ژيان, عێراق

"داوكارم ئێسكوپروسکى هاوسه‌ره‌كه‌م ‌بده‌نه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی بمرم"

شه‌مێ دێرۆ حه‌سه‌ن ژنێكى ئێزدى ته‌مه‌ن ٧٠ ساڵ ‌له‌ كه‌مپى چه‌م مشكۆى: "٣٣ کەس لە ئەندامانی خێزانەکەمان کەوتنە دەستی داعش".

Rawan Subhi Obaidullah  | 18.08.2022 - نوێکردنەوە : 25.09.2022
"داوكارم ئێسكوپروسکى هاوسه‌ره‌كه‌م ‌بده‌نه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی بمرم"

Arbil

دھۆک - AA

شەمێ دێرۆ حەسەن ژنێکی ئێزدی تەمەن ٧٠ ساڵە ‌لە کەمپی چەم مشکۆی لە سنووری ئێدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆلۆ باس لەوە دەکات کە ‌لە ‌کاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال لە سێی ئابی ٢٠١٤دا، زیاتر لە ٣٣ کەس لە ‌ئەندامی خێزانەکەی کەوتنە دەست داعش و دەڵێت "حەوت کەس لە ئەندامی خێزانەکەم لەلایەن داعشەوە گوللەباران کران".

ھەشت ساڵ بەسەر ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال دەرباز دەبێت، لەو ٣٣ کەسەی خێزانی شەمێ دێرۆ حەسەن ١٣ کەسیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژران کە حەوت ئەندامی لەبەرچاوی خۆی کوژراون، ١٠ کەس لە خێزانەکەی بێ سەروشوێنن و ١٠ کچ و بووکەکانی لە دەست داعش رزگاربوون، شەمێ دێرۆ حەسەن باس لەڕەفتارێکی دڕاندانەی داعش دەکات کە بەسەر کچەکەیان ھێناوە و گوتی: "لە کاتی داگیرکردنی شنگال، داعش ٥٠ کچی کۆکردەوە، چەکدارێکی داعش گوتی 'کامەتان ناوی جیلانە'، کچێکیان گوتی ئەمە جیلانە، بەجیلانی گوت 'بڕۆ خۆت بشۆ بۆ ئامرەکەمان دەتبەین'، جیلان نەیویست شەرەفی خۆی پێشکەش بە ‌داعش بکات لە حەمام شادەماری دەستەکانی بڕی تا ھەموو خوێن لە جەستەیدا نەما و گیانی لە دەست دا، چەکدارەکەی داعش زۆر چاوەڕوانی کرد جیلان لە حەمام دەرنەچوو کە پرسیاری کرد کەس نەدەوێرا بڵێت خۆی کوشتووە، دواتر بینییان لە ‌حەمام خۆی کۆشتووە و خستیانە ناو بەتانیێک و فڕێیاندا بەر سەگ".

بەشێکی زۆری ئەوانەی کەوتنە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، تووشی دەستدرێژی سێکسی، برسێتی، ئەشکەنجەدان و کڕین و فرۆشتن بوونەوە، بۆیە بەشێکی زۆریان لەڕووی دەروونییەوە تێکچوون، خۆشکەکەی جیلان کە دیمەنی کوشتنی خۆشکەکەی خۆی بینی، شێت بوو، دواتر داعش بردیانە سووریا و بەپێی قسەی شەمێ دێرۆ حەسەن لەوێش کچەکەی بەرگەی دیمەنی ئازاری خۆشکەکەی خۆی نەگرت و بە کارەبا خۆی کوشت، چونکە چەکدارێکی داعش دەیویست دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر و ئەویش قبوڵی نەکرد.

شەمێ دێرۆ حەسەن باس لە ‌رزگارکردنی ١٠ کچ و بووکەکانی لەدەست داعش دەکات و دەڵێت "ئێمە زۆر ماندووبووین تا نوانیمان ئەو کەسانە بدۆزینەوە ‌کە ‌دەتوانێت بە ‌پارە ئەندامانی خێزانەکەم رزگار بکات، خۆم چوومە سووریا بۆ رزگارکردنی ئەندامانی خێزانەکەم، ھەروەھا دوو لە ئەندامی خێزانەکەم لە پارێزگای نەینەوا بوون، ئەویشمان رزگارکردن".

لە کۆی زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزدی کە لە چواری ئابی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە رفێندراون، تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار و ٧٠٠ رفێندراو بێسەروشوێنن، لە کۆی ٨٢ گۆڕی بەکۆمەڵیش تەنها ٢٦ یان ھەڵدراونەتەوە.

لەئێستادا ئەوەی بۆ شەمێ دێرۆ حەسەن ماوەتەوە تەنها چاوەڕوانییە کە دوای دۆزینەوەی گۆرە بەکۆمەڵەکان ئێسکوپروسکی ھاوسەرەکەی و منداڵەکانی کە ئێستا لە بەغدان بۆی بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی دڵی بحەسێتەوە. شەمێ دێرۆ حەسەن گوتی: "سێ ساڵ بوو بەردەوام من دەچوومە سەر گۆرەبەکۆمەڵەکان کە ئێسکوپروسکی ھاوسەرەکەم و منداڵەکانمی تێدایە، دەمویست ئەو ئێسکوپروسکانە بنێژم، بەڵام نەیانھێشت و ئێستا ئەو ئیسکانە ‌بڕدیانە بەغدا، داواکارم ھەرچی زووە ئەو ئێسکوپروسکانە ‌رادەستی من بکەن پێش ئەوەی بمرم بۆ ئەوەی بیاننێژم و دڵم بحەسێتەوە و رۆژانی جەژن بچمە سەر گۆڕەکانیان".

رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش رفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın