێکە لەو باڵندانەى کە سیفاتى کۆمەڵایەتى هەیە و هاوشێوەى مرۆڤ لەگەڵ یەکترى دەژین، بەڵام تیرەکانیان لەگەڵ یەکتر تێکەڵ نابن، خێزان خێزان بە جیا پێکەوە دەژین، هەر خێزانێک هێلانەى خۆى هەیە، شوێنى سەقامگیر و دوور لە جەنگ و جەنجالى هەڵدەبژێرن بۆ ژیان، مانەوە و زۆربوون. خواردنى سەرەکییان لە چەم و زۆنگاوى ناوچە کشتوکاڵییەکان دەست دەکەوێت، بەبێ ئەوەى زیان بە بەربوومى جووتیاران بگەیەنن.
حاجى لەقلەق رەنگى سپى سەر باڵەکانى رەشن و دەنووکێکى سوور و دوو قاچى درێژى هەیە، بە دەنووکە درێژەکەى راوى مار، مشک، جرج و بۆق دەکات و دەیخوات و هەر ئەو خوارندنانەش لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ بێچووەکانیان دەهێنن. تەنانەت بێچووەکانیان رادەهێنن لەسەر هەڵفڕین و چۆنییەتى راوکردنى ئەم گیانەوەرانە.
هاووڵاتییانى گوندى دۆستەک لە سنوورى قەزاى بەردەڕەش ئاشنان بە مێژوو و سروشتى لەقلەقەکان، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ئازاریان نادەن و و هێلانەکانیان ناشێوێنن.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى حاجى لەقلەق ئەوەیە لە شوێنە بەرزەکان ژیان دەکەن و هەر بە کۆمەڵیش کۆچ دەکەن و بە کۆمەڵیش لە کۆچەکەیان دەگەڕێنەوە.
تەمەنى حاجى لەقلەق بە شێوەیەکى گشتى لە ٣٠ بۆ ٤٥ ساڵ دەبێت، ساڵانە سێ بۆ شەش هێڵکە دەکات و دواى سی رۆژ کڕکەوتن چەند بێچووێک لەقلەق لە هێڵکەدا دەردەهێن و باوانى ئەم بێچووانە چۆن خۆیان بە خواردنى مار، مشک، جرج و بۆق دەژین، بەهەمان شیوە هەمان خواردن بۆ بێچووەکانى دەهێنن.
ئەوەى سەرنج راکێشە ئەوەیە کە ژمارەى ماڵەکانى گوندى دۆستەک و هێڵانەى حاجى لەقلەقەکانى گوندى دۆستەک جیاوازییەکى ئەوتۆیان نییە.
خورشید ئەحمەد دانیشتووى گوندى دۆستەکە و ئاشنایەتییەکى دوور و درێژى لەگەڵ لەقلەقەکانى گوندەکەى هەیە و لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "گوندى دۆستەک لە ساڵى ١٩٧٤ ئاوەدانکرا، هەر لەو کاتەوە جووتێک لەقلەق لە یەکێک لە ستوونى گوندەکەمان و هێلانەیەک دروست دەکەن و هەر لەوکاتەوە هیچ کەس لەقلەقى ئازار نەداوە و ساڵ دواى ساڵ وەچە و نەوەکانى ژمارەیان زیاتر بوو".
گوتیشى: "لەقلەقەکانى سنوورى گوندى دۆستەک کە ژمارەیان ١٤٠ جووت دەبێت، هەموو وەچە و نەوەى ئەو جووت حاجی لەقلەقەن کە بەرلە ٤٥ ساڵ لە گوندەکەمان جێگیربووە، گونجاوى کەشوهەواى ناوچەکەمان و تێگەیشتوویی و ئاژەڵدۆستى هاووڵاتییانى گوندى دۆستەک و دەورووبەرى وایکردووە لەقلەکان سنوورى گوندەکەمان بکەنە مۆڵگەیەکى هەمیشەیی".
ئەو هاووڵاتییە دەڵێت "وەرزى جووتبوونى لقلەقەکان لە کۆتایی وەرزى بەهار دەستپێدەکات، لەم وەرزەیاندا لەقلەقەکان کۆدەبنەوە و بە ئاسمانى ناوچەکەماندا دەسوڕێنەوە، دواى هێڵکە کردن و کڕکەوتن بۆ ماوەى ٣٠ رۆژ هەر خێزانێک دەبێتە خاوەنى چەند بێچووێک، پاش پێگەیشتن و پەروەردەکردنى بێچووەکانیان، لەقلەقەکانى سنوورەکەمان لە کۆتایی مانگى ئابى هەموو ساڵێک کۆچ دەکەن و بۆ ماوەى شەش مانگ هەرێمى کوردستان جێدەهێڵن، بەڵام لەبەر ئەوەى کەشوهەواى گوندى دۆستەک گونجاوترین کەشوهەوایە بۆیان، لەقلەقەکانى سنوورەکەمان پێش هەموو سنوورەکانى دیکە لە گەشتەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ دۆستەک".